ڕێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران داوای كرد كه‌ شانۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران بایكۆت بكرێ

0
597

ڕێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ به‌شداری نه‌كردن له‌شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1394ی ئێران بانگه‌وازێكی ڕوو به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ ، ده‌قی ئه‌و بانگه‌وازه‌ كه‌ نوسخه‌یه‌كی بۆ ڕۆژی كورد نێردراوه‌ ، به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

بانگه‌وازی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ به‌شداری نه‌كردن له‌شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1394 كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!
رۆژی شەممە ١٦ ی ژانویەی ٢٠١۶، بەرابەر لەگەڵ ٢٦ ی بەفرانباری ١٣٩٤، دەستپێکی ئیجرای بەرنامەی ئێقدامی هاوبەش یان ” بەرجام” بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا. لەم رۆژە بەولاوە سەرجەم گەمارۆکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامیەوە ڕادەگیرێن. ئیسلاح خوازانی حکومەتی، ئەندامانی کابینەی دەوڵەت، ڕاگەیەنەرە نێوخۆیی و درەکیەکانی پشتیوانیان هەوڵیاندا بە چۆکداهاتنی ڕژیم لە بەرانبەر ئیمپڕیالیستەکاندا وەک ” سەرکەوتنێکی مێژوویی” پیشان بدەن و بەم جۆرە بەر بە زیاتر ڕیسوا بوونی کۆماری ئیسلامی لەبەر چاوی خەڵک بگرن. ئەوان لە هەمانحاڵدا هەوڵیاندا تا بەڵکو لەم کوڵکە، لە ڕقابەتە نێوخۆییەکان لەوانە لە هەڵبژاردندا، کڵاوێک بۆخۆیان دروست بکەن. ڕەدی سەڵاحیەتی زۆربەی نامزەدەکانی سەربە تەیفی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە لایەن شوڕای نیگابانەوە زەربەیەک بوو لە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی لایەنگرانی دەوڵەتی رۆحانی.
حەسەن رۆحانی، لەم رۆژانەدا دیسان وەعدەی دا کە بە لاچونی تەحریمەکان، ئابووری ئێران گەشە دەکات و وڵات دەکەوێتە سەر مەسیرێک کە بەرەو بەهەشتی بەرین دەچێت. ئەو لە یەکەم کۆبونەوەی خەبەری خۆیدا رۆژی یەکشەممە ٢٧ ی مانگی بەفرانبار دوای ئیجرای بەرجام وەعدەی ڕەونەقی ئابووری ٥ لەسەدی لە ساڵی داهاتودا دا. حەسەن رۆحانی لەم رۆژەدا لە بەیانیەیەکدا وتی: ئەمرۆ سەردەمی تێپەڕین لە تەحریمەکانە بەرەو تەوسعە کە پێویستی بە کاری زیاتر لە لایەن هەموانەوە و بە تایبەت ” لاوانی عەزیز”، واتە کرێکارانی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوە نراوە. ئەو داوای لە بەناو کار ئافەرینان، واتە چەوسێنەرانی، نێوخۆیی و دەرەکی کرد بە خەیاڵی ئاسودە لە نێعمەتەکانی سەرچاوە گرتوو لە بەرجامەوە کەڵ وەربگرن و دەست بدەنە چەوساندنەوە و دزی و ڕانت خۆری.

بەڵام لایەنی بەرانبەر کە لە ئەسڵدا ئیبتیکاری عەمەلی تەسلیمی لە بەرانبەر ئامریکادا بە دەستەوە بوو، دەستی کرد بە کۆمەڵێک بیانو هێنانەوە تا ئیجازە نەدات ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ئیعتیدالیون خۆیان بە سەرکەوتوی ئەم مەیدانە نیشان بدەن. هەواڵنێری ئەمنیەتی فارس، کە نیگەرانی لەبەین چوون و یان لاواز بوونی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی سپایە لە بازاڕە ڕەسمی و ناڕەسمیەکانی دوای بەرجامدا، رۆژی ٢٧ ی بەفرانبار لە وتارێکدا کە بڵاوی کردەوە، بە ئیستناد بە ناوەرۆکی لاپەڕەیەک لە وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا وەبیری هێنایەوە، کە تەحریمەکان هەڵنەگیراون، بەڵکو ” هەڵپەسێراون”. نووسەری وتارەکە هەراو هوریای باڵی ڕەقیبی لەم مەیدانەدا بە دەغەڵکاری ناوبرد و ڕەخنەی لە رۆحانی گرت سەبارەت بەو وەعدانەی کە قابیلی دەستەبەر بوون نین و بردنە سەرەوەی چاوەڕوانی خەڵک.

ئێستا دوای تەسلیم بوونی هەستەیی، دەوڵەتی ئامریکا دەرێژە بە گوشارەکانی بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئژیسلامی ئەدات تا سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئامریکادا هاوئاهەنگ بکات. تەحریمی ئەم دواییەی ڕژیم لەبەر ئازمایش کردن و بەرنامەی موشەکی بالستیک، لە ناخی هەراوهوریای ئەم دواییەدا، لەم ڕاستایەدا بەڕێوەچوو.

سەرجەم ڕاگەیەنەرەکانی بۆرژوایی، خاوەنانی سەرمایە و سیاسەتمەدارانی بۆرژوا گوشارە ئابووریەکان و هەڕەشەی نیزامی رۆژئاوا و لە سەرویانەوە ئامریکا بە هۆکاری بەچۆکدا هاتنی کۆماری ئیسلامی دەزانن. بەڵام ئەوان ئەم ڕاستیە دەشارنەوە کە نەفرەت و بێزاری خەڵک لە ڕژیم و مەترسی ئاخێزی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لەم بارەیەوە دەورێکی ئەساسی تری گیڕاوە. خەڵک لە ڕژیم بێزارن و ئاواتە خوازی روخانین، لەبەر ئەمە لە رۆژی ئیجرای بەرجامدا بەتەواوەتی بێ تەفاوەت بوون. نیویورک تایمز رۆژی ٢٨ ی بەفرانبار نووسی کە ” رۆژی دەستپێکی بەرجام” بە ساردی لە لایەن خەڵکەوە وەرگیرا.

بە ملیۆن کرێکاری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، ئەو کرێکارانەی کە لە مەزراکاندا کاردەکەن، بەملیۆن کەسی بێکار لە موعەلیمان و پەرستاران یەکەم کەسانێک بوون کە زۆر ترین سەدەمەیان لە تەحریمەکان بینیوە و هەموو جۆرە داواکاری، ناڕەزایەتی و خەباتێکیان بە بیانوی تەحریمەکان سەرکوت کراوە. ئەوان کەسانێکن کە بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوەنراون و بەدەست چەوسانەوەی توند، دیکتاتۆڕی هار و موسیبەتی کۆمەڵایەتی زیاترەوە ئازاریان چێشتوە و ئازار دەبینن.

پێویستە کرێکاران، لە بەرانبەر کێشمەکێشی ئەو باڵانەدا، کە هەرکامەو بەردی بەشێک لە خاوەنانی دەسەلات و سەرمایە لە سینگ ئەکوتن، هەڵوێستی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. ئەوە روون و ئاشکرایە کە هەر دوو باڵەکەی ڕژیم لە وتووێژی هەستەییدا دۆڕاو بوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە هەراو هوریای سادر کردنی ئینقلابی ئیسلامی و داگیر کردنی سفاڕەتی ئامریکا و شەڕی ئێران و عێڕاق و لە لایەکی دیکەوە بە هێرش لەدژی کڕێکاران، ژنانی ئازادی خواز، لاوان و خوێندکاران، خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و تورکەمەن سەحرا شۆڕشی خەڵکی ئێرانیان توشی شکست کرد. بەڵام ناکۆکیەکانی سیستمی حکومەتی و ئابووریەکەی، خۆڕاگری و خەباتی کرێکاران، ژنان و لاوانی ئەزمون دیتو لە ناخی شۆڕشی ٥٧ دا، شکشت لە شەڕ لەگەڵ عێڕاق، ناکام مانەوەی بەرنامە ئابووری، کۆمەڵایەت، فەرهەنگیەکانی لە نێوخۆ دا و بەرەو شکست چوونی هێژمونی خوازیەکەی لە ناوچەکەدا ئیجازەی ئەم کارەی نەدا تا خۆی لە داوی قەیرانە هەمە لایەنەکان ڕزگار بکات. بە ئیجرا دەرهاتنی بەرجام، کۆتایی شکستی هەوڵەکانی ڕژیم بۆ دەست ڕاگەیشتن بە وەزی ئەتۆمی تۆمار کرد و ئەمەش ئاڵقەیەکی گرنگە لە زنجیرە شکستەکانی ڕژیم.

لاواز تر بوونی ڕژیم لە پرۆسەی مزاکراتدا ڕاستیەکی حاشاگەڵنەگرە و مەترسی ئاخێز لە دژیشی بە هەمان ڕادە ڕاستەقینەیە. بەرز بوونەوەی ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکیش یەکێک لە فاکتۆڕە گرنگەکانە بۆ پەرەسەندنی خەبات و هەوڵدان لە ڕاستای هاوپشتی و ڕێکستنیاندا.

پێویستە هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەبیریان بێت کە قەولەکانی رۆحانی سەبارەت بە بێ ڕەونەقی ئابووری تەنانەت ئەگەر بە زاڵ بوون بەسەر کۆسپە ساختاریە حکومەتی و ئابووریەکانی ڕژیمدا تا ڕادەیەکیش بێتەدی، ئەم ڕەونەقە لە خزمەت سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و لە ڕاستای سەقامگیری ڕژیمدا تەرح ڕێژی کراوە. ئەگەرچی ڕەوتەکان باس لە ناکامی دەوڵەتی رۆحانی لە هێنانەدی بەڵێنەکانی دەکەن، بەڵام هەموو جۆرە هەوڵێک لەم ڕێگایەدا لە ڕاستای بێ ماف تر کردنی کرێکاران و داسەپاندنی هەژاری زیاتر بەسەریاندا ئەنجام دەگرێت. بەڵام کرێکاران لە ڕێگای خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و دروست کردنی بزوتنەوەیەکی متالباتی لەدەوری کۆمەڵێک دروشمی وەک ” زیاد کرانی حەقدەست”، ” کار یان بێمەی بێکاری کافی”، ” ئەمنەیتی پیشەيی و بە دایمی کردنی سەرجەم قەراردادە کاریەکان” و شتی لەم بابەتانە دەتوانن داواکاریە سیاسی و سینفیەکانیان بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن و بە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان لەسەر ناوەرۆکی ئەم خەباتە، بوار بۆ روخاندنی کولیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.