پارتی سەربەستی کورستان، هەڵبژاردنەکانی ئێرانی تەحریم کرد

0
573

حەوتی ڕەشەممەی ئەو ساڵ واتا بیست و ٢٢ ڕۆژی تر، خولی دەیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان (بژاردەکان)ی ئێران بەڕێوە دەچێ، پارتی سەربەستی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە دەقی ڕاگەیێندراوەکە بۆ ڕۆژی کورد ناردراوە، ئەو هەڵبژاردنانەی بە سیناریۆ وەسف کرد و تەحریمی کرد.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژی کورد ناردراوە، بە شێوەی خوارەوەیە:

ڕاگەیاندراوی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

خەڵکی وڵاتداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

نەتەوەکانی بندەستی ئێران.

کۆر و کۆمەڵانی چاودێری سیاسی لە سەر ئێران.

چەند حەفتەیەکی دیکە! سینارێوی بە ناو هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران، و هەروەها مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێوە دەچێت.

پارتی سەربەستیی کوردستان بە هەڵسەنگاندێکی سیاسی و دروست لە پێوەندی بەم سینارێۆیە بە شێوەی خوارەوە بۆچوونی خۆی ئاراستەی گەلی کورد و گشت دانیشتووانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، و وڵات و ڕێکخراوەکانی چاودێری سیاسەتەکانی  ئێران دەکات.

یەکەم : پارتی سەربەستیی کوردستان لە تەمەنی نزیک بە ١٠ ساڵ بە سەر دامەزراندنیدا هەمیشە هەڵویستی لە پێوەندی بە سینارێوکانی ئێران لە ژێر ناوی هەڵبژاردن ڕوون و ئاشکرابووە، ڕاستیەکانی ئەو  فرت و فێڵەی بۆ خەڵکی کوردستان و جیهان ئاشکرا کردوە. دیسانەوە بە خەڵکی کوردستان و جیهان دەڵێین ئەوەی کە بە ناو هەڵبژاردنە هیچ بنەمایەکی دیمۆکراتی ومافی شارۆمەندییە نیە. تەنیا ڕێگە خۆشکراوە بۆ کۆمەڵێک کەسی تایبەت بەخۆیان کە لە ژێر ناوی هەڵبژاردن، و سەرکەوتنی هەرکام لەو کەسانە، مەبەستەکانی ڕێژیم جێبەجێ دەکرێت.

دووەم: باشترین بەڵگەش بۆ فریودانەکانی ڕێژیم لە ژێر ناوی هەڵبژاردن، ڕەدکردنەوەی کەسانی بێلایەنە کە دەیانەویست خۆین کاندید بکەن، هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک سەربە ڕێژیم یا دەزگا ئەمنییەکانیان نییە بە هیچ شێوەیەک قبووڵیان ناکەن خۆیان بپاڵێون،  و لە ڕێگەی ٤ فیلتەری پێداچوونەوە بۆ پەسەندکردنیان وڵامی ڕەدیان پێدەدرێتەوە. هەروەها قەدەغەبوونی هەر لایەنێکی سیاسیش کە لە ژێر سێبەری ویلایەتی فەقێ نەبێت، ئەمانە هەموو بەڵگەی بەرچاو حاشا هەڵنەگرن.

سێیەم : هەتا ئەو رێژیمە لە سەر کاربێت، مەترسیەکانی بۆ سەر کوردستان و نەتەوەکانی بندەست و جیهان زیاتر دەبێت، ئەوەش کە شاراوە نیە لەو وڵاتەی بە ناو ئێراندا تەنیا سیستەمی ویلایەتی فەقێە یاسای سەرەکی بەڕێوە دەبات، بێجگە لەوانی دیکە هیچ یاساو ڕێسایەک بوونی نیە. هەربۆیەش نەمانی ئەو ڕێژیمە و ڕزگاری خاکی داگیرکراوی کوردستان، تەنیا چارەسەرییە.

چوارەم، وەک پارتی سەربەستیی کوردستان داوا لە گشت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی بندەست لە ئێران دەکەین، کە لەو بەناو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن، و بە هیچ شێوەیەک شەرعیەت بە سینارێو و فرت و فێڵەکانی ئەو ڕێژیمە دژی ئازادی و مرۆڤایەتی مەدەن. ئەو رێژیمەی کە سەرتاپا دیکتاتۆر و دژ بە هەر جۆرە مافی هەر تاک و شارۆمەندییەکە، ناکرێت بروا بەهیچ پرۆسیەکی بکرێت کە بۆ فریودانی  ڕای گشتی ناوخۆ و جیهانی بێت.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان

١٦ رێبەندانی ٢٧١٦ ی کوردی

٥ / ٢/ ٢٠١٦ی زاینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.