ڕێبەریی حدکا: شەڕ لە کوردستان پەرە دەستێنێت/وتووێژ لەگەڵ محەممەد ساحبی

0
900

ڕۆژی کورد: پاش تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی رابردوو، چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە نێوان هیزەکانی حیزبی دێموکرات و سوپای داگیرکەری پاسداراندا لە شاری شنۆ، هەواڵدەرییەکانی ڕەژیمی ئیسلامیی ئێران لە چەندین ڕاپۆرتی دژبە یەکدا شەپۆلێکی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستانیان وەڕێ خستووە.

سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشە و پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکانی ڕەژیمی ئێران لەمەڕ کوژرانی پێشمەرگەکانیان بەدەستی چەکدارانی سوپای پاسداران، ئەو جۆرە هەواڵ و بانگەشانە بۆ ورەی تێکشکاوی هێزەکانیان دەگەریننەوە.

“کوردپرێس” هەواڵدەریی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕەژیمی ئیسلامی، لە هەواڵێکی دژبە یەک لەگەڵ ماڵپەڕەکانی دیکەی سوپا و ئیتلاعات، باسی لە کوژرانی ٩ پێشمەرگەی تیمێکی ١٢ کەسیی سەربە حیزبی دێمۆکرات کردووە.

هاوکات بڕیارگەی “هەمزەی سەیدووشوهەدا” لە بەیاننامەیەکدا، هەواڵی کوژرانی ١١ پێشمەرگەی لە ئەنجامی شەڕەکانی ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو کردۆتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبی دێمۆکرات پیشمەرگەکانیان هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زیانیان پێ نەگەیشتووە.

بەپێی ئەو زانیارییە جێی متمانانەی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکدارانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزەکانی پیشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتدا، سەرجەم ١١ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.

لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا و بەپێی ئەو زانیاری و ێنانەی بە ڕۆژی کورد گەیشتوون، ٤ دەزگا تەراکتۆری دانیشتوانی گوندی قەرەقسڵ و زیاتر لە ١٠ خانووی هاووڵاتییانی کورد لەو گوندە زیانیان بەر کەوتووە یان بەتەواوەتی لە ناوچوون.

دەگوترێ یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە لەلایەن چەکدارانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوەو هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە، ناوی ئەو کەسە بۆ ڕۆژی کورد ئاشکرا نیە و سەرچاوەکانیش ئەو هەواڵە پشتڕاست ناکەنەوە.

محەممەد ساحبی
محەممەد ساحبی

محەمەد ساحێبی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژی کورد، ڕایگەیاند: بە پێی بریاری حیزب کە لە بەهاری ئەمساڵدا لەلایەن سکرتێری گشتی حیزب لە پەیامی نەورۆزی دا بۆ ڕای گشتی، ڕاگەییەندرا کە هێزی پیشمەرگە دەبێ حزوری چڕو پڕ و چالاکی  لەناو خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات دا بە مەبەستی ئەنجام دانی کاری سیاسی و تەشکیلاتی هەبێت هەر لەو سۆنگەوە بۆ ئەو مەبەستە بیێگومان پەرە بە چالاکیەکانمان دەدەین.

ئەو ئەندامەی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکرات سەبارەت بە ئەگەری بەرین بوونەوەی تێکهەڵچوونەکان گوتیشی: ئەگەر بۆ پێشگرتن لە کار و چالاکییەکانمان هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، بێگومان هیزی پێشمەرگەی کوردستان بەرگری ڕەوا دەکات و لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا هیچ دوور نییە شەڕ پەرە بستێنێ.

 ساحێبی ڕوونیشی کردەوە: “کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەم جار نییە کە بەو شێوەیە لە کوردستان وێرانکاری دەکات و لەوە ناچێت دوا جاریشی بێت، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە وێرانکاری خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکات کە هەوڵی پشتیوانی کردن بۆ چڕتر کردنی خەبات نەدەن بەڵام بە دڵنیایەوە خەڵکی کوردستان بەو شێوە کردەوانەی کۆماری ئیسلامی چاوترسێن نەبووە و نابێت”.

ئەو ئەندامەی ڕێبەریی حیزبی دیمۆکرات لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی باس نیوز ڕوو لە سەرجەم رێکخراو و حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بۆ بەگژداچوونەوەی ڕەژیمی ئیسلامی و سەرکەوتنی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یارمەتیی حیزبی دیمۆکرات بدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت