پێنجەمین فێستیڤاڵی هاوماڵی لە مەریوان بەڕێوە دەچێت

0
792

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، بڕیارە کاتژمێر ٢٠:٠٠ـی ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، پێنجەمین فێستیڤاڵی هاوماڵی لە “هۆڵی کوردستان”ی شاری مەریوان بەڕێوە بچێت.

فستیڤاڵی هاوماڵی، یەكەم جار، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئاوایی ئێنگیجەی مەریوان بەڕێوە چوو و ژن و پیاو و گەنج و پیر لە قوتابخانەی ئاوایی كۆبوونەوە و لەسەر كێشە و گرفتەكان و شێوازی چارەسەركردنیان و زۆر پرسی تر باسیان كرد.

جاری دووهەم، ساڵی ١٣٩٢ بە بەشداریی خەڵكی ئاوایی و میوانانی بانگهێشت کراو لە ئاواییەكانی دەورووبەر و شوێنەكانی تر، لە مزگەوتی ئاوایی بەڕێوە چوو و تێیدا  ڕێز گیرا لە كەسێك (كاك عەبدوڵای ئازادییان) وەكوو هاوماڵێكی باش و بۆ یەكەم جار دەستەواژەی هاوماڵی نموونە هاتە ناو باسەوە.

ئەو فسیتڤاڵە لە سالانی تریشدا بەهۆی بەشداربوونی زیاتری خەڵك و گەورەبوونەوەی فستیواڵەكە بەڕێوەچوو بەڵام  ئەو كۆڕە ڕاگواسترایە  شاری مەریوان و بەوپێیە ساڵی ١٣٩٣ لە هۆڵی موجتەمەع فەرهەنگی و ساڵی ١٣٩٤ لە سینەما كوردستان بەڕێوەچوو.

”لەقلەقی زێڕین” یان (لەک لەک ـی زێڕین)، وەكوو خەڵاتی تایبەت بە هاوماڵی نموونە دیاری كراوە.  پەیكەری ”لەقلەقی زێڕین” لە ئاسن درووست ئەكرێ و بە دەستی هونەرمەندی پەیكەرسازی مەریوان كاك “ئیبراهیم ئەدوایی” لە درێژەی دوو خولی ڕابردوودا ئامادە كراوە.
لە درێژەی  ساڵانی ڕابردوودا دوو لەقلەقی زێڕین بەم شێوەیە پێشكەش كراوە:
١- ساڵی ١٣٩٣ پێشكەش كرا بە كاك مادێح ئەمانی خەڵكی ئاوایی ئێنگیجە.
٢- ساڵی ١٣٩٤ پێشكەش كرا بە كاك سالار ئازەرییان خەڵكی ئاوایی دەرەوەران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت