چالاکانی کورد لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەڕی قەرەسەقەل، پێشنیارێک ئاراستەی کچانی شاری شنۆ دەکەن

0
1337

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، بەشێک لە چالاکانی سیاسیی کورد لە دەرەوە و ناوخۆ، لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە، پێشنیاریان بە کچان و ئافرەتانی شاری شنۆ کردووە تا لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی چەند پێشمەرگەیەک لە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گوندی قەرەسەقەل، بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناویان، نەمام بچێنن.

لە بەشێک لەو راگەیێندراوەدا هاتووە: ” چاندنی نەمامێک یان پێشکەش کردنی لقێک گوڵەسوورە،  لە یادی حەماسەخولقێنەکانی قەرەسەقەل دا
لەو شوێنەی کە پیاوانی دڕندەی نێردراوی جەماران، رۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە هەڵرشتنی رق و کینیان بەرامبەر ژیان و کوردستان و ئاوەدانی، قەرەسەقەلیان وێران و رۆڵەی چاونەترسی کوردیان شەهید کرد، پێشنیار بۆ کچان و ژنانی شاری شنۆ دەکەین کە،
کچانی شاری گێلاس وەکوو خۆشەویستی بۆ ژیان و ڕێز لە گیانفیدایی ڕۆڵە ئازاکانی نیشتمان، لە ماوەی حەوتوویەکدا، لە ٢٠ی جۆزەردان، هەتاکوو ٢٦ی جۆزەردان، هەر کات دەرەتانیان بۆ ڕەخسا بە ناشتنی نەماێک، حەزی ژیان و ئاوەدانی و ڕەگ داکوتانی ئیرادەی ئازادیخوازی لە کوردستاندا بە جیهان نیشان بدەن.”

لە درێژەی ئەو پێشنیارەدا هاتووە: ” ئەگەر لەبەر بواری ئەمنییەتی ئەو دەرەتانە نەبوو، دەتوانن بە لقێک گوڵەسوورە ڕێز لە خۆشەویستیی حەماسەخولقێنەکانی قەرەسەقەل بگرن و گوڵی سوور پێشکەشی شوێنی حەماسەکە بکەن.”.

ناوەندی ڕۆژی کورد، وێرای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی لەو داوا بەجێیە، هیوادەخوازێ یادی شەهیدانی کوردستان لە شوێنەکانی تریش بەو شێوە نیشتمانی و پێشکەوتووە، بەرز ڕابگیردرێ و هیوادەخوازین خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری شنۆ بەتایبەتی، بەپیر ئەو بانگەوازییەوە بچن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت