کۆنفرانسی “ئێمە هەموو بۆ دژایەتی لەگەڵ تیرۆر لێرەین” لە فەڕانسە بەڕێوەچوو

0
791

ڕۆژی کورد: ڕۆژی شەممە ٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ بەرانبەر لەگەڵ ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پاریس کۆنفرانسێک لە ژێر ناونیشانی “ئێمە هەموو بۆ دژایەتی لەگەڵ تیرۆر لێرە کۆبووینەوە” لەلایەن ئاژانسی نێونەوەتەیی ڕۆژنامەنووسی و لێکۆڵینەوە ستراتژیکەکان (AIJES) کە ناوەندەکەی لە فەڕانسەیە و لە بواری کاروباری وڵاتانی کەنداو بەگشتی و بەتایبەتی یەمەن، چالاکی دەکات، بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفرانسەدا کۆمەڵێک لە خەڵک و چاوەدێر و چالاکانی وڵاتانی عەڕەبی بەتایبەتی ئێراق و سووریە و کۆمەڵێک کەسایەتیی فەڕانسەوی و کورد بەشدار بوون.

کۆنفرانسەکە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٥ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ درێژەی بەکارەکانی خۆیدا و تێیدا تاووتوێی تیرۆریسم لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

بەشداربووان و کۆڕگێڕان، پێداگری و جەختێکی تایبەتییان لەسەر دەست تێدابوون و پشتیوانیی تیرۆریزم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە وڵاتانی جیاجیای ناوچەکە کرد و کۆماری ئیسلامییان وەک بناخە و مەکۆی تیرۆریزم لە ناوچەکە پێناسە کرد و جەختیشیان کردەوە، دەبێ پێش بەو ئاڵۆزییە کە لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە ناوچەکە و لە ڕێگای پەرەپێدانی تیرۆریزمەوە هاتووەتە ئاراوە، بگیردرێ.

لەو کۆنفرانسەدا، جەماڵ پوورکەریم، چالاکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، باسێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و گوتی: “کاتێک باس لە تیرۆریزم دەکرێت و ئێمەش بۆیە کۆبووینەوە تا دژایەتی لەگەڵ تیرۆریزم بکەین، ناکرێ، دەوری کۆماری ئیسلامی لە سەرهەڵدان و پەرەپێدانی تیرۆریزم لە ناوچە و جیهاندا نەبینین.”

پوورکەریم بە ئاماژە بە تیرۆری ڕێبەرانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و تیرۆری زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور گوتی: “ئەگەر تیرۆریزم وەک مارێک چاو لێبکەین، ئەوا سەری مارەکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بۆ لە ناوبردن و بنەبڕ کردنی تیرۆر، دەبێ سەری مارەکە پان بکرێتەوە”

ئەو چالاکە سیاسیەی ڕۆژهەڵات هەروەها گوتیشی: “هەندێ لە وڵاتانی ئازادی جیهانیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بە هۆی بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابووریی خۆیان، چاویان لە تیرۆرەکانی ئێران پۆشیوە و وەک وڵاتی ئۆتریش، هەندێ لە تیرۆریستەکانی ڕێبەرانی کوردیان بە ڕۆژی ڕوون و بە ئیسکۆرتەوە ناردەوە تاران و ئەوەش کردەوەیەکی ناسیاسی و دژ بە ئەخلاقی سیاسییە کە مخابن پەیڕەو کراوە کە هەر ئەو کردەوانە بون بە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا خەریکە دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەکا، تیرۆری لە هەموو جیهاندا بڵاو کردۆتەوەو بووە بە مەترسی لەسەر دێموکراسی و خودی ئەو وڵاتانە”.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.