پارتی وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە دەداتەوە

0
791

کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە لە راگەیێندراوێکدا رەخنە لە پەیوەندییەکانی پارتی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دەگرێت و لە بەشێکیدا ڕایگەیاندووە:” هاتنی سووپای تورکیا بۆ عێراق بە ئامانجی مەشق و راهێنان نییە، بەڵکو بەم بیانوانە دەیانەوێت راستیەکان بشارنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە هەڵوێست و لێدوانەکانیان یارمەتی شاردنەوەی ئامانجی چەپەڵی سەرەکی دەوڵەتی تورک دەدەن”.

کەجەکە ئاماژە بەوە دەکا کە” تورکیا دەیەوێت بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ باشووری کوردستان پارتی بخاتە نێوو کێشەی شعیە و سوننە، بیانکاتە پارچەیەک لە سیاسەتی خۆی، لەگەڵ پەکەکە بەشەڕیبدات و پاشانیش ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، لێدوان و سیاسەتەکانی پارتی لەو بارەیەوە داخوازی و بوێری زیاتر دەدات دەوڵەتی تورکیا”.

درێژەی  راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە:” ناردنی سەرباز بۆ باشووری کوردستان، خەباتی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئیستخباراتی لەنێوان تورکیا و پارتیدا، دوای سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا دژواربوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری، زیادبوونی هێرشە ئاسمانیەکان، نیشانی دەدات کە پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و تورکیا هیچ خێر و سودێکی بۆ کورد نیە و ئەنجامێکی ئەرێنی لێناکەوێتەوە”.
لە بەرانبەر دا گوتەبێژێک بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان ەوە وەڵامی راگەیێندراوەکەی کەجەکە دەداتەوە و رایدەگەیێنێت:”  كە تورك هاتووەتە سنووری هەرێم و شوێنەكانی دیکە لەبەر ئێوە و سیاسەتە هەڵەكانی ئێوە بووە”.
وتەبێژەکەی پارتی ڕەخنە لە بەیاننامەکەی کەجەکە دەگرێت و دەڵێت: بەداخەوە وەك هەمیشە بە نەفەسێكی دوژمنكارانە لە دژی پارتی نووسراوە و ئیتر لەوە راهاتوون هەر گرفتێك هەبێت هەر فەشەلێك كە لە سیاسەت و كارەكانیان تووشی بن، بێ دوودڵی بە ناهەق باسی پارتی دەكەن و پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ناشرینی و شكستەكانیان بەكار دەهێنن.

لە درێژەی قسەکانی گوتەبێژی پارتیدا هاتووە “كە تورك هاتووەتە سنووری هەرێم و شوێنەكانی تر لەبەر ئێوە و سیاسەتە هەڵەكانی ئێوە بووە. پارتی بۆ باجی سیاسەتی هەڵەی ئێوە بدات، پارتی چیترتان بۆ بكات؟ لەبەر زۆر بابەت پارتی دیموكراتی كوردستان تەنانەت ئەو زوڵم و ستەمەی ئێوەیشی لەبەر چاوی گەل شاردووه‌تەوە كە دەرهەق گەلی كوردستان و خاكی كوردستان ئەنجامتان داوە. هەر ئێوەن بوونەتە سەرچاوەی كێشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. كەس نازانێ و خۆشتان نازانن چیتان دەوێ و بەدوای چین و كێ پاڵتان پێوە دەنێ، جگە لە گرفت و تەگەرە چیتان بۆ گەلی كوردستان كردووە؟ باشە بۆ ناچن كێشەكان ببنە توركیا و لەگەڵ توركیا چارەسەری بكەن؟ كە ناتوانن بەڕووی توركیادا بێنەوە بۆچی دەبنە مایەی گرفت و تەنگوچەڵەمە بۆ هەرێمی كوردستان؟

گوتەبێژەکەی پارتی بە زمانێکی تووند ڕوو لە کەجەکە دەکا و دەڵێت: “بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بزانێ چیتان بەسەر هەرێمی كوردستان هێناوە و ئاگاداری بەشێكی بچووكی زوڵم و ستەمتان بن، ناوی زیاتر لە 500 لەو گوند و ناوچانە بڵاودەكەینەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی وێران ببن و ژیانی تێدا نەمێنێ و خەڵك چۆڵی بكات و ئاوەدان نەكرێنەوە و، ڕێگەیشیان نەداوە حكومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری بگەیێنێتە ئەو گوندانە. تێكدانی ژیانی كوردان بووەتە پیشەتان. ئەوەتا ئێستایش بەهۆی ئێوە ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانی باكووریش خەریكە ژیانیان تێدا نامێنێ و بەهۆی سیاسەتە نادروستەكانتان خەڵكی ئەم دەڤەرە ژیان و ئارامیان تێكچووە و ئاوارە دەبن.  ئیتر كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی كوردستان لە ئێوە و ماهیەت و كردەوەكانتان تێ بگات. با بێن بەراورد بكەن كە ئێوە ژیانی خەڵكی كوردستانتان تێكداوە یان پارتی دیموكراتی كوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت