ڕاپۆرتێک لەسەر کار و چالاکییەکانی کۆما نۆژین لە وڵاتی بلژیک

0
1059

ڕۆژی کورد: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپی نۆژین، لەژێر ناوی “نا بۆ شەڕ، بەڵی بۆ ئاشتیی”، لە شاری لۆڤینی وڵاتی بلژیک، ئێوارە کۆنسێرتێکیان سازدا.

لە ڕێکەوتی 18/2/2017 دا لە شاری لۆڤێن ئێوارە کۆنسرتێک لە کلیسای dorpstraatt لە ناوچەی winksele بەڕێوەچوو کە لەو ئێوارە کۆنسرتەدا گرووپی موزیکی نۆژین و گرووپێکی بلژیکیی بە ناوی براڤان فۆلکلۆر ئۆرکێست، بەشدار بوون.

لەسەرتادا گرووپی نۆژین بەرهەمەکانی خۆی پێشکەش کرد کە لە لایەن بەشدارانەوە زۆر ڕێزیان لێگیرا و لە کۆتاییدا بۆ دەسخووشی لە گرووپەکە هەموو بە چەپڵەڕێزان هەستان سەر پێ و ڕێزی تایبەتیی خۆیان بەو گرووپە پێشکەش کرد.

پاشان گرووپی براڤان فۆلکلۆر ئۆرکست، بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا هەردوو گرووپ پێکەوە سترانی جانێ جانێ، کە سترانێکی کرمانجی ژوورووە بە شێوەی کۆڕاڵ و موزیکەوە پێشکەش کرد و بەو شێوە کۆتایی بەو ئێوارە کۆنسێرتە هات.

گرووپی نۆژین لە ڕێکەوتی 26/6/2016 دا لە شاری لۆڤێن دامەزرا و ئەندامەکانی ئەم گرووپە پێکهاتووە لە کوردانی ڕۆژ ئاواو و ڕۆژهەڵات و خاتوونێکی بلژیکیی کە پیانیستە.

ئەم گرووپە لەگەڵ ئەوەی تازە دامەزراوە بەڵام توانیویەتی جێگە و پێگەی خۆ بە ڕادەیەکی بەرچاو لەو وڵاتەدا بکاتەوە و بۆ زۆرێک لە بۆنە کلتوورییەکانی وڵاتی بلژیک بانگهیشت کراوە.

ڕۆژی کورد لە نزیکەوە چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ بەرپرسی کۆمانۆژین بە ناوی ئەکرەم حەمۆ پێک هێنا و لەسەر ئامانج و بەرنامەکانی داهاتوو ئەو گرووپە پرسیاری کرد.

ئەکرەم حەمۆ لە وڵام دا وتی: هەموومان باش دەزانین کە موزیک زمانێکی جیهانییە و ئێمە ئامانجمان ئەوەیه لە ڕێگەی موزیکەوە هەم نەتەوەکەمان و هەمیش کلتووری نەتەوەکەمان بە دنیای دەرەوە بناسێنین.

لە درێژەدا ئەکرەم هەمۆ وتی: موزیکی ئێمە موزیکێکی زۆڕ دەوڵەمەندە و بۆ هەموو خۆش و ناخۆشی و درد و ئازارەکانی ژیان، مێلۆدی هەیە و بەڵام بە داخەوە لەو چوارچێوەی کۆنەی خۆیدا ماوەتەوە و ئێمە دەمانەوێ له چوارچێوە مۆنیفۆنییەدا، دەری بهێنین و بەرەو هێمۆ فۆنی بیگوازینەوە و بەتەواوی لە موزیکی ڕۆژئاوایی نزیکی بکەینەوە.

جێگای ئاماژە پێدانە کە موزیکی کوردیی تا به ئەمڕۆش لە دنیای دەرەوە بە ناوی نەتەوەی کوردەوە نەناسراوەو و هەمووکاتێک وەک بەشێک لە موزیکی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان ناسراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت