چوارشەممە سووری، هێمایەکی نەتوانەوە لە دڵی داگیرکەردا/ڕاپۆرتێک لەسەر چوارشەممەسووری لە مهاباد

0
1447

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧١٧ی کوردی، دوایین سێ شەممەی ساڵ بوو کە لە ناو کوردستانیان و ئێرانیەکان و بەشێکی تر لە گەلانی ناوچە، وەک چوارشەممەسووری ناسراوە.

یەکێک لەو رێوڕەسمە بەپێزانەی چوارشەممەسووری کە ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لە شاری مهاباد بوو کە لە دوو شوێنی “قەراغ بەنداوی شار” کە بە “جەزیرە” ناسراوە و هەروەها لە چواڕێی ئازادی بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد کە خۆی بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمەی کردووە لەمبارەوە دەڵی: “ئەمساڵ شاڕ جیاوازتر لە هەر ساڵێک، ڕژابووە لای جەزیرە و شوێنە گەشتیارییەکان، جلی کوردیی ئاڵەوواڵی ژنان و پیاوان، زیاتر لە هەر ساڵ سرنجی بینەری بۆ لای خۆی ڕادەکێشا”.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد “ئەمساڵ جامانە کە لە مهاباد بە ئاغابانوو ناسراوە، بەشێک بوو لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووریی مهاباد و بە ئاشکرا هەست بەو کەشە دەکرا  کە خەڵک وڵامی ئەرێنییان بە بانگەوازیی خەباتی چەکداریی حیزبەکانیان داوەتەوە”.

لێنانی دۆکڵیو. ئەمڕۆی مهاباد

هەڵپەڕکێی لاوان، بە کیژ و کوڕەوە وەک نەریتی هەمیشەیی کوردان، لەو شوێنانەی مهاباد، ئەمساڵ بە گوڕتر بوو، ئەو سەیرانە بەپێچەوانەی شوێنەکانی تری ئێران کە کوشتە و بریندار و ئاژاوەی لێدەکەوێتەوە، بە بێ هیچ ڕووداو و تێچوویەکی مادی و گیانی تا درەنگانی ئەمشەو لە دەوری ئاگر و سیگناڵی ماشێن و پێکەنین و شادیی کچان و کوڕان و لاوانی شار بەردەوام بوو.

لێنانی خواردنی خۆماڵی وەک دۆکڵیو بە گیای تازەی بەهاریش بەشێکی تر لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریی ئەوساڵی مهاباد بوو کە لە ناوچەی دۆڵی ئافان و ئامێد، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرچاو دەکەوت.

بەڕێوەچونی بەپێزی ئەو ڕێورەسمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە هەوڵ دەدات بە بیانووی جیاوازی وەک هەبوونی تۆق تۆقە و یارییە ئاگرینەکان، پێش بەو نەریتە بگرێت، بەڵام گەلی کورد لە کوردستانی بندەستی خۆرهەڵات نەتەنیا گوێڕایەڵی ڕژیم و هەڕەشەی دەزگا ئەمنیەکانی نین، بەڵکوو بەپیتتر و بەهێزتر لە هەر ساڵ یادی دەکەنەوە، ئەمساڵیش بە هۆی هەبوونی هیوای خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات، گوڕوتینێکی جیاواز بە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری ـیەوە دیار بوو.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت