ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی: ئێران سەرچاوەی کێشە و فیتنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

0
723
National security adviser H.R. McMaster listens during the daily press briefing at the White House, Monday, July 31, 2017, in Washington. (AP Photo/Evan Vucci)

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەڵێت لە هەر شوێنێک کێشە و فیتنە هەڵبگیرسێت و توندوتیژی ڕووبدات، ئەوا دەستێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدایە.

ڕۆژی کورد: هێربەرت ڕایمۆند مەکماستەر لە چاوپـێکەوتنێـکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕڕە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئێران ڕۆڵێکی زۆر خراپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێت و بە تایبەتی لە لوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن.

بەپێی هەواڵی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، مەکماستەر، هەروەها گوتوویەتی: نابێت چاوپـۆشی لە حزبوڵڵای لوبنانیش بکرێت کە ئێران کۆمەک و پاڵپشتی دەکات و بەرگری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکات لە کوشتنی خەڵکەکەی. باسیشی لە پشتیوانی ئێران بۆ حوسیـیەکانی یەمەن کرد و گوتی نەک تەنها جێی مەترسین بۆ یەمەن، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و بە تایبەتی عەرەبستانی سعودیـیە.

سەبارەت بە دەستێوەردانی ئێران لە عێراق، مەکماستەر گوتی دەبێت پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بکرێت کە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا کاردەکات، بەڵام نیگەرانی دەربڕی لە بەرامبەر دزەکردنی ئێران بۆ نێو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق و گوتی تاران گروپی میلیشیای لەو وڵاتە پـێکهێناوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا کاردەکەن، ئەمەش تاوەکو لە هەر هەلێکدا بۆیان بڕەخسێت کار بۆ بەرژەوەندیـیەکانی ئێران بکەن، لەوانە ئەو کاردانەوەی لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی کوردەکان هەیانبوو.

پاشان باسی لە ڕۆڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی لە پاش کۆچی دوایی سەرۆکی پـێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی، تاران ئەو دابەشبوونەی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی قۆستەوە. گوتی ئێرانیـیەکان کاریان بۆ بەرژەوەندیـیەکانی خۆیان کرد لەسەر حسابی سەقامگیری درێژدەم لە عێراقدا و لە میانەی ڕیفراندۆمەکە ڕۆڵێکی گرنگیان لە ناو هەرێمدا بینی و ئەو دابەشبوونانەی نێو هەرێمیان بۆ بەرژەوەندیـیەکانی خۆیان قۆستەوە.

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا پابەندە بە عێراقێـکی یەکگرتووی بەهێز و هەروەها پابەندە بە ناوچەیەکی کوردی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێـکی یەکگرتوودا. نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر بەردەوامبوونی توندوتیژیەکان و گوتی ڕەنگە ببنە مایەی لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانەی لە دژی داعش لەم مانگانەی دوایی بەدەستهاتوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.