پشت پەردەکانی هەڵبژاردنی شارەداری تازەی مەریوان

0
741

ئەندامانی خولی پێنجەمی شۆرای شاری مەریوان ڕۆژی سێشەمە ۲۱/٦/۱۳۹٦ “جەماڵ شەریفی” شارەداری پێشووی کانی دیناریان کرد بە شارەداری مەریوان

ڕۆژێک پێشتر واتە ۲۰/٦/۱۳۹٦ لە کۆبوونەوەی شۆرادا لە نێوان دوو کاندیدی پۆستی شارەداری مەریواندا، “هادی سەعیدی” شارەداری پێشووی بەردەڕەشە، زۆرینەی دەنگی بۆ بوون بە شارەداری مەریوان بەدەستهێنابوو. لەو کۆبوونەوەدا لە حەوت ئەندامەکەی شۆرا تەنیا “کەریم محمەدی” و “عەبدوڵای ئەمانی” دەنگیان بە سەعیدی نەدابوو.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە شارەداری و شۆرای شاری مەریوانەوە دزەیان کردووە، کەریم محەمەدی جاشی بەدناوی مەریوانی کارمەندی فەرمانداری ئەم شارە و ئەندامی خولی یەکەم و دووهەمی شۆرای شار، بەو ئەزموونە دوور و درێژەی کە لە گەندەڵی ئیداریدا هەیەتی، جەماڵ شەریفی کرد بە شارەدار.

جیا لە هەندێ وردە حەسابی نێوان کەریم و جەمال، وەکوو: ئەوەی کە پێشتر جەماڵ کچێکی کەریمی لەشارەداری کانی دینار دامەزراندبوو و ئیسە قەرارە بیهێنێتەوە بۆ شارەداری مەریوان؛ باندە زەمین‌خارەکانی مەریوانیش لە پشت پەردەوە ئەم دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ مۆرەچنینی ناو شارەداری و پلانەکانی خۆیان لە ڕێگەی کەریمەوە.

هەرکام لە: عێزت سەلیمی (دوڵەمەن_لۆمپەن) و حەمەعەلی باخانی (شارەداری پێشووتری مەریوان و بەرلەوەیش چنارە) و هیوا ناریزادە (ئەندامی خولی سێهەمی شۆرای شار) و مەنسوور مورادی (پارلمانتاری ئیستەی مەریوان) ڕۆڵیان لەم هەڵبژاردنەی شارەداردا بووە.

لە ئاکامی هەوڵی ئەم تاقمەدا، بە داوای ئیقباڵ محەمەدی (پالمانتاری پێشووتری مەریوان) دەنگی “یەدوڵای شێخ عەتاری” و بە فیتی هیوا ئەسەدی (ئەندامی گەندەڵی خولی سێهەمی شۆرای مەریوان) دەنگی “سروە شابازی” دوو ئەندامی دیکەی شۆرای شاری مەریوان گۆڕا و و بەم شێوە ڕێژەی دەنگەکان بە قازانجی شەریفی شکایەوە و تەنیا “عەبدوڵا عەبدی” و “ئومێد درەخشانی” و “هەڵاڵە ئەمینی” دیسان دەنگیان بە سەعیدی دایەوە.

قسەی ئەوەیش لە ئارادایە کە حەمەعەلی باخانی بکەنە جێگری شارەدار. ناوبراو لەسەر دزی و گەندەڵییەکانی هەم لە شارەداری مەریوان و هەم لە شارەداری چنارە چەندین کەیس لە دادگا و زاری خەڵکدایە.

هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە ئەکەن کە جاش قەڵەم “سەیوان نیکپەی” کە پێشتر لە پەیوەندییە گشتیەکانی شۆرای چوارەمدا بوو و سایتی ئینترنتی شۆرای ئەگەڕاند، بە هۆی داخستنی سایتەکەوە، بێکار بووە و ئیستە خەریکی ماستاو کردنە بۆ کەریم محەمەدی تا لەم خولەی شۆرایشدا کارێکی پێبدات.

سەیوان ئەمساڵ لە ساڵیادی تیرۆری دوکتۆر قاسملوودا لە تێلێگرامدا جنێوی بە دوکتور قاسملوو دا و پاشانیش لە ئیدارەی ئیتلاعات شکاتی لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کرد کە هەڕەشەیان لێی کردووە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت