پ ک ک مەقەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیر کرد

0
2317

رۆژی کورد: بە گوێرەی زانیارییەکان، گریلاکانی پەکەکە، دوای پیلانی گوندەژۆر بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، مەقەرەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان داگیر کردووە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بە نیازی ئارام بوونەوەی دۆخەکە تا ئێستا بێ هەڵوێستن.

لە دوای ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی، لە پیلانێکی کۆماری ئیسلامی بە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە گلان و ئە وپیلانگێڕییەش تا ئێستا بەردەوامە و لایەنی جیاجیای لێ وەدەرکەوتوون، گریلاکانی پەکەکە هەلەکەیان قواستووەتەوە و مەقەڕەکانی ئەو حیزبانەیان داگیر کردووە.

خەڵکی گوندەژۆر و باڵەکایەتی کە لە یەکەم خولەکدا هەڵیانکوتایە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و مەقەڕەکانیان ئاگردا و تاڵانیان کردن و پێشمەرگەیان بە دیل گرتن، لە هەمبەر پەکەکە، لێژنەیەکی پێکهاتوو لە ڕیش سپی و کەیخودا و مەلایان ناردووە و بە شێوەیەکی نەرم و شارستانی داوایان لێکردوون، شوێنەکە چۆڵ بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، گریلاکانی پەکەکە ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو شوێنانە چۆڵ ناکەن.

چاوەدیرێکی سیاسیی کوردی ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لە پێوەندییەک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی :”لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین بەڵگە بڵاوبوونەوە کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە دەستی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لەو پیلانەدایە و ئێستاش پەکەکە بە ڕاسپاردەی سپاسی تیرۆریستیی پاسداران و بە ئەمری ئێران، گریلاکانی هێناوەتە ئەو شوێنانە تا پێش بە هەر چەشنە ئەگەرێکی گەڕانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو دەڤەرە و سنوورەکان بگرێت”.

ئەو چاوەدێرە سیاسییە دەشڵێ: “پەیوەندیی نێوان مەلا نیاز و پەکە و عەلی باپیر لەلایەن، هەبوونی دەست و پێوەندەکانی کەماڵ ماوەتی لەلایەکی تر، پێداگریی هەمەلایەنەی یەکێتی و خەڵکی دەڤەر لەسەر دەرکرانی حیزبەکان لەو شوێنانە و گوتاری ڕۆژی ڕابردووی مەسعوود بارزانی و چوونی گریلاکانی پەکەکە بۆ ئەو مەقەرانە و داگیرکردنیان، دەرخەری ڕاستییەکن کە ئەگەر کوردی ڕۆژهەڵات چاوی خۆی لێ بنوقێنێ، هیچ واتایەکی نیە جیا لە خۆبەدەستەوە دان”.

ڕۆژی ڕابردوو، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لە دانیشتنێکدا ڕاشکاوانە رایگەیاند کە پرسی سەربەخۆیی هەرێم هیچ پەیوەندی بە پارچەکانی تری کوردستانەوە نیە و تەنیا هی کوردستانی ئێراقە و لە هەمان کاتیشدا هیوای خواست ئیتر هیچ کوردێک چەک بەکار نەهێنێ.

قسەکانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمەڕ بەکارنەهێنانی چەک لە پارچەکانی تر لە کاتێکدایە کە خۆیان زۆرترین تێچوویان بۆ شەڕ بە دژی داعش داوە و شەهیدێکی زۆر کە کوردی ڕۆژهەڵاتیشیان لە ناو دایە، قوربانیی شەڕ بە دژی داعش بوون.

کوردانی ڕۆژهەڵات لە خۆیان دەپرسن، ئایا کۆماری ئیسلامی کە پشتیوانی داعشە و بە شێوەی بەربەرین کورد دەکوژێ و وەک باوکی تیرۆریسمی ناودەوڵەتی کار دەکات، ئی ئەوە هەیە کە کاک مەسعوود داوا بکات، چەکی بە دژی بەکارنەهێنین؟

ئەوان هەروەها دەڵێن: “ئەدی چما کاک مەسعوود هەوڵی نەدا، کێشەکانی نێوان خۆیان و داعش بە وتووێژ و دانوستان جێبەجێ بکات؟”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت