چڕکردنی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێران لە گۆڕەپانی بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی وزەی ناوەکی

0
724

رۆژی كورد :
دەوڵەتی ئامریکا بەردەوامە لە سەر جێبەجێ کردنی سیاسەتی زۆرترین بایکۆت بۆ سەر رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەنووکە ئەم بایکۆتانە زۆر لە گۆڕەپانەکانی وەکوو بەکار هێنانی ناچەکداری وزەی ناوەکی و لەوانە ئاڵووگۆڕی ئۆرانیۆمی لە خۆ گرتووە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی فەرمی بڕیاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە هەمبەر دووپات نەکردنەوەی چاوپۆشی لە سەر بازرگانی نەوتی ئێران، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا باس لە چڕکردنەوەی بایکۆتەکان لە گۆڕەپانی چالاکی ناوەکی ئێران دەکات. هەواڵنێری فەرانسە رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ ئەیار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە واشنتۆن باسی لە چڕکردنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.
 مۆرگان ئۆرتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا رۆژی ٣ ئەیار ڕایگەیاندووە کە لەم ڕێکەوتە بە دواوە هەر چەشنە یارمەتی و پشتیوانی وڵاتانی دەرەوە بۆ  زیادکردنی بارستایی داهاتی وزەخانەی بووشێهر و ئامێرەکانی بەردەست لە وەزخانەکە دا سزای قورسی دەبێت لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە هەناردە کردنی ئۆرانیۆمی پیتاندراو بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ لە گەڵ ئۆرامیۆمی سروشتی قەدەغە ئەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چوارچێوەی پەیماننامەی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥ ئێران ڕێگای پێدرابوو بۆ ئاڵووگۆڕی ئۆرانیۆم لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە، ئاڵووگۆڕیک کە زیاتر لە گەڵ وڵاتی رووسیە دا بوو. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە پاشەکەوتی ئاوی قورس ئەکەوێتە ڕیزی بایکۆتەکان و ئێران تەنیا  ئەتوانێت بەشێکی زۆر کەم ئاوی قورس پاشەکەوت بکات.
بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵنێری ئاڵمان جیا لەو بابەتانەی کە ناوبرا لە مەڕ بایکۆت لە سەر ئەو بەشانەی کە دوای ڕاگەیاندنی جێبەجێ دەکرێت دەوڵەتی ئامریکا بۆ بەشێکی جیاواز لە چالاکیە ناوەکیەکانی ئێران مۆڵەتێکی ٣ مانگەی دیاری کردووە. ئەم مۆڵەتانە بەشێک لە پرۆژەکانی تایبەت بە چالاکیە ناوەکیەکانی سێ وزەخانەی بووشێهر، ئەراک و فێردۆ لە خۆ ئەگرێت. ئەم پرۆژە ڕێگا بە رووسیە و چەن وڵاتێکی ئۆروپایی دەدات لە چوارچێوەی هاوکاری لە گەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەو پێش بردنی ئیش و کارەکانی ئەم چەن وزەخانە هاوکات چاودێری چالاکی ناوەکیە ئاشتیخوازانەکانی ئێران بکات و دەستەبەری چالاکیەکانیان بکەن.
دوابەدوای دەرچوونی ئامریکا لە پەیماننامەی ناوەکی وڵاتانی پێنج زێدە یەک لە گەڵ ئێران دەوڵەتی ئامریکا خۆی بە بەڵێندەری بڕیارەکانی پەیماننامەی ناوەکی ئێران نازانێت لەوانە ئەتوانین ئاماژە بە ئەمەگدار نەبوونی ئامریکا بکەین بە ئامادەکردنی فەزایەک بۆ چالاکی ناوەکی ئاشتیخوازانەی ئێران. جیا لەوانەش دەوڵەتی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە لە درێژەی بایکۆتەکانی بۆ سەر رژیمی ئێران سیاسەتی بەرتەسک کردنەوەی ئاڵوگۆرە ئابووریەکانی ئێران بە دۆلار زیاتر چڕ و پڕ ئەکاتەوە.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە درێژەی بڵاوکراوەکەی دا ڕایدەگەینێت کە هەنگاوەکانی ئەمڕۆی ئێمە لە درێژەی هەنگاوەکانی پێشوومان دا ئەبێت بۆ پێشگرتن لە پرۆسەی ناوەکی ئێران. هاوکات دووپاتی کردەوە کە دەوڵەتی ئامریکا ساڵی ڕابردوو کاتێک بایکۆتەکانی بۆ سەر رژیمی ئێران دەستپێکردەوە، کەسانێک و چەن ڕێکخراوێکی پێوەندیدار بە ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران بایکۆت کرد و سنووردارێتەکی نوێی بۆ ئێران ڕاگەیاند لە ئاست وەرگرتنی هاوکاریە دەرەکیەکانی ئێران بۆ گەشەپێدان بە سازدانی پرۆسەی وزەی ناوەکی. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی ئامڕیکا ماوەی ٢ مانگ لەوە پێش بایکۆتەکانی بۆ سەر کەسایەتی و چەن ڕێکخراوی پێوەندیدار بە پرۆسەی وزەی ناوەکی ئێران و هەر وەها چەن بلیمەت و پسپۆڕی چالاک لە بەرنامەی چەک و چۆڵی ئێران لە ڕابردوو دا زیاد کردووە. وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کۆتایی بڵاوکراوەکەی دا جەخت لە سەر ئەوە ئەکات و دووپاتی ئەکاتەوە کە دەوڵەتی ئامریکا بەردەوام ئەبێت لە زۆرترین گۆشار بۆ سەر رژیمی ئێران بۆ بەرگری کردن لە دەست پێڕانەگەیشتنی  بە چەکی ناوەکی و داخستنی هەموو دەرگاکان بە ڕووی ئەو وڵاتەدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.