په‌یامێك بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی نێو فه‌یسبووك

0
703
نووسینی: ئاریتما موحه‌مه‌دی

له‌نووسینی : ئاریتما موحه‌ممه‌دی

ئه‌م ماوه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك كوردی شۆڕشگێری نێو فه‌یسبووك و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژكرده‌وه‌یان به‌رامبه‌ر بێڕێزیكردنی ڕژیمی ئێران به‌ سیپاڵی كوردی ده‌ربڕی، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجار بێ‌ ڕژیمی ئێران بێڕێزی به‌ جلوبه‌رگی كوردی بكات. ڕژیمه‌كانی ئێران پتر له‌ سه‌دان ساڵه‌ بێڕێزی به‌ ناسنامه‌ی كورد و زمان و ڕه‌سه‌نایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌. به‌ڵام دژكرده‌وه‌ی هندێك له‌ كورده‌كانی نێو فه‌یسبووك بۆ من ئاسایی نه‌بوو.

له‌به‌ر ئه‌وه‌كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ ڕووناكبیرانی كورد و چالاكوانانی نێو ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌كرده‌وه‌ دانیان به‌ پێشكه‌وتوویی كولتووری فارسدا ناوه‌ و پێیان وایه ‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس نه‌ته‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووه‌ و كولتووره‌كه‌ی خاوه‌ندارێتی ناسنامه‌ی كورد ده‌كات.

وه‌ك ئاماژه‌، ئه‌م به‌شه‌ له‌ تێكۆشه‌ران  و چالاكوانه‌كانی فه‌یسبووك كه‌ به‌شێكیان ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێك ده‌هێنن، زمانی فه‌رمیان له‌نێو ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا فارسییه‌ و ئه‌وانه‌شیان كه‌ خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیست ده‌زانن دیسان ئه‌گه‌ر بۆچوونێك سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌رببڕن، به‌ فارسی ده‌ینووسن و وه‌رگێڕدراوه‌كه‌شی له‌ خواره‌وه‌ی فارسییه‌كه‌ داده‌نێن. به‌ واتا زمانی فارسیی زمانی فه‌رمیی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ش پێك ده‌هێنن و كوردییه‌كه‌ش زمانی ناوچه‌یی یانخود وه‌ك فارسه‌كان ده‌ڵێن زاراوه‌ی “محلی ” یانه‌.

ئه‌م له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ ئه‌م «چالاكوانانه‌ی» نێو فه‌یسبووك سه‌باره‌ت به‌ ئاماژه‌یه‌كی یه‌كێك له‌ میدیا ئه‌له‌كترۆنییه‌كانی ئێران دژكرده‌وه‌یان پیشان دا و به‌ بێڕێزیكردن به‌ كورد و كوردستانیان ئه‌ژمار كرد. له‌وه‌ دڵنیام كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕژیمی ئێران و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ یه‌كه‌مینجار نییه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ شێوه‌ و چه‌شنی جیاوازدا ناسنامه‌ی كورد پێشێل ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ هه‌موومان ڕوونه‌ كه‌ ئێران داگیركه‌ری كوردستانه‌ و نه‌یاری كورده‌ و چاوه‌ڕوانی له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتری لێ ده‌كرێت.

به‌ڵام له‌وه‌ تێناگه‌م كه‌ بۆچی ئه‌و به‌شه‌ له‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چالاكن و ڕۆژانه‌ یه‌كێ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌ له‌ زمانی كوردیی پێك دێت، پێشێل ده‌كه‌ن و جێی باییخیشی نییه بۆیان‌، بۆ ئه‌م كرده‌وه‌ی میدیایه‌كی ئه‌له‌كترۆنیی ڕژیمی ئێران بۆ ئه‌م چه‌شنه‌ كه‌سانه‌ هێنده‌ هه‌ستیار و ورووژێنه‌ر بوو! خۆ ئه‌مانیش ڕۆژانه‌ بێڕێزی به‌ زمانی كوردیی ده‌كه‌ن!

هه‌روه‌ك ئه‌و میدیا ئه‌له‌كترۆنییه‌ی ئێران به‌ خۆیدا چووه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ی ڕاست كرده‌وه‌، پێویسته‌ كه‌ ئه‌م كورده‌ چالاكوانانه‌ی نێو فه‌یسبووكیش به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و لانیكه‌م له‌ خواره‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان كه‌ به‌ زمانی فارسییه‌، وه‌رگێڕدراوه‌ كوردییه‌كه‌ بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌پاندنی كولتووری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ زمان و ناسنامه‌كه‌ی به‌ چه‌شنێكی دڵخوازانه‌ له‌نێو هزری و بیری كورددا جێ بكاته‌وه‌. ئیتر ئه‌و كات‌ پێویست ناكات كه‌ داگیركه‌ر وزه‌ی خۆی بۆ تێكدانی ناسنامه‌ی كوردیی ته‌رخان بكات، چونكه‌ خۆمان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستین.

وه‌ك ئاماژه‌، كورده‌كانی باكووری كوردستان كه‌ هه‌نووكه‌ به‌شێكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ده‌سه‌ڵاتی كولتووریی و سیاسیی تورك به‌ سه‌ریاندا زاڵ نییه‌ كه‌چی به‌ توركی ده‌نووس و هه‌ر به‌ توركیش ده‌ئاخفن! ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ كه‌ له‌ نێۆڕۆكی ئه‌م باسه‌دا ئاماژه‌م پێی كرد. هه‌نووكه‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌سه‌ڵاتی كولتووریی فارس به‌ سه‌ریانه‌وه‌ زاڵ نییه‌ كه‌چی نه‌ك هه‌ر به‌ كوردیی نانووسن بگره‌ بێڕێزیش به‌ زمانی كوردیی ده‌كه‌ن. بۆ من ئه‌گه‌ر كوردێك په‌یامێكی فارسیی بنووسێت و له‌ خواره‌وه‌ی فارسییه‌كه‌ش به‌ كوردی هه‌مان په‌یام دووپات بكاته‌وه‌، به‌بێڕێزیكردن هه‌ژمار ده‌كرێت.

كورد ئه‌و كورده‌یه‌ كه‌ به‌ كوردی ده‌نووسێت و به‌ كوردی ده‌پۆشێت، نه‌ك به‌ كوردیی هه‌ڵده‌چێت و ئاژاوه‌ ده‌نێته‌وه‌!

سایتی ڕۆژی كورد له‌و بابه‌ته‌ خۆی به‌ به‌رپرسیار نازانێ و نووسه‌ر لێی به‌رپرسه‌ 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت