ڕژیمی ئێران لە هەوڵی شناسایی کردنی خاوەن کاناڵەکانی تلێگرامە

0
758

بە گوێرەی لێدوانی خودی سەرچاوەکانی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆنترۆڵ کردنیان بەتایبەتی دوای پەرەئەستاندنی تلێگرام لە ئێران، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەوڵتی حەسەن ڕوحانی ـیە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە بە دەستووری عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، شۆڕای باڵای دونیای مەجازی دامەزراوە و تا ئێستاش کەسانێکی زۆر بە تاوانگەلی ئینتێرنێتی دەستبەسەر و زیندانی کراون.

ڕۆژی کورد: مەحموود واعزی، وەزیری پەیوەندی و تەکنەلۆژی، هەواڵی خرانە بەر باسی خرانە بەر باسی پێشنیاری “ناساندن و ناسێندرانی ئەو کەسانەی کە خاوەن کاناڵی بە ڕێژەی زۆری ئەندام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن” لە کۆبوونەوەی شۆڕا باڵای ژینگەی مەجازی ـدا، بڵاو کردەوە و گوتیشی دەبێ لەمەبەدوا ئەو کەسانە، خۆیان بناسێنن و لە شوێنێکی یاسایی دیاریکراو، مۆڵەتی چالاکی وەرگرن.

وەک واعزی دەڵێ، مەبەست لە کاناڵ بە ڕێژەی زۆری ئەندام، ئەو کاناڵانەن کە ٥ هەزار ئەندامیان هەبێ، هەرچەند ئەو ڕێژەیە جارێ پێشنیار کراوە و پەسند نەکراوە.

ماوەی بەر لە ئێستاش باس لەوە دەکرا کە دەبێ چالاکانی دونیای مەجازی، خۆیان بە دەوڵەت بناسێنن.

مەحموود واعزی وەک هەمیشە ئەو هەوڵەی ڕژیمی گەڕاندۆتەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و پێگەیشتنی هەواڵی دروست و جێگای متمانە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئێران خۆی سەرچاوەی فیلتێرینگی ڕاستییەکانە و کەسانێکیش کە تا ئێستا دەستبەسەر کراون بە هۆی هەواڵ و هەوڵی سیاسی بووە نەک هەواڵی ناڕاست و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت