“چەند خاڵ دەربارەی ڕووداوەکانی تاران”

0
771
موختار هووشمەند

موختار هووشمەند، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمەڕ هێرشی دۆینێی تاران بۆ ناو مەجلیس و بۆ سەر گۆڕی خومەینی، وەها بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد دوا:

١/ئەوەی کە ئەم کردەوانە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە داعش لە شکست و داڕماندایە، جیگای پرسیارە! پرسیارەکەش ئەوەیە باشە بۆچی داعش پیشتر و لەوا کاتانەدا کە لەو پەڕی بەهێزیدا بوو و هێزەکانی تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنوورەکانی ئێرانەوە دوور بوون، ئەمکارەی نەکرد!؟

٢/چۆنە هێرشەکان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە دوو ڕۆژ پێشتر سعوودیەو چەند وڵاتێکی تری عەرەبی بەهۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و یارمەتیدانی گرووپە تیرۆریستییەکان، قەتەریان بایکۆت کرد!؟

٣/چۆنە ئەمجارەیان تیرۆریستەکان بەو ئاسانییە گەیشتنە تاران و بەوپەڕی خوێنساردییەوە ئامانجەکانی خۆیانیان دیاری کرد و بە ئاسانی دزەیان کردە ناویان!؟ مەگەر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی پێشتر بانگەشەی ئەوەیان نەدەکرد داعش ناوێری لە سنوورەکانی ئەوان نزیک بێتەوە و جاروباریش لەڕاگەیاندنەکانەوە هەواڵی پووچەڵکردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان و کوشتن و دەستگیرکردنی ئەندامانی داعشیان بڵاو دەکردەوە!؟

تا ئێرە شتەکە زیاتر لە پیلان و سینارێۆ دەچێت و زیاتریش گۆمانی ئەوە لە ئارادایە کەڕەنگە سوپای پاسداران و لایەنی تەندرەوتری ناو حکوومەت لە پێناو گەیشتن بە مەبەست و پلانەکانیاندا ئەمکارەیان کردبێ و ئامادە بووبن بۆ گەیشتن بە دەسکەوتی گەورەتر، پێچەوانەی ئیدیعاکانی خۆیانڕەفتار بکەن کە ئەمەش دەچێتە خانەی تۆقیەکردنەوە کە لە مەزهەبی تەشەیۆعدا باوە.

بەڵام ئەگەر وایدابنێن ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە پشت هێرشەکانی تارانەوەیە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرباری ئیدیعای درۆیینی سەرکردەکانی و ئەو هەموو هەزینەیەی لە دەرەوەی سنوورەکانی بۆ دژایەتی گرووپێکی وەکوو داعش کردوویەتی، لە نێوخۆدا دەسەلاتێکی لەرزۆکەو دەکرێ بە ئاسانی بەرژەوەندییەکانی بخەیتە مەترسییەوە. بە تایبەت کاتێک لە پایتەختی وڵاتدا و بەڕۆژیڕۆشن پارلەمان و مەزارگەی خومەینی وەک دوو شوێنی هەستیار دەکرێنە ئامانج و هێرشبەران نزیک بە ٦ کاتژمێر لە سەنتەری شاردا تەقە دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن “قیتال” دەکەن، ئیتر ئەمە ڕیسوایی و سەرشۆڕییەکی گەورەیە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و بۆ ئەو فەرماندەرانەی سوپا کە چەندڕۆژ جارێک باسی ئەوەیان دەکرد گوایە کاتی خۆی ئەوان نەیانهێشتووە هەولێر لە لایەن هێزەکانی داعشەوە، کۆنترۆل بکردرێ؟ بە باوەڕی من ئەگەر داعش بکەری ئەم کردەوانە بێ ئەوا دەبێ بڵێین کە لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بووە و تەنانەت ئەگەریش ئەو ٥٠/٦٠ کەسەش نەکوژرابانەیە و بریندار نەبوونایە، دیسان ئەم چالاکییە لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە هەڵگری پەیامی گرینگ دەبوو و هیچ لە بایەخەکەی کەم نەدەبۆوە.

هەرچەند ڕەنگە خەڵکانێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە کردەوە تیرۆریستییەکانی تاران دڵخۆش بووبن بەڵام زۆر کەسیش تەنانەت زۆر کەسی نەیاری کۆماری ئیسلامیش لانیکەم داکۆکیان لەو شێوازی چالاکییە نەکردووە بە تایبەت ئەوەی لایەنیکی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی، دەستی تیایاندا هەبووە. بەو حاڵەش دەبێ چاوەڕوان بین تاکوو لەڕۆژانی داهاتووداڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ئیتلاعات یان سوپای پاسدارن، بکەران و ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکانی تاران بە کورد و بەلووچ و…ناو ببەن و هەوڵ بدەن هەم لە ناوەوە و هەمیش لە دەرەوەی ئێران سیمای کورد یان فڵانە نەتەوەی تری پێ ناشیرین بکەن وڕەنگە یەکێک لە قازانجەکانی ئەم کردەوەیەش بۆ کۆماری سێدارە، هەر ئەمە بێ. بۆیە دەخوازێت هەر لە ئێستاوە ئامادە بین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی لەم چەشنەو بە هۆشیاری و هەستیارییەوە هەڵسووکەوتی لەگەڵدا بکەین.شایانی ئاماژەیە لە ماوەی چەندساڵی ڕابردوودا سەدان کەس لە ناوچە سوننەمەزهەبەکانی ئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕوویان لە عێراق و سووریا کردووە و بەڕیزیڕێکخراوە سەلەفی جیهادییەکانەوە پەیوەست بوون بەڵام ئەوان هێچکات نوێنەرایەتی ئەو جۆگرافیاو شوێنانەیان نەکردووە کە تیایدا ژیاون. بۆیە کار و کردەوەکانی ئەوان کە هەمان ئەو شێوازانەیە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا پشتی پێبەستوون و تاقی کردوونەتەوە، ناتوانێ گوزارشت لەهەڵسووکەوت وڕوانگەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان وکەمایەتی سوننە مەزهەبی ئێران بکات. ئەوەش زیاد بکەم کە لەو کاتانەدا کۆماری ئیسلامی مەیدانی بۆ سەلەفییەکان بە تایبەت لە کوردستان ئاوەڵا کردبوو و ئەوان لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا ڕێکخراو و تەنزیماتی جۆراوجۆریان دادەمەزراند، خەڵکی کوردستان دژی ئەو ڕوخسارە و بیرە نامۆیانە وەستانەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتییان کردن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت