ڕاگەیەندراوی خوێندکارانی زانکۆی‌ پەیام‌نووری مەریوان، بۆ هاوخەمی لەگەڵ قوربانییانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان و ناوچەکە

0
695

خوێندکارانی پەیامی نووری مەریوان بۆ هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان و ناوچەکە، ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی کورد: دوای ڕووداونی عەردهەژێکی گوماناوی کە ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی ڕووی دا و سەرجەم کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێکی بەرچاو لە کوردستانی باشوور و چەند شوێنێکی لە کوردستانی ڕۆژئاوا و باکووریشی گرتەوە، زیاترین زیان و خەسار لە پارێزگای کرماشان و  ئیلام کەوت.

بەپێێ زانیارییەکان زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە پارێزگای کرماشان گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ٨ هەزار کەسیش بریندار بوون. خەڵک خۆیان تەرمەکان لە ژێر ڕماوەکاندا دەردێننەوە و ڕژیم هیچ چەشنە هاریکارییەکی نەکردووە و ڕێژەی بریندار و کوژراوەکانیش تا دێ زێدەتر دەبێ.

خوێندکارانی پەیامی نووری مەریوان، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد نێردراوە، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ قوربانیان و بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، لەم کاتەدا کە هاونیشتمانییانمان لە کرماشان و سەرپێڵ و قەسرشیرین و دیکە ناوچەکان، تووشی کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزە بوون و زۆرێک زەبری گیانی و ماڵی و ڕۆحییان دیتووە، خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین و بە ئەرکی خۆمان دەزانین لەم پەیوەندییەدا چی لە دەستمان دێت ئەنجامی بدەین و وەک چینی خوێندکاری کۆمەڵگاکەمان، هەڵوێستێکی گونجاومان هەبێت.

هەروەها کە هەمووان ئاگادارن، شەوی ۲۱ لەسەر ۲۲ی گەڵاڕێزان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەموو کوردستانی گرتەوە و لەرزەکەی لە چەندین وڵات هەستی پێکرا و بەداخەوە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، هەزاران کەس بوونە قوربانی. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاگەیەندراوە، ژمارەی گیانبەختبووان گەیشتووەتە ٥۰۰ کەس و دەیان هەزار کەسیش بریندار هەیە و ڕێژەکەیش لە بەرزبوونەوەدایە. بە داخێک و کەسەرێکی زۆروە، هەزاران هاونیشتمانیمان لە کرماشان تووشی قەیران بوونە و ماڵیان وێران بووە و پێویستیان بە یارمەتیی خێرایە.

لەم کاتە هەستیارەدا، ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، بە ئەرکی نەتەوەیی خۆمانی دەزانین بە مەبەستی یارمەتیی خەڵکەکەمان لە کرماشان و ناوچەکە، کەمپەینێک لە نێو زانکۆ ڕێکبخەین و یارمەتی کۆ بکەینەوە و بە زووترین کات هەناردەی لێقەوماوانی بکەین. بۆیە داوا لە خوێندکاران دەکەین بە هەر شێوازێک کە دەتوانن، ئەرکی خۆیان جێ‌بەجێ بکەن. هەر لەم پەیواندییەدا بە پێویستی دەزانین داهاتی فرۆشتنی فیلمەکەی چەند ڕۆژی داهاتوویش، بۆ ئەم کەمپەینە تەرخان بکەین.

سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ هەموو گیانبەختبووانی ئەم بوومەلەرزەیە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختبووان دەکەین و هیوادارین بریندارەکانیش بە زووترین کات تەندروستیی خۆیان بەدەست بێننەوە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.