پەرتووکێکی تری “مەستوورە ئەردەڵان”، شاعیری ناوداری کورد، دۆزرایەوە

0
2160

ڕۆژی کورد: مامۆستەیکی زانکۆی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران، هەواڵی دۆزینەوەی پەرتووکێکی دەسنووسی ٨٠ لاپەڕەیی ژنە شاعیری ناوازەی کورد، مەستوورەی ئەردەڵان ـی لە کتێبخانەی شاری تەورێز ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، دوکتور جەماڵ ئەحمەدی ئایین، لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنیی کتێبی “مسگەر”ی دووهەمین کتێب لە کۆی کتێبەکانی”پیشە کۆنەکانی شاری سنە” لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەزدا، لەمەڕ ناوەرۆکی ئەو پەرتووکە گوتی: “ئەو پەرتووکە لە یەکێک لە پەرتووکخانەکانی شاری تەورێز دۆزراوەتەوە و ٤٤ لاپەڕەی بە شێوەی پەخشان نووسراوە “.

دوکتور ئەحمەی ئایین، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری کورد، هەروەها گوتووشیەتی: “ئەو پەرتووکەی مەستوورە ئەردەڵان یەک مانگ دوای کۆچی دوایی ئەو ژنە شاعیر و مێژوونووسە کوردە بڵاو بووتەوە”.

بڕیارە ئەم پەرتووکە بەم زوانە و پاش پێداچوونەوە و ساخکردنەوەیی پەرتووکەکە، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بکرێت.

مەستوورەی ئەر‌دەڵان(١٨٠٤ – ١٨٤٨) شاعیر و مێژوونووسی کوردە. ناوی خۆی ماھ شەرەف خانم بووە و نازناوی مەستوورە بووە. دەورووبەر ساڵی ١٢٢٠ ک.م (١٨٠٤ ز) لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بەقەدر بوون، لە شاری سنە هاتۆتە دونیا.

باوکی، ئەولەسەن بەگ (ئەبولحەسەن بەگ)، لە پیاوە ڕەسەنەکانی سنە بووە و بە ماەشەڕەف خانمی خوێندووە تا وەھای پێگەیاندووە کە ناو دەرکا. لە زەمانی خو‌سرەو خانی ئەردەڵان، والیی سنە، کە بە ناکام ناو براوە، خان و ماڵە قادرییەکان لە یەکتری ڕەنجاون و ئاشت بوونەوە و بوونە خزم. مەستوورە بۆتە خێزانی خوسرەو خان. خانیش لە شیعردانان دا لە خانم نزیک بۆتەوە. لە دیوانی ھەردووکیان دا شیعر بە یەکدا ھەڵدانیان زۆر بەرچاوە. مەستوورە چل و چوار ساڵ تەمەنی بووە و لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

مەولەویی تاوەگۆزی لە پەسنی ئەو‌دا ئەم شیعرەی گوتوویەتی:

خورشیدەکەی ناز، ئەوجی بورجی سەور   سەرتوغرای دەفتەر مەحبووبان جە دەور
ھا لە خانەکەی بورجی شەرەف دا   نوورئەفشانیشەن وە ھەر تەرەف دا

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت