پەرتووکی “مەبەستناسی”، وەرگێڕدراوی دوکتور ڕەحیم سورخی، مامۆستای زانکۆ، چاپ و بڵاو بۆوە

0
2480

ڕۆژی کورد: پەرتووکی “مەبەستناسی”، وەرگێڕدراوی، دوکتور ڕەحیم سورخی، مامۆستای زانکۆ و هەڵسووڕی سیاسیی ناسراوی کوردستانی خۆرهەڵات، لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبیی “عەبدولڕەحمان زەبیحی” لەسەر ئەرکی “د. تەها ڕەسوڵ”، چاپ و بڵاو کراوە.

پەرتووکی “مەبەستناسی”، پوخت و چڕکراوەیە لە زانستی “مەبەستناسی” (Pragmatics) و زمان لە بەکارهێناندا.

ئەم پەرتووکە بەرهەمی “جۆرج یوڵ”ـە و لە ٢١٠ لاپەڕەی ڕوقعیدا، لە لایەن دوکتور ڕەحیم سورخی، مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین ـی هەولێرەوە وەرگەڕێندراوەتە سەر زمانی کورد.

د. ڕەحیم سورخی
د. ڕەحیم سورخی

دوکتور ڕەحیم سورخی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد، لەمەڕ گرنگیی وەرگێڕانی ئەم پەرتووکە و بوونی لە پەرتووکخانەی کوردیدا گوتی: ” بابەتی پراگماتیکس کە لە بەرنامەی خوێندنی زانکۆ لە بەشە کوردییەکان دەخوێندرێ، تا ئێستا بە هەر دوو زاراوەی بادینی و سۆرانی دەخوێندرێ، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەو سەرچاوانەی کە لەم بوارەدانووسراون زۆر کەمن. بەڕێزان د.عەبدولواحید موشیر دزەیی بە سۆرانی و د. شێرزاد سەبری بە بادینی لەوبارەیەوە بەرهەمیان وەک کتێب بڵاو کراوەتەوە و لە بەشە کوردییەکان قوتابییانی کورد سودیان لێوەرگرتووە بەڵام پێویستیی بوونی پەرتووکی زانستیی تر لەمبارەوە هەست پێدەکرا و بۆشاییەکەی دیار بوو. زانستی مەبەستناسی، وەک بابەتێکی سەرەکی لەخوێندنی باڵای کوردی و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێندرێ، بۆیە بە پێویستم زانی خوێندکارانی زمانی کوردی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوی تریشیان لەبەردەست بێت بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە کە بە بابەتێکی سەرەکی دادەنرێت لە زمانناسیدا و لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی، زمانناسی کارەکی و گوتارشیکاریدا.”

 مامۆستای زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر هەروەها لەمەڕ هۆکاری وەرگێڕانی ئەو پەرتووکە بۆ سەر زمانی کوردی گوتی: “من بۆیە ئەو کتێبەم وەرگێڕا سەر زمانی کوردی، کە وەک دەقێکی ستانداردی زانستی و لەلایەن زمانناسێکی زانکۆی ئاکسفۆردەوە نووسراوە، بە پوختی و بە پاراوی ئەوەی بۆ ئەو زانستە پێویستە لە دەقەکێکی وانەییدا کۆی کردووەتەوە بە بێ ئەوەی بچێتە ناو مێژووی سەرهەڵدانی یان فەلسەفە بافی بکات”.

دوکتور سورخی لە درێژەی لیدوانەکەی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد هەروەها گوتی: “باسە زانستی پراگماتیک، لە کوردیدا هاوتایەکی کوردی بۆ دانەنرابوو کە من هاوتای مەبەستناسیم لە لێکدانەوە و پێناسەکانی جۆرجیوڵەوە هەڵێنجا و لە سەرچاوە فارسییەکانیش سودم وەرگرت. مەبەستناسی گرنگی بە زمان لە دەوروبەری بەکارهاتنیدا دەدات. واتە مەبەستی قسەکەر، دەوروبەرە کۆمەڵایەتی، فیزیکی و زانیارییە پێشەکییەکانی قسەکەر و گوێگر، شێوەکانی ئاخاوتن، بنەماکانی پێوەندی کردن و هاریکاری لە پێوەندی کردندا، شیکردنەوەی ئاخاوتن، شیکردنەوەی گوتار و واتا دەدات. لەبەر ئەمەش زمان پەل دەهاوێ بۆ ناو لقەکانی دیکەی زمانناسی و زانستە مرۆییەکان و لە ڕێبازی شیکردنەوەی زمانناسیدا پشکێکی سەرەکی پێ بڕاوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت