چالاکانی مەدەنیی “بانە” داوای پشتگیری لە شارەکانی تری کوردستان دەکەن

0
667

ڕۆژی کورد: چالاکانی مەدەنیی شاری بانە، لە دوای هێرشە سەربازییە بەربڵاوەکەی ئەمڕۆی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر خەڵکی ناڕازی لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەران، لە ڕاگەیێندراوی ژومارە ٣ ـدا، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و سەرجەم شارەکان دەکەن، تا پەیوەست بەو مانگرتن و ناڕەزایەتییە بن و پشتیوانییان بکەن.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە: 

كۆمەڵانی خۆشەویستی خەڵكی كوردستان

بازاڕیان، كۆڵبەران، كاسبكاران، كرێكاران و زەحمەتكێشان

هەر وەك ئاگادارن میلیتاریزەكردنی ئەمڕۆی شاری بانە، هێنانی هێزێكی زۆری تایبەت لە باقی شارەكانی كوردستان و زاڵ‌كردنی كەشێكی تەواو ئەمنیەتیی بە سەر شاردا نەیتوانی پێش بە ئیرادەی خەڵكی وەزاڵەهاتووی شاری بانە بگرێت.

ئێمە وەك چالاكانی مەدەنی شاری بانە وێڕای رێزگرتن لە خۆڕاگری و ئازایەتی خەڵكی خۆشەویستی شاری بانە و مەحكووم كردنی ئەم هەڵسووكەوتە نامرۆڤانەی كۆماری ئیسلامی دژ بە كۆڵبەران و ناڕازییانی ئەمڕۆی شارەکەمان جارێكیتر تەئكید لە سەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵكی شاری بانە و سەرجەم شارەكانی كوردستان بۆ گەیشتن بە داخوازییەكانیان دریژەی هەبێت و ئێمە دڵنیاین دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك بەرپرسان بە چۆك دادێنێ و ملكەچی ئیرادەی خەڵكیان دەكات.

هەر بۆیە بە ناوی چالاكانی مەدەنی شاری بانەوە جارێكیتر داوا لە خەڵكی خۆشەویستی شارەكەمان دەكەین رۆژی چوارشەممە، واتە بەیانی، ١٥ی خەرمانان جارێكیتر دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزكەنەوە و بە داخستنی دووبارەی دوكان و بازاڕەكانیان پەیامی یەكگرتوویی خەڵكی شاری بانە بە گوێی دەسەڵات بگەیەنن.

لە كۆتاییشدا داوا لە خەڵكی سەرجەم شارەكانیتری كوردستانیش دەكەین پشتیوانی خەڵكی شاری بانە و خواستە رەواكانیان بن، كێشەی سنوورەكان بە تەنیا كێشەی شاری بانە نییە بۆیە پێویستی بە یەك دەنگی و یەكگرتوویی هەموو شارەكان هەیە.

چالاكانی مەدەنی شاری بانە

١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت