شەریف بێهرووز: نەک پاشگەزبوونەوە لە گشتپرس بۆ سەربەخۆیی، بەڵکوو وەدوا خستنیشی زەبرێکی قەرەبوونەکراوە لە ئیرادە و شعووری نەتەوەیی کوردە

0
1060

ناوچە و جیهان لە شڵەژانێکی سەیروسەمەرە دایە، ڕووداوەکان، بڕیارەکان و مەترسییەکان بە چرکە گۆڕانیان بەسەردا دێ، ئەوەی ئۆباما لە هەشت ساڵدا کردی بە دەرفەت بۆ داگیرکەرانی کوردستان و هێزخوازانی ناوچە، ئێستا ترامپ لەگەڵی ڕووبەڕوویە. مەترسیی داعشیش ئەوا لە گۆشەیەکی جیهان بەرەو تەواوبوونە، لەو ناوەدا کوردیش لە باشوور بە تەمای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و ئەنجام دانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی خۆیەتی، گەلۆ ئەنجامەکان چی دەبن؟ ئێران و تورکیا چ هەنگاوێک دەنێن، ئەم باسەمان لەگەڵ بەڕێز شەریف بێهرووز، چالاک و چاوەدێری سیاسیی کورد تاووتوێ کردووە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەتایبەتی، نها لە ئاڵوگۆڕییەکی بەرچاوا دایە، ڕیزبەندییەکان بە ڕوونی دیارن و بۆ یەکەمجار لەم ڕیزبەندییەدا، وڵاتانی عەڕەبی و ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپایی لە یەک ڕیز دان و تورکیەش چووەتە ڕیزی ڕووسییەوە، کوریای باکوور خۆی بووەتە جەمسەرێکی ئاڵۆزییەکانی جیهان و لەولاشەوە کورد بۆ یەکەمجار بە کردەوە هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی ناوە و بە جیهانیش بووە، لاتان وایە، کۆماری ئیسلامی و تورکیە کە لە ڕیزبەندیی ڕووسیە و تا ڕادەیەکیش چین دان، دەتوانن لە هەمبەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کورد چ بکەن؟

شەریف بێهروز

بێهروز: ڕاستە، ئالوگۆڕەکانی کە هەنووکە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن فرە بەدەر لە ڕواڵی ئاسایی مێژوویی خۆیانن.  هاوپەیمانەکان خێرا ئاڵوگۆریان بەسەردا دێ و دۆست و دوژمن هەتاهەتایی نین.  ڕۆژانێک، حکوومەتی تورکیا هاوپەیمانی گورجوگوڕی ئەسەد لە سوریا بوو کە چی بە وەرسووڕانێک ئەم هاوپەیمانییە تێک قرما و ئێستا لەبەر بەرژەوەندیی تر بە تایبەتی لە ترسی بەدەوڵەت بوون و بەدەسەڵات گەیشتنی کورد، ئانکارا و شام جارێکی تر لێک نزیک دەبنەوە.  پێوەندیی ڕوسیا و تورکیا هەر هەمان ڕەوتی تێپەڕ کردووە و پێوەندیی گشت وڵاتەکان لەگەڵ یەک، تاکتیکی بووە تا ستراتژیک.  ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە کە چۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا ڕێگای بۆ زۆر وڵاتانی سەرەڕۆ وەکوو ڕوسیە و ئێران و تورکیا خۆش کرد تا دەستێوەردانی نەرێنی لە ناوچەکەدا بکەن و لە ئاکامیشدا ئەم سیاسەتە، سەرهەڵدانی داعیشی لێکەوتەوە.  هەر ئەو هەڵە ستراتژیکییەی ئەمریکا وایکرد کە زۆر وڵات و ئەکتەری ناوچەکە پێداچوونەوە بە پێوەندیی ستراتژیکی خۆیان لەگەل ئەمریکادا بکەن و ڕوو لە زلهێزی نوێ واتە ڕووسیا بکەن.  بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ کورد و سەربەخۆیی بێگومان دەبێ دۆخی کورد لە هەر کام لە وڵاتەکان لە سێرەی سیاسەتی وڵاتەکان و پێوەندییە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکانیاندا لێکبدرێتەوە.  تا ئەو کاتەی تورکیا هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە بوو، باسی کێشەی کورد لە تورکیا و هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی کورد لەم بەشە، لەلایەن ئەمریکا و بگرە ئیسرائیلیشەوە بڤە بوو بەڵام ئێمە ئیستا دەبینین کە لایەنەکانی کوردی لە باکوور و ڕۆژئاوا پێوەندیی گەرموگوڕییان هەیە کە لەوانەیە ئێستا تاکتیکی بن بەڵام دەتواندرێ بکرێن بە پێوەندییەکی ستراتژیک کە قازانجی کوردی لێبکەوێتەوە، هەروەکوو لە باشوور لێیکەوتۆتەوە و ئێستا کوردی باشوور و دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوردی، هاوپەیمانی حاشاهەڵنەگری ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکایە. لەو سۆنگەیەوە مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە وەکوو دەسەڵات لە قازانجی کورد دایە و لە داهاتوودا بە قازانجی کورد تەواو دەبێت.  گرژبوونەوەی پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تارانیش بە هەمان شێوە لەوانەیە دۆستی ستراتژیکی نوێ لە ناوخۆی ئێران لێبکەوێتەوە، بە تایبەتی لە نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە بە ئاشکرا بانگەشەی دۆستایەتی لەگەل ئەمریکا دەکەن و لایەنەکان خۆیان زیاتر لەم بەرەیەدا دەبیننەوە تا بەرەی چین و ڕوسیە.  بەڵام بێگومان، دامەزراندنی دۆستایەتی تەنیا لەگەڵ لایەک و زلهێزێک سیاسەتێکی هەڵەیە و نە بە شێوەی کاتی و نە بەدرێژخایەن بە قازانج نییە.  ئەمریکا وەکوو زلهێزێک گرنگە بەڵام کەمتر بڕیار وەکوو سەربەخۆیی کوردستان بە بێ ئیرادەی ڕوسیە و چین وەکوو دوو وڵاتی بڕیادەری جیهان جێبەجێ دەبن، بۆیە گرنگە کورد و لایەنەکانی، دەرگای وتووێژ و پێوەندی لەگەڵ گشت لایەنە بڕیاردەرکان بکەنەوە یان لانیکەم ئاوەڵەی ڕابگرن.  خزانی کوردەکانی ڕۆژئاوا بۆ لای ڕوسیا لە بەرەبەرەی ئالۆزبوونی پێوەندییەکانی تورکیا و ڕوسیام لە سەر یارمەتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بە کوردەکان لەم بەشە زۆر کارتێکەر بوو.

بەڵام پرسیارەکەی جەنابت زیاتر داوای سەربەخۆیی کورد لە باشووری کوردستان دەگەینێ و ئەو ڕێفراندۆمەی کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە بچێ.  بەو لێکدانەوە کورتەی سەرێ، بۆمان دەردەکەوێ کە وڵاتانی زلهێزی وەکوو ڕوسیا و ئەمریکا بۆ پواند وەرگرتن لە وڵاتانی کارتێکەری ناوچەکە وەکوو ئێران و تورکیا و هتد… زۆر هەڵویست دەگرن و هەنگاو دەهاوێن کە لەوانەیە لە گەڵ داب و نەریتی سیاسیی خۆیان نەگونجێ و لەوانەیە دژایەتی نەکردنی سەربەخۆیی کوردستانیش یەکێک لەوانە بێ.  هیچ کام لە وڵاتانی دژبەر بێ ئەم لاوئەولای کورد، تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق هەنووکە ناتوانن قەناعەت بە ئەمریکا و ڕوسیا بێنن کە دژی سەربەخۆیی کوردستان بن، چوون ئەو وڵاتانە هیچ کامیان ئەو گرینگییەان نەماوە کە کاتی خۆی بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی ناوچەکە هەیان بوو.  تورکیا لە بەر زۆر هۆی ئابووری، ڕاستەوخۆ و شێلگیرانە دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان ناکات، لەبەر ئەوەی کە هاتنەدەرەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق بە جۆرێک لە دەسەڵاتی وڵاتێکی تری شیعە کەم دەکاتەوە و لە ئەجێندای دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیادا ئەمە فاکتۆری یەکلاکەرەوەیە و هەروەها کوردستانی باشووریش لە باری ئابووریەوە هەم ئێستا وەکوو دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دیفەکتۆ هەم لە داهاتوودا وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ، قازانجی زۆر بۆ ئابووری تورکیا هەیە.

دژایەتیی ئێران لەگەڵ سەربەخۆ بوونی کوردستانی باشوور هەر هەمان شتن کە تورکیا هان دەدات دژ بە سەربەخۆیی نەبێ، بەڵام  دژایەتی کردنی ئێران لایەنی تریشی هەیە، ئەویش کوردی ڕۆژهەڵاتە کە ئەوانیش چارەسەریی کێشەی خۆیان لەگەڵ تاران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا ببینەوە. بەڵام هەروەک چۆن لە بەرامبەر سەربەخۆیی ئازەربایجاندا کاتی خۆی زۆر دژایەتی نەکرد، لەوانەیە بە نیسبەت باشووری کوردستانیش هەمان هەڵوێستی بێت بە مەرجێک بتوانێ باشووری کوردستانی سەربەخۆ لە مەترسییەک بۆ دەرفەت بگۆڕێ.  بۆ وێنە باشووری کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و دەسەڵاتی باشوور بە بێ ئیزنی تاران نەتوانێ هیچ بڕیارێک بدات و پێش لە جموجۆڵی چالاکان و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور و بگرە لە سنووریش بگرێ.  بەم مەرجانە لەوانەیە ئێران قەبووڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان بکات  و ئەم هەڕشە و گوڕەشە ئاشكرا و توندانەش زیاتر بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە باشووری کوردستانە تا دژایەتی کردنی بێ ئەم لاوئەولا لەگەڵ سەربەخۆیی.

ڕۆژی کورد: محەممەد باقری، بەرپرسی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی، سەردانی تورکیەی کرد، بەشێک لە شارەزایانی سیاسی، باس و گفتوگۆکانی نێوان تورکیە و ئێران لەو سەفەرەدا بە ڕێکەوتننامەی سەعداباد دەشوبهێنن کە باسی سەرەکییەکەی بە ناڕاستەوخۆ لەسەر کورد بووە، چەندە پێتان وایە دەکرێ و دەبێ کورد لەبەر ئەو هەڕەشانە بۆ ماوەیەک لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی پاشگەز ببێتەوە؟

بێهروز:  بەشێكی زۆر لە کێشەکانی ناوچەکە پێوەندییان بە کێبەرکێی نێوان ئەو دوو وڵاتە وەک نوێنەری دوو جەمسەری دینی ئیسلامەوە هەیە، بەڵام بێگومان لە سەر کێشەی هاوبەشیان کە کێشەی کوردە دەتوانن هاوهەڵوێست بن و کاری بۆ بکەن، بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد بڕیاری ئەم دوو وڵاتە و چەندین وڵاتی تر گرنگە بەڵام یەکلاکەرەوە نییە.  ئەگەر دەسەڵاتی کوردی لە باشوور بتوانێ ڕای ئەرێنیی دەرزەنێک وڵاتی عەرەبی و لە سەرەوەی هەموویان عەرەبستانەوە بۆ سەرەبەخۆیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ ئەودەم بڕیاری ئەم چەند وڵاتە کە وڵاتی کوردیان داگیر کردووە بێ بایەخ دەبێ هەرچەند دژیشی بن.  پاشان ئەو خەسار و زیانانەی کە تاران لە سەربەخۆبوونی باشوور دەیبینێ، ئانکارا هەست بەهەمان مەترسی ناکات و بگرە سەربەخۆیی ڕاست لە بەرژوەندیی خۆیدا دەیبینێ کەوابوو مادام بەرژوەندییەکانیان یەک نیە، هەڵوێستیشیان لەهەمبەر ئەم پرسە ناتوانی یەک بێ، هەرچەند وا پێشان بدەن.

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە، دۆخی ناوخۆیی ئێران و تورکیە، بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە کوردستان، هەبوونی هێزی ئەمریکا لە سووریە و عێراق و ئەفغانستان و چالاکیی چەکدارانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئامادەبوونیان لە سنوورەکان، دەتوانن ئەو فاکتەرگەلە بن کە کورد پشتیان پێ ببەستێ بۆ ئەوەی کە ئێران و تورکیە لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ناتوانن هێرش بکەنە سەر هەرێم؟

بێهروز:  هەروەک ئاماژەم پێکرد، دۆستایەتیی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لە چەند ساڵی پاش سەرهەڵدانی داعیش بۆتە پێوەندییەکی ستراتژیکی.  پێناچێ ئەم وڵاتانە ئاوا بە سانایی ڕێگا بە ئێران و تورکیا و بگرە عێراقیش بدەن بە کەیفی خۆیان لە باشووری کوردستان ڕمبازێن بکەن.  زۆربەی ئەم وڵاتانە کۆنسول و هێزی سەربازی و هتد…ـیان لە هەرێمەکە هەیە و بۆیان گرنگە. ئێران و تورکیا تەنیا دەتوانن بە هۆی گوشاری ئابووری و جوغرافیایەوە، هەرێم لە بەسەربەخۆ بوون پاشگەز بکەنەوە کە بۆخۆشیان زەرەر و زیانی بە میلیاردی تێدا دەکەن کە بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئابووری و سیاسیی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران و بەرژوەدنییەکانیان لە هەرێمی کوردستان ئەم وەک جۆرێک خۆکوژیی سیاسی چاو لێدەکردرێت.

دیارە فاکتۆری دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پڕچەککردنی ڕاستەوخۆیان لە لایەن دەرەوە و سەڵماندنی هێزو توانایان لە بەرامبەر داعشەوە دەتوانێ زەنگی مەترسییەک بێ بۆ ئەم وڵاتانە، گەلۆ بیر لە هێرش بۆ باشووری کوردستان بکەنەوە.  بە نیسبەت ئێرانەوە بێگومان هاوهەڵوێستی و نزیکیی سیاسیی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوور و لە هەرێمدا دەتوانێ هاندەر بێ کە ڕژێمی تاران بیر لە هێڕش بۆ سەر ئەم هەرێمە نەکات و ئاکامە خەراپەکانی لێکداتەوە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەندێ دەنگی ناشاز کە لە هەرێم دەبیسترێن، پێدەچێ کورد تا ئێستاش ئامادەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەبێ، ئێوە ئەو دەنگە نەیارانە چٶن هەڵدەسەنگێنن و کاریگەرییەکانیان چۆن دەبینن؟

بێهروز:  ئەگەر قەرار بێ بەم ئاقارە بڕۆیینم لەوانەیە کورد هیچ کات ئامادەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەبێ.  ئیسرائیل کاتی سەربەخۆیی ڕاگەیاند دەتوانم بڵێم دۆخیان وەک ئێستای کورد لە باشووری کوردستانیش باش نەبوو نە لە بواری نێودەوڵەتی و نە لە بواری ناوچەیییەوە.  کە چی بڕیاری سەربەخۆیی خۆیان دا و ئامادەش بوون نرخەکەشی بدەن کە یەکێک لەوان چەندین شەڕ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بوو.  مخابن لە نێو کۆمەڵگای سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردا و لە مێژووشدا ئەمەمان زۆر بینەوە کە ڕق و کینەی تاکەکەسی و گرووپی وامان لێدەکات هێندێک جار لە بەرژوەندییە نەتەوەییەکان چاومان نقم کەین و لە یەک بکەوینە سەنەگەرەوە.  ئەو دژایەتییەی ئێستا بە نیسبەت سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان دەبیندرێ زیاتر وەکوو بەتاڵکردنی ڕق و کینەیەکی چەند کەس و لایەنێک لەگەڵ لایەنێکی ترە تاکوو دژایەتیی گشتیی خەڵک بە نیسبەت سەربەخۆیی کوردستان.  من دڵنیام کە ڕادەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان سەڕەڕای ئەوە کە زۆر بە ڕەخنە و گلەیین لە کاربەدەستانی هەرێم و پارتە ڕەسەن و سەرەکییەکانی، یان دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن یان بەشێکی زۆر کەم لەم ناڕازییانە لە چوون بۆ سەر سەندووقەکان خۆ دەپارێزن.

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێووە پاشگەزبوونەوەی کاتی یان درێژماوەی کورد لە کوردستانی باشوور لە سەربەخۆیی و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، چ کاریگەریگەلێکی دەبێ؟

بێهروز: من ڕام وایە نەک پاشگەزبوونەوە بەڵکوو وەدوا خستنیشی زەبرێکی قەرەبوونەکراوە لە ئیرادە و شعووری نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری لە چنگ بندەستی و چاولەدەستیە.  سەرەبەخۆیی کوردستان لە هەر یەک لە بەشەکان گریمانە دەکردرێ بە شێوەی دیالۆگ لە گەڵ هەریەک لە وڵاتانی داگیرکەر جێبەجێ بکردرێ بەڵام بەو ناسینی ئێمە لەم نەتەوە باڵادەستانە و لەم وڵاتانە هەمانە هەر قەول و بەڵێنییەک هەنووکە بۆ پاشگەزکردنی ئێمە لە سەربەخۆبوونی کوردستان بیدەن پووچ و هیچە و تەنیا بۆ کڕینی کات و پەکخەستنی بەرژوندییەکان و هەلەکانە بە قازانجی خۆیان و بە دژی ئێمە و هیچی تر.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت