چالاکانی مەدەنیی پیرانشار، هەڵمەتێکی بەرینی نیشتمانیان بۆ هاریکاریی کرماشان، دڵی زامداری کوردستان دەست پێکرد

0
891

هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی کوردستانیانی کرماشان کە بە هۆی عەردهەژی گوماناویی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەر تووشی هەڵوەدایی و بێ ماڵی و بێ دەرەتانی و مەرگی ئازیزانیان بوون، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەناو کوردانی تاراوگە دەستی پێکردووە.

ڕۆژی کورد: چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنی و وەرزشوانانی شاری پیرانشار،  لە ڕاگەیێندراوێکدا پشتیوانی و هەوڵ و کەمپەینی خۆیان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزە لە کرماشان ڕاگەیاند.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

جەماوەری زاگڕۆسی خۆڕاگر،
هاونیشتمانییانی کرماشانی زامدار…

ڕووداوی هەژێنەری بومەلەرزەی کرماشان و دڵی زاگرۆس ، زامێکی دیکەی خستە سەر جەستەی برینداری وڵات. بێگومان دیمەنی خاپوربوونی شار و گوندەکانی ناوچەی کرماشان و گیان لەدەست دانی هاووڵاتییەکانمان هەموو کوردستانی ماتەمبار کردووە.
لە مێژووی کەونەوە هەتا ئێستا، تان و پۆی دیرۆکی ئەم گەلە، گرێدراوی نەهامەتی و کارەساتی بەردەوام بووە. باش دەزانین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە، فرچکیان بە ئازاری بێ بڕانەوە گرتووە، بەڵام هیچکات لەیادیان نەکردووە کە لە هەناوی ئازارەکانەوە، تۆوی هیوا بۆ دواڕۆژێکی گەش بچێنن و بەسەر شکست و چارەنووسی نگریس دا سەرکەون!
ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە لە چرکەساتە ڕەشەکانی مێژووی کۆن و هاوچەڕخدا سەلماندوویانە خاوەن کولتوری دەوڵەمەند و بەهای بەرزی خۆبەخشی و فیداکاری لەپیناو گەل و نیشتمانن و لەهەمبەر نەهامەتییەکانی خەڵکەکەیاندا بێباک نەبوونە و نابن. ئەمجارەش کوردستان، کرماشانی دڵ لە باوەش دەگرێتەوە. جێگەی ستایشە کە لە یەکەم ساتەکانی ڕووداوی کرماشانەوە، شەپۆلێکی مەزنی هێزە خۆبەخشەکان و یارمەتییەکانی هاونیشتمانیان بەرەو کرماشان بەڕێ کەوتووە و دووبارە ڕۆحی بەرزی برایەتی و هاوپشتی لە سەرانسەری زێدە پیرۆزەکەمان دا خۆی نواندووتەوە.
بۆیە دڵنیاین، کرماشان هەر لەسەر پێیە، بێستون بەچۆک دانایەت، شاهۆ هەروا لە بەرزییەوە دەڕوانێ و داڵاهۆ سەرلەنوێ “سرودی یار” دەچڕێتەوە…

بەڕێزان…!
وەک دەزانن، کارەساتە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، هەمیشە بوونەتە هۆی پێکهاتنی کەشێكی قەیراناوی لە هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤ. ڕۆڵی دەسەڵات لە “کۆنتڕۆڵی قەیران” و ئاسایی کردنەوەی دەمودەست و بەپەلەی بارودۆخ ئێجگار گرینگ و چارەنووسسازە. مخابن ئەوەی ئەمڕۆ لە شارەکانی کرماشان بینیمان، دیمەنێکی دڵخۆشکەر و هیوابەخشی لە هەبوونی خزمەتگووزاری سەرەتایی پێویست، سیستەمی فریاکەوتنی کارا و هتد… پێوەدیار نەبوو. بە پێچەوانەوە ئەوەی دەرکەوتووە، نەبوونی خێرایی پێویست لە کەرتی تەندروستی و فریاکەوتن و هەروەها ناڕێکی لە بەشی بەڕێوەبەرایەتیدا بووە. کەوابێ لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی درێژەکێشانی ئەو بارودۆخە و تەشەنە کردنی قەیرانەکە بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانین. ئێمە وەک لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار نیگەرانی جیددی خۆمان لەو بارودۆخە دەردەبڕین و داوا لە هەموو کەس و لایەنە مەدەنی و سیاسییەکان دەکەین، لەڕێگەی گونجاوەوە، پەیام و داواکاری بەپەلەی خۆیان بە دەزگا حکوومەتییە پێوەندیدارەکان بگەیێنن تا قورسایی ئەو کۆستە زیادتر نەبێ.
ئێمە بەناوی لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆمان، داوا لە هاوشارییانی نیشتماندۆستی پیرانشار و بەتایبەت ئەندامانی ڕێکخراوەکانی “ژینگەپارێزانی پیرانشار”، “کافە کتێبی ئەندیشە”، “ئەنجومەنی ئەدەبی ڕوناک” و “شاخەوانانی پیرانشار” دەکەین، تا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەڕەخسێت هاوکاریی هاووڵاتییانی لێقەوماومان بکەن و ڕایدەگەیێنین وەک خۆمان ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکی مادی و مەعنەوی دەبین.
لە کۆتایی دا، سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی خەڵکی ناوچەی کرماشان بە گشتی و بنەماڵەی قوربانیان بە تایبەتی، دەکەین و ئومێد دەکەین برینداران بە زووترین کات تەندروستی خۆیان بەدەست بهێنن.

لەگەڵ ڕێز و سپاسی بێ پایان…
لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار،٢٣ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦.
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
ئەنجومەنی ئەدەبی ڕوناک
کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار
شاخەوانانی پیرانشار( گروپی هەڵگورد،گروپی هەڵۆ، گروپی چیا)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.