ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، بڕیارە کاتژمێر ٢٠:٠٠ـی ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، پێنجەمین فێستیڤاڵی هاوماڵی لە “هۆڵی کوردستان”ی شاری مەریوان بەڕێوە بچێت.
فستیڤاڵی هاوماڵی، یەكەم جار، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئاوایی ئێنگیجەی مەریوان بەڕێوە چوو و ژن و پیاو و گەنج و پیر لە قوتابخانەی ئاوایی كۆبوونەوە و لەسەر كێشە و گرفتەكان و شێوازی چارەسەركردنیان و زۆر پرسی تر باسیان كرد.
جاری دووهەم، ساڵی ١٣٩٢ بە بەشداریی خەڵكی ئاوایی و میوانانی بانگهێشت کراو لە ئاواییەكانی دەورووبەر و شوێنەكانی تر، لە مزگەوتی ئاوایی بەڕێوە چوو و تێیدا ڕێز گیرا لە كەسێك (كاك عەبدوڵای ئازادییان) وەكوو هاوماڵێكی باش و بۆ یەكەم جار دەستەواژەی هاوماڵی نموونە هاتە ناو باسەوە.
ئەو فسیتڤاڵە لە سالانی تریشدا بەهۆی بەشداربوونی زیاتری خەڵك و گەورەبوونەوەی فستیواڵەكە بەڕێوەچوو بەڵام ئەو كۆڕە ڕاگواسترایە شاری مەریوان و بەوپێیە ساڵی ١٣٩٣ لە هۆڵی موجتەمەع فەرهەنگی و ساڵی ١٣٩٤ لە سینەما كوردستان بەڕێوەچوو.