زانیاریی ورد لەمەڕ چۆنیەتیی کارەساتی هێرش کرانە سەر مەقەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە پیلانی ئێران

0
3864

ڕۆژی کورد: سەرچاوەیەک لە باڵەکایەتی لە پەیوەندی بە ناوەندی ڕۆژی کورد ڕایگەیاند، ئەو برایانە لە ناو سەیارەکەیانەوە، تەقەیان لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کردووە و بە هۆی تەقەی برا شۆفیرەکە (سایق) ئەو دوو برایەی کە لە پشتەوە دانیشتوون کوژراون چون لە کاتی لێخوڕینی ماشێنەکەدا کۆنترۆڵی خۆی لە دەست داوە و هاوکاتیش تەقەی کردووە و کە برای یەکەم بریندار بووە زیاتر شڵەژاوەو لە ئەنجامی تەقەیەکی تردا، برای دووهەمیشی پێکاوە و تا ئێستاش دۆخی خۆی لە ڕووی دەروونییەوە جێگیر نیە بۆیە ئامادەش نین بیخەنە بەر چاوی کامێرای ڕاگەیاندنەکان و شاردوویانەتەوە، چون بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە “من برای خۆم کوشتووە”.

ئەو سەرچاوەیە کە خۆی شارەزای باری سەربازییە و ساڵانێک پێشمەرگە بووە، باسی لەوەش کرد کە گولەیەک کە لە سەقفی ترۆمبیلەکە دراوە باش دەریدەخا کە تەقەکە لە ناو سەیارەکەوە کراون نەک لە دەرەوە.

جێگای ئەو گولەیەش کە لە سەقف دراوە، هی کلاشینکۆفە نەک دەمانچە.

هەروەها دەشڵێ: “بەپێی ئەو زانیارییانەی کە من هەمە، سەرجەم سێ فیشەک وە سەیارەکە کەوتووە لە هەمان کاتدا دوو کەس کوشتراوە، هەر بۆیەش بە دڵنیاییەوە خوێنەرانتان ئاگادار دەکەمەوە کە گوللـەکانی خودی ئەو کەسانەی گوندەژۆر، وەخۆیان کەوتوون و بکوژ، کەسی سایق ـە”.

هاوکات شێوە و ڕادەی چڕژدانی شووشەی ترۆمبیلەکەش دەریدەخات کە گولەکە لە نزیکەوە واتا لە ناو ماشێنەکەوە هاویشتراوە نەک لە دەرەوە. گوللـەی لە دوورەوە، شوشەی ماشێن بەتەواوی وردوخاش دەکات بەڵام کە لە نزیکەوە بێت تەنیا کونی دەکات یان چڕژی پێدەدات.

سەرچاوەی ڕۆژی کورد باس لەوە دەکات کە ئەو برایانە دوای ئەوەی کە پیلانەکەیان سەرناگرێت و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەوان نەبووە و بە گەرمیش سڵاویان لێکتری کردووە، دوای تێپەڕینیان لەلای پێشمەرگەکان، لە ناو سەیارەکەوە دەستیان کردووە بە تەقە بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە. ئەو سەرچاوەیە بۆ پشت قایمیی قسەکانی خۆی دەڵێ: “ئەگەر بڕیار بوایە شەڕێک هاتبایە ئاراوە ئەوا دەبوو لە دەرەوەی ماشێنەکە و لە شوێنی ڕووداوە ساختەکە بوایە نەک دوای سواربوونی سەیارە بە مەبەستی بەجێهێشتنی شوێنەکە و پێشمەرگەکان ئەگەر نیازیان کوشتن بوایە هەر لە شوێنی ڕووداوە ساختەکەوە، دەرفەتی کوشتن و چەک هەڵکێشانیان بوو و مۆڵەتی سواربوونیان پێنەدەدان.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، ئەو برایانە بە مەبەستی خواردنەوە چووبوونە ئەو بەناو باغەی خۆیان کە هەڵبەت چەند دارێک زیاتر نیە و شتێک بە ناوی باغ بوونی نیە و تەنیا چەند دارێکە نەک زیاتر بۆیەش ڕاگەیاندنەکان تا ئێستا خۆیان لە نیشاندانی شوێنەکە بە ناوی باغ پاراستووە.

سەرچاوەی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد کە خۆی خەڵکی یەکێک لەو گوندانەیە و لە ناو ڕووداوەکان دایە، هەروەها گوتیشی: “دۆخی ئەو پێشمەرگانە کە بە دیل گیراون باش نیە و بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکرێت، بەتایبەت دۆخی ئەو کچە پێشمەرگانە کە پێدەچێ تازە پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکان بووبن، زۆر نالەبارە”.

ئەو سەرچاوەیە کە لە شەوی ڕابردووەوە وەک کەسێکی بێ لایەن بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕووداوە کردووە باسی لەوەش کرد کە بۆ شێواندنی دۆخ و هەستاندنی ڕقی خەڵک، کەسانێکی تر کە دواتر چوونە شوێنی ڕووداوەکە، بە ئانقەست تەقەیان لە ماشێنەکە کردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت