تاووتوێ کردنی پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان لەگەڵ “محەمەد فەرهادزادە”، کادری پێشکەوتووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

0
2334

لە دەیەی ڕابردوو دا دوو حیزبی چالاکئ گۆڕەپانی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات (کۆمەڵە و دێموکرات) تووشی چەندین لێکترازان و ناکۆکیی تەشکیلاتی بوون، ئەو بەش بەش بوونەوە زۆرترین کارتێکەریی نەرێنی لەسەر دۆزی نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستان هەبووە، هەنووکە هەر دوو ڕەوتی سیاسی، چەند هەوڵێکیان داوە تا وڵامی پێویستی تەبایی و پێکەوەبوون بدەنەوە.

بۆ تیشک خستنە سەر ئەو باسە، ناوەندی ڕۆژی کورد، وتووێژێکی لە گەڵ ڕێزدار “محەمەد فەرهادزادە”، کادری پێشکەوتووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، پێکهیناوە کە سرنجتانی بۆ ڕادەکێشین .

رۆژی کورد: بە گشتی لێکترازانەکانی ناو کۆمەڵە لە دەیەی ڕابردوودا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەو کەرت و پەرت بوونانە لە ڕوانگەی ئێوەوە فکرین یان زیاتر تکنیکی ناشارەزایی هەڵسو کەوتی ناو ڕێکخراوەیین؟

محەممەد فەرهادزادە
محەممەد فەرهادزادە

فەرهادزادە: پێشەکی سپاس و دەستخۆشی و ماندوو نەبونی لە ستافە بەڕێزەکەتان دەکەم .

بێ گومان لێکترازان و جیابوونەوەکانی کۆمەڵە و بە گشتی هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات، کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد لەو پارچەیە ، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی هەبووە . تا ئەو جێگەیەی کە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی نێوخۆیی، دەبێ بڵێم بە گشتی جۆرێک لە دڵساردی و بێ هیوایی لەناو جەماوەری کوردستاندا دروست کردووە کە من لێرەدا باسی خەڵک بە گشتی دەکەم نەک ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان لە ناوخۆ، هەرچەند کە زۆرن ئەو بنەماڵەی گیانبەختکردووانەی کە پێش ئەو جیابوونەوانە ڕۆڵەکانیان لەدەست داوە و لایەنگری لە هیچ لایەنێک ناکەن و ڕێز بۆ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵە دادەنێن، کەوابوو ئەوانە ناوی کۆمەڵە و دێموکراتیان بەلاوە گرنگە نەک لایەنەکان، لەسەر بابەتی دەرەکیش، دەبێ بڵێم پاکێج و مەسەلەی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە و لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەروا پشتگوێ خراوە چون دوو ناوی کۆمەڵە و دێموکرات هەیە،  بەڵام پێنج لایەن خۆی بە میراتگری ئەو دوو ناوە دەزانێ، و بۆتە هۆکار کە هەر لایەنەو خۆی بەتاک هەوڵ بۆ ناساندنی خۆی لەلای وڵاتان بدات و خۆی بە میراتگری کۆمەڵە یان دێموکرات بناسێنێ . هەر بۆیە جۆرێک سەر لێ شێواوی بۆ وڵاتان دروست کردووە، و بۆتە هۆکار بۆ بێ مەیلی لە پێوەندی و هاوکاری.

لەسەر جیابوونەوەکانیش دەمەوێ بڵێم هەم هۆکاری فیکری بووە و هەم هۆکاری تەکنیکی، ئەڵبەت بە بڕوای من لە ناو کۆمەڵەدا جیابوونەوەکان بەشی زۆری فیکری بوون، و بۆ بەڕێزانی ناو دێموکراتەکانیش باش وایە خۆیان ئەو هەڵسەنگاندنە بکەن.

 من پێموایە لە زۆرێک لەو حیزبانەی باسمان کردن سەرەڕای ئەوەی باسی دێمۆکراسی ناوخۆیی دەکرێ بەڵام نەبوونی دێمۆکراسی و یەکتر قەبووڵ نەکردنە کە بۆتە هۆکاری لێک دابڕان،  من کەم حیزبم بینیوە کە ئیزنی دابێ فراکسیۆن لە ناوخۆی حیزبەکەیدا هەبێ، هەر ئەو نەبوونی دێمۆکراسیی ناوخۆیی حیزبییە و قەبوڵ نەکردنی بیری جیاواز هاندەر دەبێت کە حیزبەکان و تاکەکان بەرەو دیکتاتۆریەت بڕۆن و ئەو لێک دابڕانانەی لێ بکەوێتەوە.

رۆژی کورد: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانی فەرمیی خۆیدا بەردەوام پێداگری لە سەر یەکڕیزی و تەبایی کردووە، ئایا ئەو بانگەشانە تا بە ئێستا ئەنجامی ئەرێنی بووە؟

فەرهادزادە: ئێمە هەرلەسەرەتای جیابوونەوەمان و لە یەکەم کۆنگرەی دوای جیابوونەوە (هەرچەند ئەو جیابوونەوەیە بە بێ خواستی خۆمان  بەسەرماندا سەپێندرا)، بە کۆی دەنگ ئەوەمان پەسەند کرد کە کار بۆ لێک نزیک بوونەوە و یەکگرتنەوەلەگەڵ لایەنەکانی کۆمەڵە و هاوکاری و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و تەنانەت پێکهێنانی بەرەیەک لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکرێ و هەوڵ بۆ دروست کردنی بەرەیەکی چەپ بدرێ .

هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە  وەک ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٢ و تەنانەت ئەندامانی پەسەند کراوی کۆنگرەی ١٣ی کۆمەڵەش، ڕاسپێردراین و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەش بە حاڵی خۆمان کارمان بۆ کردووە، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئێمە نیوەی کێشەکەین و نیوەکەی تر، لایەنی بەرامبەرە کە چۆن دێتە پێش، هەرچەند کە من بێ هیوا نیم و ئەم بڕیارە بەرهەمیشی بووە.

رۆژی کورد: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا لە کۆنفرانسێکی ناوخۆییدا لە سەر یەکڕیزی، بڕیارێکی گرنگی دا. لە پرۆژەی بەڕێوەبەریی ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسەدا لە سەر لایەنە دابڕاوەکانی ناو کۆمەڵە کام بڕیارتان دا؟ ئایا تێیدا سەرکەتوو بوون کە لانی کەم بەشێک لەو لایەنە پڕش و بڵاوانە لێک کۆ بکەنەوە؟

فەرهادزادە: لە کۆنفرانسی ٩ی کۆمەڵە، پێداگری لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتنەوە کراوە و ئێمە سەبارەت بەوە لە زووەوە سەری دیالۆگێکی چڕوپڕمان لەگەڵ دوو لایەنی کۆمەڵە کردۆتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێش چووین و بۆ ئەو مەبەستە هەر سێ لایەن بۆ بەرەوپێش چوونی باسەکانی یەکگرتن، لێژنەی هاوبەشمان پێکهێنا، بۆ نموونە لێژنەی تایبەت بە نووسینی ئەساسنامە و پێڕەوی ناوخۆ و جۆری حیزبایەتی و …هتد، بۆ حیزبی یەکگرتووی داهاتوو، کە بە خۆشحاڵییەوە زۆرێک لە لەمپەر و کۆسپەکان وەلا نراون و تەنیا وەردەکارییە تەکنیکیەکان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەو یەکگرتنەوەیە ماوە و بڕیارە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٧ دانیشتنی کۆتایی بکەین  لەسەر ڕاگەیاندنی کاتی یەکگرتنەوەکە.

رۆژی کورد: لەگەڵ دوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران  و ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە، ڕێککەوتنێکتان هەبووە؟

فەرهادزادە: ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، خۆمان بە ڕەوتێکی چەپ و سوسیالیستی لە کوردستان دەزانین و لەهەمان کاتدا خەباتی نەتەوەیی بە ئەرک و کاری خۆمان دەزانین و بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە ستەمی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافەکانی، کەوابوو هەرکەس و لایەنێک کە ئەو خاڵانەی سەرەوە بیگرێتەوە، ئێمە هاوکاری دەکەین و هەوڵ دەدەین بۆ لێک نزیک بوونەوەی .

لەگەڵ “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، ئێمە پێشتر هەوڵمان بۆ دا،  بەڵام بەداخەوە لەلایەنی بەرامبەرەوە بەربەستی بۆ دروست کرا و سەری نەگرت کە من هیواخوازم لە داهاتوودا سەری ئەو دیالۆگانەش لەگەڵ ئەو بەڕێزانە بکرێتەوە، و سەبارەت بە  “کۆمەڵە –رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” هیچ ڕێکەوتنێک نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵام پێوەندیمان هەیە و لە ئاستی سەرەوەش دانیشتن و دیالۆگ کراوە و بۆ ئە بەڕێزانەش من هیوادارم بتوانین وەک دوو لایەنی چەپ لە کوردستان لە ژێر چەترێکدا هاوکاریی نزیک و چڕ وپڕمان هەبێ.

رۆژی کورد: لە کۆتاییدا ئەگەر بابەتێک سەبارەت بەو مژارە ماوە و دەتانهەوێ بۆ خوێنەرانی ناوەندی ڕۆژی کورد باس بکەن فەرموون.

فەرهادزادە: تەنیا قسەیەک کە لەسەر ئەو بابەتە دەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە کە، بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هەموو بەشەکانیەوە، هیچ ڕێگا چارەیەکیان نیە، جگە لە دیالۆگ و لێک تێگەیشتن و دڵفراوانی و لە کۆتاییدا نزیکبوونەوە و هاوکاریی یەکتر کردن، ئێمە وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای جیاوازییە فیکرییەکانمان هەتا وشەی “من،  من” لە نێوانماندا بێت، ناتوانین خۆمان لەو قەیرانی پەرتەوازەییە دەرباز بکەین و هەر ڕۆژە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە بزانین دوژمنە هاوبەشەکەمان زەبر لە کام باڵ و کام لایەنی کۆمەڵە و دێموکرات دەدا. بە دڵنیاییەوە پێکهێنانی بەرە و هاوکاریی ئاسایشی و سیاسی دەتوانێ قەڵغانێکی پتەو بێ لەبەرامبەر دوژمنەکەمان کە کۆماری ئیسلامییە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت