پشتیوانی ئیمام ئۆغڵوو لە بەڕێوەچوونی خولەکانی فێرکاری زمانی کوردی لە ئەستەمبووڵ

0
754

ڕۆژی کورد :
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو، شارەداری گەورەشاری ئەستەمبووڵ لە چاوپێکەوتنێکی خۆیدا لە گەڵ بەرپرسانی ئەنجۆمەنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە پێوەندی لە گەڵ بەڕێوەچوونی خولەکانی زمانی کوردی لە شارەداری ئەستەمبووڵ بڕیاری ئەرێنی خۆی دەربڕی و جەختی لە سەر ئەوە کرد کە خولی ناوبراو لە زووترین کاتدا دەست پێدەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی جۆمهوورییەت، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو شارەداری ئەستەمبووڵ لە چاوپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی ئەنجۆمەنی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئەو شارە جەختی لە سەر بەڕێوەچوونی خولی فێرکاری زمانی کوردی لە شارەداری ئەو شارەدا کرد. ئەلیاس بووزگان، بەرپرسی ئەنجۆمەنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە وتەکانی خۆیدا بە ئاماژە پێدان بەم چاوپێکەوتنە ڕایگەیاند لەم دیدار نیو کاژێرییەدا داوامان لە شارەداری خۆشەویستی گەورەشاری ئەستەمبووڵ کرد بۆ بەڕێوەبردنی خولەکانی فێرکاری زمانی کوردی کە پێشتریش جارێکی دیکە داواکاری خۆمان پێشکەش کردبوو. ئیمام ئۆغڵوو لە وەڵامی داخوازەکەی ئێمەدا ڕایگەیاند : بە دڵنیاییەوە ئەم خولانە بەڕێوە دەچێت و ناوبراو جەختیشی لە سەر ئەوە کرد کە لەم پێوەندی لە گەڵ ئەم بابەتەدا تەنیا کاتی بەڕێوەچوونی خولەکان گرینگە. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم خولە فێرکارییانە چەندین بینای نوێ دروست کراوە کە لە ئێستادا چالاکی ئامادەکاری و ڕازاندنەوەی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئیمام ئۆغڵوو لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەم بابەتە و وردەکارییەکانی بە شێوازێکی تێر و تەسەل دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ ئێمە پێک دەهێنێت. ئەم خولە فێرکارییانە تەنیا خولی فێرکاری زمانی کوردی لە خۆناگرێت بەڵکوو هاوکات چالاکی بۆ ئاگاداری و پێڕاگەیشتن بۆ بەساڵاچووانی کورد کە زمانی تورکی نازانن دەکرێت و فەرمانبەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە دادەمەزرێنرێت.
هاوکات وتەبێژی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیە (CHP) فایەق ئۆزتراک، پشتیوانی خۆی و پارتەکەی لە بەڕێوەچوونی خولەکانی زمانی کوردی لە ناوەندی شارەداری گەورەشاری ئەستەمبووڵ دەربڕیووە و ئەڵێت بەڕێوەبردنی خولەکانی فێرکاری زمان لە وڵاتی ئێمەدا قەدەغەکراو نیە و ئێمە لە بەڕێوەبردنی ئەم خولە فێرکارییانە بە گشتی پشتیوانی دەکەین.
ماوەیەک پێش ئێستادا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو شارەداری نوێی گەورەشاری ئەستەمبووڵ کە لە ڕکابەرییەکی گەورەدا بە سەر لایەنی بەرانبەری سەرکەوت و دوای دوو جار بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی شارەدارییەکانی تورکیە توانی بەرپرسیارەتی شارەداری گشتی گەورەشاری ئەستەمبووڵ بۆ خۆی و پارتەکەی مسۆگەر بکات، لە وتووێژێکی لە گەڵ ناوەندی هەواڵنێری ڕووداو لە وتەکانی خویدا سەبارەت بە “سەلاحەدین دەمیرتاش” ڕێبەری بەندکراوی پارتی دێموکراتیکی گەلانی تورکیە، ڕایگەیاند کە ڕێکاری سیاسی سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە کاتی چالاکییە سیاسیەکانی دا پێڕەوی دەکرد، پەسەند دەکەم و تا ئێستاش لە سەر ئەو بڕوا و باوەڕەم.
لە کۆتایی دا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو، شارەداری گەورەشاری ئەستەمبووڵ لە سەر پرسی پەنابەرانی سووری لە شارەکەیان ڕایگەیاند کە هیچ کات چاوی خۆیان دانەخستووە بەرانبەر بە کێشەکانی پەنابەرانی سووریە لە شارەکەیان و هەوڵ دەدەن بۆ چارەسەر کردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.