ڕژیمی ئێران لە تەرمی شۆفیری شەهیدبوو لە ڕێگای یارمەتیدان بە کرماشانیش دەترسێ

0
764

کۆماری ئیسلامی و دەزگا ئاسایشیەکانی کە بەردەوام لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کوردستان ترساون، ئێستا لە کۆبونەوەی خەڵک بۆ پێشوازی کردن لە تەرمی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی، شۆفێری خەڵکی بۆکان کە لە ڕێگای گەیاندنی یارمەتی بۆ کرماشان گیانی لە دەست دا، کەوتۆتە دڵەڕاوکێ و بڵاوە بە جەماوەر دەکا.

ڕۆژی کورد: وەزارەتی ئیتلاعات و نوێنەری بۆکان لە ترسی خرۆشانی خەڵک هەوڵی ڕفاندنی تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفیان داوە.

بەپێی زانیاریی هەندێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە سنەوە، پاش پێشوازیی حەماسی و بێوێنەی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، ڕوانسەر و کامیاران لە تەرمی کاک ئەبووبەکر مەعرووفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە ئەمڕۆ لە کاتی بەهاناوەچوونی خەڵکی کرماشان لە جادەی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ گیانی لەدەست دا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران و قەسیم عوسمانی نوێنەری بۆکان لە ترسی خرۆشانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز و بۆکان کە لە پێشوازیی تەرمەکەی دان، لە شارۆچکەی مووژژی سەر بە کامیاران هەوڵی ڕفاندنی تەرمەکەیان داوە کە بەڕێگەیەکی دیکە و دا دوور لە چاوی خەڵک بیبەنەوە بۆکان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد خەڵکی ناوچەی مووژژ و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ تەرمی کاک ئەبووبەکرد بوون بەم کارەیان زانیوە و بەرەنگاریان بوونەوەتە.

هاوکات سەرچاوەیەکی جێگای متمانە لەناو بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر ئاشکرای کردووە، پاش ئەوە هەستی هاودڵی و حەماسەتەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە کردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە هێنانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییە نواندیان، دەزگا ئەمنییەکان لە ترسی خرۆشانی خەڵک و خۆپیشاندان لە شاری بۆکان کەتوونەتە جموجۆڵ و ڕایانگەیاند هەر ئێستا ئیدارەی ئیتلاعات داوا لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەبووبەکر کردووە بە دوور لە چاوی خەڵک تەرمەکەی بنێژن و قەرەباڵغی ساز نەکەن.

خەڵکی جوانڕۆ ئەمڕۆ بە وتنەوەی سرووری “کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە” و بە دانانی گوڵی سوور، پێشوازیان لە تەرمی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی کرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.