پەنابەرێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەهامەتییەکانى خۆى و پەنابەران لە فلیمێکدا دەگێڕێتەوە

0
1619

ڕۆژی کورد: بەهرۆز بوچانى، ئەو پەنابەرە کوردەیە کە ماوەى چوار ساڵە لە کەمپێکى پەنابەران لە دوڕگەى مانوسى پاپانیوگینیا دەستبەسەرە و وەک خۆى دەڵێت بەشداریکردنى لە بەرهەمهێنانى ئەو فلیمەدا ڕەنگدانەوەى ئەزمون و ژیانی خۆى و پەنابەرانە لەو کەمپانەدا.

بوچانى بەهاوکارىی دەرهێنەرێکى هۆڵەندى بەڕەگەز ئێرانی بەناوى ئاراش کەماڵی سەروستانى بەرهەمهێنراوە.

ئەو دەرهێنەرە لەسەرەتاوە هەوڵیداوە کە خودى خۆى بتوانێت کارێکى هونەرى لەسەر ژیانى ئەو پەنابەرانە لەو دوڕگانە بەرهەمبهێنێت، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتوە کە ئەوە کارێکى ساکار نیە و ڕێگەپێدراو نیە. بۆیە پەیوەندییەک لەگەڵ بوچانیدا لەڕێگەى واتزئەپەوە دروست دەکات و ڕاهێنان بە بوچانى دەکات کە چۆن وێنەى ڤیدیۆ بۆ کارەکە بگرێت.

 بە وتەى سەروستانى، خزمەتگوزارىی ئینتەرنێت لەو دوڕگەیەی کە بوچانى لێی دەژی زۆر نالەبارە و دەبوو هەر بە پەیامى دەنگى گفتوگۆکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.

سەرەڕای ئەو دوو کەسە تا ئێستا یەکتریان نەبینیەوە، بەڵام سروستانى بەهیوایە ڕۆژێک بتوانێت ئەو پەنابەرە کوردە لە نزیکەوە ببینێت.

پەنابەرانى دوڕگەى مانوس و ناورۆ کە لە ناویاندا  ئەو پەنابەرە کوردە کە لە بنەچەدا خەڵکى کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و چەندین پەنابەرى ترى کورد و وڵاتانى ترى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانى باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا لەوێ بەندکراون، ئەو کەسانەن کە پێشتر هەوڵیانداوە بە قاچاخ و بە بەلەم خۆیان بگەیەننە ئوسترالیا بەڵام لەلایەن هێزەکانى پاراستنى سنوورەکانى ئوسترالیاوە دەستبەسەر کراون و ڕەوانەى کەمپەکانى ئەو دوو دوڕگەیە کراون و هەرگیز ڕێگەیانپێنادرێت داواى مافى پەنابەرێتى لە ئوسترالیا بکەن.

پاڵنەرەى سەرەکیی کارەکەى بوچانیش، ئەو نەهامەتیانەیە کە ئەو پەنابەرانە لەماوەى چەندین ساڵى ڕابردوودا بەهۆى بەندکردنیان لەو کەمپانەدا چەشتویانە.

وەک بوچانی لە لێدوانێک بۆ ڕۆژی کورد باسی کردووە، دەبوو ئەو کارە بە نهێنى ئەنجام بدات و وەک خۆى دەڵێت دەبوو دەرفەتەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەى ئەو دیمەنانە تۆماربکات کە بۆ کارەکەى پێویست بوون.

بوچانى دەڵێت ئێستاش کارەکەى تەواوکردوە و بەوەش بەرپرسانى کەمپەکە ناتوانن هیچ شتێکى بەرامبەر بکەن.

ئەوەى جێگەى سەرنجە ، بوچانى سەرجەم کارە ڤیدیۆیەکانى فلیمەکەى بە مۆبایلێکى زیرەک تۆمارکردوە.

کارەکەش کەبەناونیشانى “چاوکا ( ناوى باڵندەیەکى ئەو دوورگەیەیە) 88 خولەکە و بەشێوەى پارچە پارچە لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەى کەمپەکە و پێشبینی دەکرێت لەسەرەتادا لە ئوسترالیا نمایش بکرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت