ڕۆژی کورد پیلانێکی جاش و خۆفرۆشەکانی ڕژیم لە نەغەدە ئاشکرا دەکات

0
4113

ڕۆژی کورد: بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، چەند جاش و خۆفرۆشێکی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسداران و ئیتلاعات و بەسیج لە گوندەکانی حەڵب و کویکان ـی سەر بە شاری نەغەدە لە پارێزگای ئورمیەی کوردستانی خۆرهەڵات، بە پیلانی ڕژیم و لە ڕێگای کەڵکاژۆوەرگرتن لە خزمایەتی و هەروەها بەکارهێنان و هەڵخەڵەتاندنی منداڵان، کامێرای چاوەدێریی شاراوەیان لە حەوش، شوێنی خۆشۆردن و ئاودەستی ماڵەکانی ئەو ئاواییانە دابەستووە و لەم ڕێگایەوە ڤیدیۆ و وێنەی کچان و ژنانی ئەو ئاواییەیان بە مەبەستی کەڵکاژۆی سێکسی و دەستەمۆکردنیان، تۆمار کردووە.

ئێقباڵ شادی
ئێقباڵ شادی

ئێقباڵ شادی، چالاکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان کە بەدواداچوونی وردی بۆ ئەو پرسە کردووە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە و خستنەڕووی چەند بەڵگەیەکی قایم و پشت ئەستوور کە بە هەندێ هۆکاری تایبەت لای خۆی و ڕۆژی کورد پارێزراون، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “ئەو جاش و مۆرانەی ڕژیم دوای ئەوەی کە وێنە و ڤیدیۆکانیان تۆمار کردووە، لە ڕێگای تەلەفوون و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پەیوەندییان بەو کچ و ژنانەوە گرتووە و داوای خۆشەویستی و خۆبەدەستەوەدانیان لێ کردوون و هەڕەشەشیان کردووە کە لە ئەگەری گوێڕایەڵ نەبوون و خۆبەدەستەوەدان، وێنە و ڤیدیۆ ڕووتەکانیان بڵاو دەکرێتەوە”.

ئیقباڵ شادی لە درێژەدا گوتی: “ئەو کردەوە نامرۆڤانەی جاش و گۆپاڵ بە دەستانی ئیتلاعات و سپا و بەسیج، دژکردەوەی بوێرانەی ئافرەتانی ئەو گوندانەی لێکەوتۆتەوە و لە جیاتی خۆبەدەستەوەدان بە نیازە پیسەکانی ئەو کەسانە، بەدواداچوونی یاساییان بۆ کردووە و لە ناوەندی پێوەندیدار و دادوەری، سکاڵایان تۆمار کردووە.

لەمەڕ ئەنجامی بەدواداچوونی ئەو ئافرەتانە و بنەماڵەکانیان لە بنکە پێوەندیدارەکانەوە، ئێقباڵ شادی گوتی: “بنکە پێوەندیدارەکان لە جیاتی وڵامدانەوە، بەداخەوە هەڕەشەیان لەو کچ و ژنانە کردووە و گوتوویانە لە ئەگەری بێدەنگ نەبوونتان، خۆتان لە هەمبەر پاشکەوتە و لێکەوتەکان بەرپرسیارن وتەنانەت یەک دوو کەسی ئەو گوندانە کردووە کە ئەگەر زیاتر بەدواداچوون بکەن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە درێژەدا هەروەها گوتیشی: “ژنان و کچانی بەشەڕەفی ئەو گوندانە تا ئێستا گوێیان بۆ هەڕەشە و گوڕەشەکانی بنکەکانی دەوڵەت و جاشەکان شل نەکردووە و هەروا شێلگری بەدوای داواکارییەکانیانن و پێداگرن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ خەڵکی شارەکانی نەغەدە و شارەکانی تری کوردستان پشتیوانیان بن و بە تەنیایان نەهێڵینەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت