ڕژیمی ئێران لە ناوچە ئازەرییەکان بانگەشە بۆ رژاندنی خوێنی کورد دەکات

0
605

ڕۆژی کورد: ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەری، بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دووبەرەکی لەنێوان هاووڵاتیانی کورد و ئازەریدا درووست دەکات.

کەناڵی تەلەفزیۆنیی “ئۆغۆز تی‌ڤی”، سەربە مافیای سوپای پاسداران هەواڵی بڵاو کرانەوەی دەیان هەزار تراکتی دژ بە نەتەوەی کورد و حیزبە کوردییەکان بڵاو کردۆتەوەو هەستی هاووڵاتییانی ئازەریی بۆ شەڕ لەگەڵ کوردەکان هەڵخڕاندووە.

بەپێی ئەو تراکتانەی کە لە کەناڵی ئۆغۆز تی‌ڤی‌دا بڵاو بوونەتەوە، کوردەکان بە تیرۆزریزمی نێونەتەوەیی لە قەڵەم دراون و ئەنجامدەرانی ئەو دووبەرەکی نانەوەیەش لەلایەن ئەو کەناڵەی سەربە سوپای پاسدارانەوە بە چالاکانی مەدەنیی ئازەری لەقەڵەم دراون.

ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە کە لە ژێر ناوی کەناڵێکی ئازەریدا چالاکی دەکات، سەرجەم بەرنامەکانی بۆ پەرەپێدان بە هەستی پان ئێرانیزم و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەی باڵادەست و چەوسێنەر تەرخان کراوە.

ئۆغۆز تی‌ڤی ئاشکرای کردووە کە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕدا ٤٠ هەزار تراکتی دژە کورد لە ناوچە ئازەری نشینەکانی پارێزگەی ورمێدا بڵاو کردبۆوە.

کەناڵی ئۆغۆز نووسیویەتی پاش ئەوەی کوردەکان لە شانۆی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستیان نەهێنایەوە  پەنایان بۆ هێندێک کاری ناشیانە بردووە کە لەلایەن چالاک و بزاوتی نەتەوەییەوە چاوەدێری دەکرێت.

ڕەزا ئەمینی نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد سەبارەت بەو پیلانەی سوپای پاسدارانی ڕژیم بە رۆژی کوردی ڕاگەیاند: ” سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی ڕژیم لە ڕاستای تواندنەوەی فەرهەنگی نەتەوەکان لە فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست دایە و لە داهاتووشدا ئەم سیاسەتە لە کوردستان شەڕێکی خوێناوی بەدوای خۆیدا دینێت.

هەروەها کاوە جەوانمەرد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک لەمەڕ ئەو تەبلیغاتە بەرفراوانە، نووسیویەتی: “ئەمە تەنیا ئاگادار کردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەریە، شەڕێک کە پێشتر خومەینی فەرمانو فتوای جیهادەکەی دەرکردبوو”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.