بورجی ئیڤێل بۆ هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی حەلەب، کوژاوە+ ڤیدیۆ

0
983
15497801_1865182390360648_940178080_n
ئیڤێل – ئەمشەو

ڕۆژی کورد: بە بڕیاری خاتوو ئان هیدالگۆ شارەوانیی پاریس، ئەمشەو چوارشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، چراکانی بورجی ئیڤێل، بەمەبەستی هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ قوربانیانی شاری حەلەبی سوریا و لەناوچوونی ئەو شارە مێژووییە، کوژانەوە.

هاوکات کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ جەژنی سەرکەوتنی ئەسەد و ئازادکرانی حەلەبی دەگێڕا و لە چەند شاری ئێران بەو بۆنەوە شیرینی بڵاو کراوە. ڕاگەیاندنەکانی کۆماری

ئیسلامیی ئێران، ئازادکرانی حەلەب ـیان بە ئازادکرانی خوڕەمشار، شوبهاند .

ئێران، ئەمڕۆ
ئێران، ئەمڕۆ

لە سێهەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ڕابردووەوە، حەلەب لە ناو ئاگردا دەسووتا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە ناو ئاگر و بۆمبادا دەسووتێ.

ئەمڕۆ، هێرشەکان تەنانەت بەزەییان بە نەخۆشخانەکانیش دا نەهات و نە خۆشخانەی “ئەلبەیان”ـی حەلەب، کەوتە بەر دەستڕێژی بۆمباردومانەکان و دەیان منداڵ و ئافرەت تێیدا بوون بە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئێران، ڕووسیە و ئەسەد.

خەڵکانی سووریەی نیشتەجێی تورکیەش ئەمڕۆ بە دژی ئێران و ڕووسیە، ڕێپێوانیان کرد و دروشمی “نەمان بۆ ئێران و ڕووسیەی مرۆڤکوژ”یان گوتەوە.

کۆماری ئیسلامی کە لە ڕێگای حیزبووڵا، هێزەکانی سپای قودس و تاهریون و زەینەبیون و فاتمیون و دەیانی تر و تەنانەت وەک هەندێ زانیاری باس دەکەن، بەیارمەتیی هێزەکانی ی.پ.گ و بە پشتگیریی فڕۆکە شەڕکەرە ڕووسیەکان، چەندین مانگە، هێرشی بەرین دەکەنە ئەو شارە، لەو شەڕ و هێرشەدا کە تا ئێستا ٢ جار ئاگربەستی لەسەر کراوە و شکاوە، قوربانیی سەرەکی ژنان و منداڵان بوون.

سەدان منداڵی حەلەبی ئێستا بە دوای دۆزینەوەی دایک و باوکەکانیاندا لە ناو دڵی ئاگر و دووکەڵ، وێڵ و سەرگەردانن. شەقامەکانی حەلەب پڕن لەو کچ و کوڕە منداڵانەی ئێستا بە پۆل لە شوێن دایک و باوکیان وێڵن و دەڵێن “کوا دایک و باوکمان؟”. ئەوە جیا لە سەدان منداڵ کە لەو شەرانەدا کوژران و بوونە قوربانی یان کەم ئەندام بوون و ئاوارە بوون.

پیرە پیاوێکی حەلەبی ڕوو لە میدیا جیهانییەکان دەڵێ: “مەگەر ئێمە چیمان کردبوو کە خوا ئاوا سزای داین؟”.

حەلەب، ئەو شارە مێژووییەی سووریا لە ناو شەڕدا سووتا، خەڵکەکەی ژیان و گیانیان لەناو چوو، کۆماری ئیسلامیش لەسەر وێرانەکانی ئەو شارە، جەژنی ئازادبوونی دەگرێ و بە ئازادبوونی خوڕەمشاری دەشوبهێنێ.

هاتنە سەر کار، بوون و مانەوەی کۆماری ئیسلامی، تەنیا لە مانەوەی شەڕ دایە، قوربانیانی سەرەکیی شەڕی جیهان کاولکەری بەرەی شیعەش تەنیا خەڵکانی بێ تاوان و بەتایبەتی منداڵان و ژنانن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت