پێشوازی پۆتین لە دەربڕینی ئامادەیی ئامریکا بۆ وتووێژ لە گەڵ ئێران

0
607

رۆژی كورد :
سەرۆک کۆماری ڕوسیە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە دۆناڵد ترامپ سەرۆم کۆماری ئامریکا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیووە بۆ وتووێژ لو گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران. پۆتین لە سەر ئەو بڕوایە کە باشترە ئێران و ئامریکا بگەڕێنەوە بۆ وتووێژ و دانووستان.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕووسی ئێسپۆتینک و هەواڵنێری کوەیتی کۆنا، ڤلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٦ی حوزەیران پێشوازی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە ویستی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی ڕژیمی ئێران. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئێسپۆتینک پۆتین لە نێوان دانیشتنێکی لە گەڵ بەرپرسانی چەن ناوەندی هەواڵنێڕی نێونەتەوەیی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئابووری سەن پێترزبۆرگ باسی لەوە کرد ئەو لە سەر ئەو بڕوایە کە باشترین ڕێگاچارە گەڕانەوەی ئێران و ئامریکا بۆ وتووێژی ئاساییە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی کۆنا، پۆتین باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لەم پێوەندیەدا وەکوو یارمەتیدەرێک دەور بگێڕێت. سەرۆک کۆماری ڕووسیە هاوکات لە گەڵ ئەوەی گەڵاڵەی ئامریکای  بە هەنگاوێکی باش ناوبرد بۆ چارەسەری گرفتەکان، وتیشی ئێران خاوەن نەتەوەیەکی خۆڕاگرە و لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەرگری ئەکەن. ئەو هەر وەها جارێکی دیکە پێداگر بوو لە سەر پێویستی ڕاگرتنی رێکەوتنامەی ناوەکی بەرجام لە گەڵ ئێران و جەختی لە سەر ئەوە کرد و وەبیری هێنانەوە کە ئێران لە ژێر چاودێری ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکیدایە.
پۆتین هەروەها باسی ئەوەی کرد کە وڵاتەکەی لە گەڵ بایکۆتەکانی ئامریکا دژی وڵاتی ئێران هاوڕا نیە و ئاماژەی بەوەکرد کە ڕووسیە و هاوپەیمانانی هەوڵ ئەدەن ڕێکەوتنامەی ناوەکی بەرجام لە گەڵ ئێران دا زیندوو ڕابگرن.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ئیرنا پۆتین باسی لەوە کردووە کە هەڵوێستی مۆسکۆ لە بەرانبەر تاران ڕوون و ئاشکرایە و ئێمە بە دوای ڕازیکردنی ئامریکاوەین کە پێویست بەڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی تایبەت نیە کە ببێتە هۆی لەناوچوونی هەموو ئاکامە ئەرێنیەکانی چەن ساڵی ڕابردوو. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئیرنا هەروەها پۆتین لێدوانەکەی ترامپ بۆ وتووێژ لە گەڵ هاوتای ئێرانی خۆی بە هەنگاوێکی باش ناوبردووە. و دەرکەوتنی ئامریکای لە پەیمانی ناوەکی بەرجام بە مەترسیدار زانیوە و ئاماژەی پێداوە کە ئەم ڕێگا چارە هیچ ئاکامێکی باشی نابێت.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێک لە گەڵ ڕایەڵەی تەلڤیزیۆنی بریتانیایی ئای. تی ڤی باسی لەوە کرد ئامادەیە و بە باشی دەزانێت لە گەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران وتووێژ بکات. لە هەمان کات دا ئاماژەی پێکرد بژاردەی چالاکی سەربازی ئامریکا دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو کات لە بەردەست دایە بەڵام ئەو وتووێژ بە باشتر دەزانێت.
ترامپ هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە لە فەرانسە سەبارەت بە ئێران وتی ئەوان وەکوو نەتەوەیەک خەریکە تووشی تێکشکان و شكه‌ست ده‌بن و من نامهەوێت ئەوان وەکوو نەتەوەیەک تووشی شکەست بن. من وا تێگەیشتووم ئەوان بە تەمای وتووێژن و ئەگەر ئەوان بیانهەوێت وتووێژ بکەن ئەمە زۆر باش ئەبێت و ئێمەش وتووێژیان لە گەڵ ئەکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.