ڕاسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات/وتووێژ لەگەڵ قەرەنی قادری

0
1007

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر لە ٢ دەیەیە کە دڵی لە لێدان کەوتووە و زیاتر خەباتی مەدەنی ئەویش بە نێوەچڵ و ناوەناوە کراوە، خەڵک لەمێژە پێشمەرگەی نەدیتووە و نەوەیەک لە دایک بووە کە لەوانەیە

 لەگەڵ زۆرێک لە ئارمانجەکانی حیزبەکان و تەنانەت هەستی نەتەوەییش نامۆ بێ (هەڵبەت ئەوە قسەی چینێک لە ڕووناکبیرانە)، لە هەمان کاتیشدا کورد پێدەچێ لە کۆن و لە ئێستاشدا هێزی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕووی سەربازییەوە نەبێ، بەڵام لەو سەردەمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان جەژنی ساڵی نوێی ٢٧١٦ی کوردی و ١٣٩٥ی هەتاوی گرت و ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش هەندێ پارچەکرداری لێکەوتەوە و لە زۆر شوێن خەڵک نەترسانە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و جەژنیان بە سروودی شۆڕشگێڕییەوە گرت، کەسانێکیش لە بەرانبەردا ئەوە تەنیا بە پڕۆپاگەندە دەزانن و کەسانێکیش لە حیزبەکانی کوردی، لایان وایە هێشتا بەستێنی خەبات ئامادە نەبووە. بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد چەند پریسارێکی ئاڕاستەی بەڕێز، قەرەنی قادری، ڕۆژنامەوان و چاوەدێری سیاسی، کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

قەرەنی قادری
قەرەنی قادری

ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

قادری: دۆخی سیاسی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، ئێران و ناوچەکە گونجاوە بۆ ئەوەی بیرێکی جددی لە خەباتی چەکداری بکرێتەوە. گەرچی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جموجۆڵی سیاسی و مەدەنی هەیە، بەڵام ئەو قورسایییەی نییە کە شەپۆل دروست بکات. بێشک ئەوەشیان بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەم: سەرکوتی لە ڕادەبەدەر، کە بنەمای بۆ سیستەمی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. دووهەمیان: بەئەمنیکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە نەتەنیا داخوازیی سیاسی و نەتەوەیی، بەڵکوو کۆمەڵایەتییەکانیش بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەلاتی خۆیان لێک دەدەنەوە. سێیەمیان: کەمتەرخەمی و گرینگی نەدانە بە خەباتی سیاسی و مەدەنی لە فۆڕم و شێوازی نوێدا، کە ئەمەش حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەگرێتەوە و دۆخەکەی لە ڕادەبەدەر قورس و ئاڵۆز کردووە، لەبەر ئەوە کۆدەنگی لەسەر خەباتی چەکداری مەرجێکی زۆر گرینگە.

ڕۆژی کورد: ئایا بەستێنەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات ئامادەن؟

قادری: بەڵێ، بەڵام بەر لە هەموو شتێک دەبێ ئەوە ڕوون ببێتەوە، کە ئامانج لە خەباتی چەکداری چییە، پەیوەندیی ئەوە هزر (خەباتی چەکداری) لەگەڵ خەبات و ململانێی ناو شارەکان چۆن دەبێت. پێویستە لەو بوارەشدا کۆدەنگی لە ناو حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بێت.

ڕۆژی کورد: بەکار هێنانی خەباتی مەدەنی و خەبات لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەی نەرم و لە چوارچیوەی پارلمان و هەندێک هێز وەک بەرەی یەکگرتوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

قادری: ئەو چەند کەسە “جبهە متحد کرد”، نە ژمارەن و نە هێز کە باسیان لێوە بکرێت تا ببنە نموونە. ئەو چەند کەسە بە گوێرەی تاکتیک و پێویستییەکانی کۆماری ئیسلامی “خەباتی مەدەنی” دەکەن. خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە و دەبێ پێوەر و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بشکێنێت و خۆسەپێن بێت و ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای پاشەکەشە کردن بە کۆماری ئیسلامی ڕۆ بنرێت. واتە ئەگەر خەباتکارانی مەدەنی یان ڕێکخراوە مەدەنییەکان بخوازن لە “هەڵبژاردن”ـەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار بن، پێویستە نوێنەری خۆیان هەبێت، جا گرینگ نییە ڕێگەیان پێ نەدرێت کە ببنە پاڵێوراو، گرینگ ئەوەیە کە خۆیان بڕیار لەسەر دەستنیشان کردنی نوێنەری خۆیان بدەن. لە خەباتی سیاسی و مەدەنیدا زۆر بێمانایە کە لە نێو پاڵێوراوانی حکوومەتیدا بەدوای کەسی “خۆشناو” یان ئەوەتا “ئازا”دا بگەڕێیت. ئەوە ڕێک بەو مانایەیە کە دەبێ لە چوارچێوەی خراپ و خراپترەکانی کۆماری ئیسلامیدا یەکێک هەڵبژێریت. ئەمە حیکایەتەکانی حزبی توودە، ئەکسەرییەت و کۆنگرەی چوار بەبیر دێنێتەوە.

ڕۆژی کورد: تا چەند ئەگەری ئەو ەهەیە خەباتی چەکداری جارێکی تر تووشی شکست ببێتەوە؟

قادری: پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تا چ ڕادەیەک خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن. ئاستی کۆدەنگی لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا چەندە، هەروەها تا چ ڕادەیەک گرینگی بە خەباتی ناو شارەکان دەدەن. لەوانەش گرینگتر، شێوازی ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوی حزبەکانە لە ناو شار و گوندەکاندا. ئەگەر هەر بە هزری سەردەمی شۆڕشی ئێران و دوای شۆڕشەکەوە بڕواننە خەباتی چەکداری و کەمترین دەوریش بە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن، بێشک خەباتەکەیان کەم تەمەن دەبێت. ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتادا ئەوە بوو کە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکان وەدەر بنێت، گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان و بەهێزکردنی کاری ڕێکخراوەیی و چێکردنی پەیوەندییەکی گورجوگۆڵ لەگەڵ هاووڵاتیان لە ناو شارەکاندا، ئاستی گرفتەکان گەلێک کەمتر دەکاتەوە. خەبات لە ناو شارەکان (خۆپیشاندان، مانگرتن، دەربڕینی ناڕەزایەتی، هەروەها دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی) و بوونی هزر و هێزی چەکداری و ئامادەبوونی، دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە چەقی خەبات لە ناو شارەکاندا بێت، چونکە خەبات لە ناو شاردا خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامییە.

ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان و ئەگەری پشتیوانیی جیهانی لەو خەباتە چەکدارییە نوێیە چۆن پێش بینی دەکەن؟

قادری: سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە “جووڵەی ئوختاپووسی”یەوە خەریکە و دەستی خستووەتە ناو کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بێشک هەستانەوە و سەرهەڵدانەوەی خەبات بە گوڕوتین و هزرێکی نوێوە، دەرگە بۆ پشتیوانیی دیپلۆماسی لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکاتەو.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە ناوخۆ چۆن وڵامی ئەو سەرهەڵدانەوەیە دەداتەوە؟ پێش بینیتان چیە؟

قادری: بەر لە هەموو شتێک، دەتوانیت چەشنە گەشانەوە و هەستێکی ڕۆحیی بەرز بە هاووڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەخشێت. یەکڕیزی و لانیکەمی کۆدەنگی لە ناو حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لەو پارچەیەی وڵات، هەروەها گەشانەوەی چالاکیی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەوانەوە دەتوانێت شادەماری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببزوێنت.

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردنەوەی خەباتیان ڕاگەیاندووە و لێرەدا بە ڕای ئێوە ئەرکی حیزبەکانی تر چیە؟

قادری: ژمارەی حزبەکانمان زۆرن، بەڵام بەپیێ ئەو زۆرییە، نە یەکگرتوون و نە کاری هاوبەش دەکەن.  بۆ بەهێزی و کارتێکەریی خەبات، هەروەها کرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەبات و پەیوەندییەکان، کۆدەنگی لەو بوارەدا بە ئەولەوییەتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینم، بەڵام داهێنەری و دەستپێشخەریی حزبێک یان دوو حزب دەتوانێت گۆڕانی چەشنی  بێنێتە دی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.