پۆلێک لە لاوانی ڕۆژهەڵات: پێشمەرگە بەدیل گیراوەکان ئازاد نەکرێن، کاردانەوەمان دەبێ

0
3552

ڕۆژی کورد: پۆلێکی ١٤٣ کەسی لە لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە نامەیەکی هاواهەنگدا کە بۆ ناوەندی ڕۆژی کوردیان ناردووە، داوای ئازادکرانی خێرا و بەپەلەی پێشمەرگە بەدیل گیراوەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن و دەڵێن ئەگەر تا ئەمشەو بێ کێشە و بە ساغی و سڵامەتی ئازاد نەکرێن، ئەوا وەباڵی کوردانی باشوور کە سەردانی ئێران دەکەن، بە ئەستۆی خۆیانەوەیە،

ئەو پۆلە لە لاوانی کورد کە خۆیان بە گیانفیدای پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات ناو دەبەن و دەشڵێن تا ئێستا چەندین چالاکیی چەکدارییان بە سەرکەوتووانە لە ناوخۆ بەڕێوە بردووە، باس لەوە دەکەن کە پێشمەرگە بە گشتی و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، بۆ ئەوان هێڵی سوورە.

ئەو پۆلە لە لاوانی ڕۆژهەڵات کە خەڵکی شارەکانی، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مهاباد و مەریوانن، لە نامەکەی خۆیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر بێت و تا سەرەتای ئەمشەو شەممە 26ی ئاگۆست بەرانبەر بە ٤ی خەرمانان، پێشمەرگەکانیان بەوپەڕی ڕێزەوە ئازاد نەکرێن، ئەوا هەر کوردێکی عێراقی کە بێتە ڕۆژهەڵات، گیانی پارێزراو نیە،

ئەوان لە نامەکەیاندا کە لای ناوەندی ڕۆژی کورد پارێزراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە، هەروەک چۆن زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس، بە بێ ئەوەی ئاگایان لە ڕووداوەکە بێ و بە بێ ئەوەی بزانن چی بووە و چی قەوماوە، وەک عەڕەبەکانی چاخی نەزانی و وەک مۆغولەکان هێرشیان بردە سەر پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و هێمای نەتەوەی کوردیان کردە مایەی بێ ڕێزی، ئەوانیش هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو کوردە عێراقیانەی کە سەردانی ئێران دەکەن ناکەن و وەک خائینێکی نەتەوەیی حیسابی بۆ دەکەن و سزای دەدەن.

لاوانی ڕۆژهەڵات لە نامەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستاش خوێنی شەهید موعینی، سەروان حەتەم و ٢١٧ پێشمەرگە و ئەندامی حیزبەکانیان کە لەلایەن کوردە عێراقییەکانەوە شەهید کران و خوێنیان فرۆشترا، لەبیر نەکردوە، ئەوان باش دەزانن ئێستاش بۆ کیسیەک ئارد، جەستەی پێشمەرگەیەک لە باشوور دەفرۆشترێ بەڵام ئێمە بە مەبەستی یەکبوون و یەکدەنگیی خۆمان و سەرشۆڕکردنی داگیرکەر، مێژوومان لای خۆمان لەبیر کردبوو، بەڵام کە پێویست بێ، خوێنی ڕابردووەکانیشمان دەستێنینەوە و لەمبارەوە هیچ گوێڕایەڵی حیزبەکانیشمان نابین.

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە، ئەوان بەدواداچوون بۆ ڕوداوەکە دەکەن و لە هەمان کاتیشدا میدیاکانی باشووریش بە چەواشەکاری و هاودەنگی لەگەڵ خەڵک و خۆشیرین کردن و ماستاوچێتی بۆ خەڵک بە مەبەستی زێدەکردنی بینەر و بیسەر ناو دەبەن و دەڵێن، ڕاستیی ڕووداوەکە لە لایەن ڕاگەیێنەکانەوە سەد قات شێواوە.

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە: “ئێمە گەنجانی ڕۆژهەڵات تا ئیستا جیاوازیی گەرمێن و کوێستانمان نەکردووە، بەڵام تەنیا تا ئەمشەو کات دەدەین و چاوەڕوانین تا ئێمەش بڕیاری خۆمان یەکلایی بکەینەوە، NRTـیش دەبێ باش بزانێ کە حیسابێکی تایبەتی لای ئێمە گەنجانی ڕۆژهەڵات بۆ کاتی خۆی بۆ کراوەتەوە و سزای هەموو ئەو گەلفرۆشی و ڕق نانەوەی خۆی دەبینێتەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت