ڕووسیە داوای خودموختاری بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا دەکات

0
1033

ڕۆژی کورد: نوێنەری تایبەتیی ڕووسیە لە دانیشتنەکانی ئاشتیی سووریە کە لە ئاستانەی پێتەختی قەزاقستان بەڕێوە دەچێ، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی RBC باس لەوە دەکات کە ڕووسیە لەو دانیشتنانە، پشتگیریی خۆی لە خودموختار بوونی کوردستانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە.

ئەلێکساندڕی لاڤێرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ڕووسیە لە سووریە، ٢٤ی ژانیوەری ٢٠١٧ ڕایگەیاندووە کە نوێنەرایەتییەکەی ڕەش نووسێکی یاسای بنەڕەتی ئامادە کردووە تا پبخرێتە بەر دەستی هێزە چەکدارەکانی دژبەری ئەسەد.

لەو ڕەش نووسەدا باس لە هاتنە ئارای خودموختاری لە باکووری سووریە واتا کوردستانی ڕۆژئاوا و هەروەها هاوسانی لە مافی زمانیدا کراوە کە بەو پێیە زمانی کوردیش بە فەرمی دەناسرێت.

کوردەکانی ڕۆژئاوا دوای ئەوەی سیستەمی کانتۆنییان هەڵوەشاندەوە، لە ئێستادا سیستەمێکی فیدرالیان لە ژێر ناوی فیدرالیی باکووری سووریە، راگەیاندووە کە تا ئێستا هێچ وڵاتێکی جیهان، دانی پیدا نەناوە.

لەو ڕەش نووسەدا هەروەها پێشنیار کراوە وشەی عەرەب لەسەر سووریە بسڕدرێتەوە و تەنیا بە “کۆماری سووریە” بناسرێت.

یەکێکی تر لە پێشنیارەکانی ناو ئەو ڕەش نووسە، هاتنە ئارای خولێکی ٧ سالەی سەرۆک کۆماریە کە کەسی هەڵبژێردراو ناتوانی بۆ خولی دواتر بەربژێر ببێتەوە.

هەروەها پێشنیار کراوە کە وشەی “وەرگیراو لە شەریعەت” لە یاسای بنەڕەتیی سووریە، بسڕدرێتەوە.

تا ئێستا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و تورکیە لە هەمبەر ئەو پێشنیار و ڕەشنووسەی ڕووسیە، نادیارە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەمبارەوە نەخراوەتە ڕوو.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت