ڕژیم داوا لە مامۆستایانی ئایینی کوردی ئورمیە دەکا بە دژی خەباتی کورد بدوێن

0
990

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕژیم لە باژێڕی ئورمیە، مامۆستایانی ئایینیی کوردی ئۆرمیە و ناوچەکانی دەورووبەریان کۆکردۆتەوە و لەسەریان فەڕز کردوون لە خوتبەی ڕۆژی هەینیدا و لە وتاردان و کۆبوونەوەکاندا بە دژی خەباتی گەلی کورد لێدوان بدەن و خەڵک لە برەو سەندنی خەبات بترسێنن.

هەر وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتبوو، “ناوەندی ئیسلامیی گەورەی ڕۆژئاوای ئێران” لە نامەیەکدا کە بە فەرمانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ڕژیم نووسراوە، پێش نوێژی مزگەوتەکانی دوو باژێڕی سنە و سەقزی ناچار کردووە کە لە هەر مانگدا لانیکەم دەبێ  یەک جار لە  وتاری نوێژی هەینیدا بە دژی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، وتار بدەن.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێڕی سنە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە لە نامەیەکەدا کە بەدەست پێش نوێژەکانی دوو باژێڕی سنە و سەقز گەیشتووە، فەرمانیان پێدراوە کە دەبێ بە شێوازێکی دیاریکراو و ناڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکرات و ڕەخنەیان لێبگرن.

لەو نامەیەدا دوو حیزبی نەتەوەیی دێموکرات و کۆمەڵە بە ناوی «احزاب ضاله» واتا حیزبە ڕێگا لێ بزربوویەکان، ناو براون.

ئەو نامەیە لەلایەن مەلا سەید محەممەد حوسێنی شاهروودی، نوێنەری وەلی فەقێ لە  پارێزگای سنەوە واژۆ کراوە کە هاوکات سەرۆکی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای ئێران ـە. لەو نامەیەدا پێداگری کراوە کە “پێش نوێژ و وتارخوێنەکان دەتوانن دەورێکی بنەڕەتییان لە فەرهەنگ سازی بە دژی دوو حیزبی مونحەلەی کۆمەڵە و دێموکرات هەبێ و هەر بۆیە پێویستە بۆ شاد کردنی ڕوحی ئیمامی زەمان، لانیکەم هەر مانگەی جارێک لە وتاری هەینیدا لەو بارەوە وتار بدەن”.

کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنە سەرکارییەوە، دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکراتی بە مونحەلە واتا هەڵوەشاوە لە قەڵەم داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی سیاسەتەکانی خۆی ئەو قسەی خۆی بەرپەرچ دەداتەوە و لە ئێستاشدا داوا لە مەلا و پێش نێوەژەکان دەکا وتار بە دژی دوو حیزب بدەن کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەماون و هەڵوەشاونەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت