کوردێکی ڕۆژهەڵاتی یەکەمین كۆمپیوتەری كوانتەمی دژە هاك دروست دەکات

0
1998

ڕۆژی کورد: پرۆفیسۆر د.ئیبراهیم كەریمی کە یەكێكە لە پڕۆفیسۆرەكانی زانكۆی ئۆتاوا لە كەنەدا، یەکەمین كۆمپیوتەری كوانتەمی دژە هاكی دروست کرد

دوکتور كەریمی ئێستا خاوەنی كورسی توێژینەوەی كەنەدییە بۆ ئەندازەی رووناكی كە لەلایەن حكومەتی كەنەداوە گوژمەی ساڵانە بۆ توێژینەوە زانستییەكانی تەرخان دەكرێت.

دوکتور کەریمی  لە دیمانەیەک لەگەڵ ڕووداو وەها خۆی ناساندووە: “من لە شاری سەقز لەدایك بووم، هەر لەوێش خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەییم تەواو كردووە. بەكالۆریۆسم لە فیزیا لە زانكۆی كرمان خوێند و یەكێك بووم لەوانەی لەسەر ئاستی ئێران بۆ خوێندنی ماستەر هەڵبژێردرام. ساڵی 2003 لە سەنتەری خوێندی باڵا بۆ زانست لە شاری زنجانی ئێران بە سەركەوتوویی خوێندنی ماستەرم تەواو كرد. دواتر چووم بۆ هەرێمی كوردستان، سێ‌ ساڵ وانەبێژ بووم لە زانكۆی كوردستان. ساڵی 2007 دكتۆرام لە ئیتالیا خوێند. دوای ئەوە خوێندنی پۆست دكتۆرام لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش دەستپێكرد كە لە نێوان شەش وڵاتی ئەوروپیدا رێكخرابوو. ساڵی 2012 چوومە كەنەدا و ئێستا لە زانكۆی ئۆتاوا جگە لە وانەگوتنەوە، سەرقاڵی توێژینەوەی زانستیم.”

دوکتور کەریمی لەمەڕ دوایین کار و بەرهەمی دەڵێ: “ماوەی سێ ساڵ زیاترە من سەرپەرشتی پڕۆژەیەك دەكەم، ئێمە ئامێرێكی كۆپیكردنی كوانتەمیمان داهێنا.

ئامێرێكە بەكاردێت بۆ هاككردنی كوانتەمی بۆ رێگرتن لە پەیامی نهێنی و وەرگرتنی كۆپی. پاشان توانیمان بەڵگەیەكی زۆر گرنگ ئاشكرا بكەین بۆ رێكخستن و پاراستنی تۆڕە كوانتەمییەكان كە دژی هێرشە دەرەكییەكان بێت. بۆ نموونە من و تۆ بە زمانی كوردی خەریكین قسە دەكەین، ئەگەر كەسێك كە ئینگلیزی زمان گوێی لە قسەكردنمان بێت، بۆ ئەو زۆر قورسە لە قسەكانمان تێبگات، چونكە ئێمە زمانێكی هاوبەشمان هەیە.

من قسەكانم دەكەم و تۆ لە مێشكی خۆتدا زمانەكە شی دەكەیتەوە و توانای تێگەیشتنت هەیە. كەسێكی ئینگلیز ناتوانێت قسەكانی ئێمە لە مێشكی خۆیدا شیبكاتەوە. لە جیهانی كۆمپیوتەریشدا بە هەمانشێوەیە. ئەگەر لە كۆمپیوتەرێكەوە بمانەوێت پەیامێك بنێرین بۆ كۆمپیوتەرێكی دیكە، پێویستە چەند پڕۆتۆكۆلێكی هاوبەشی شفرەكراو دروستبكەین كە كەس لێی تێنەگات. ئێستا تەواوی پڕۆتۆكۆڵەكان لە ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریدا لەسەر بنچینەی بیركارین، بیركارییەكی زۆر ئاڵۆز بۆ ئەوەی هاك نەكرێن. بۆ نموونە سادەترین بیركاری كە لە كۆندا بەكاردەهات ئەوە بوو كە من و تۆ دەمانەوێت نامەیەكی كاغەزی ئاڵوگۆڕ بكەین.

تۆ لە هەولێری و من لە سلێمانی. من بە كەسێكدا نامەكە بۆ تۆ دەنێرم، بەڵام نامانەوێت نامەبەرەكە تێبگات چی نووسراوە. بۆیە ئێمە لە نێوان خۆماندا پرۆتۆكۆڵێك و رێككەوتنێك دەكەین كە هەموو پیتێكی زمانی ئینگلیزی پێش ئەوەی من بۆ تۆی بنێرم، سێ پیتی بۆ زیاد دەكەم بۆ هەر پیتێك. بۆ نموونە وشەی (some)مم هەیە دەمەوێت بۆتی بنێرم، پیتی s دەگۆڕم بۆ سێ پیتی سەرووی خۆی واتا دەبێتەv ، بەهەمانشێوە پیتی o دەبێتە r و m دەبێتە p و e دەبێتە  h. بەو شێوەیە من لە جیاتی وشەی some  وشەی vrph  بۆ تۆ دەنێرم. دواتر كە تۆ بتەوێ لە وشەی vrph تێبگەیت، ناچاریت پرۆتۆكۆڵە هاوبەشەكەی خۆمان بەكاربهێنی و بەو شێوەیە دەزانی وشەی some مم بۆ ناردوویت. ئێستا رەنگە ئەو كەسەی كە نامەكەی بۆ تۆ هێناوە زۆر خەریك بێت بزانێ ئێمە چیمان كردووە و لە نامەكەمان تێنەگات. دواتر لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەم ئەم زانستە زۆر گەشەی كرد، بەجۆرێك كە هاوكێشەی بیركاری زۆر ئاڵۆز بۆ ئەم مەبەستە دانرا تاوەكو لەنێوان هێزەكاندا نامە ئاڵوگۆڕ بكرێن. پاشان هێزە نەیارەكان دوای ئەوەی كە نامەكانیان دەستدەكەوت، چەندین رۆژ و ساڵیان تەرخان دەكرد بۆ ئەوەی لە هاوكێشە بیركارییە ئاڵۆزەكان بگەن.

تەنانەت ئامێری گەورەیان دروست دەكرد بۆ ئاشكراكردنی نهێنی و هاوكێشە بیركارییەكان. ئێستاش كۆمپیوتەر و مۆبایلەكان كە ئێمە رۆژانە بەكاریان دەهێنین، هەموو زانیارییەكان ئەگەری شكاندنیان هەیە. بۆیە بۆ تۆماركردن و ئاڵوگۆڕكردنی پەیوەندییەكان بەردەوام هاوكێشەی ئاڵۆز بەكاردێت بۆ شاردنەوەی نامە و زانیارییەكان. بۆ نموونە كۆدێكی بانكت دەكەوێتە دەست، ئەگەر بتوانی لە بنچینە ئاڵۆزە بیركارییەكان بگەیت “كە زۆر زۆر قورسن”، ئەوا دەتوانیت بانكەكە بشكێنیت و تەواوی بانكەكەت بكەوێتە دەست، بەڵام لە كۆمپیوتەری كوانتەمی زانیاری لەسەر گەردیلە تۆمار و ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بۆیە تەواوی شاردنەوەی زانیارییەكان دەگۆڕێن. شتەكان سادە نامێننەوە و ئاڵۆز دەبن. هەموو شتەكان لێڵن و دیاریكراو نین. كە من بڵێم ئەم پەڕتووكە لێرەیە، لە جیهانی خۆماندا دەزانی لە كوێیە، بەڵام لە جیهانی كوانتەمدا نازانی شتەكان لە كوێن. دەزانی كە شتەكان هەن، بەڵام نازانی لە كوێن. كاتێك پەیامێك ئاڵوگۆڕ بكەین لە جیهانی كوانتەمیدا، ئەگەری هەیە هێرشێكی دەرەكی بێت و دەست بەسەر تۆڕەكەدا بگرێت، بەجۆرێك كە كاتێك من پەیامێك بۆ تۆ دەنێرم ئەو دێت كۆپییەك لەو پەیامە وەردەگرێت و پاشان بۆتۆی دەنێرێتەوە. بەڵام دووبارە كێشەیەك هەیە لە زانستی كوانتەم میكانیكدا كۆپیكردن نییە. واتا ناتوانی كۆپییەك دروستبكەی كە سەد لە سەد دروست بێت. هەرچەندە پەیامەكە درێژتریش بێت كۆپییەكە خراپتر دەبێت. بۆیە ئەو پەیامەی لە منەوە بۆ تۆ هاتووە، پەیامێكی ناتەواوە، لە كاتێكدا دەبێت پەیامەكە 100% وەك یەك بێت. بەڵام بەهۆی كۆپییەكەوە پەیامەكە هەڵەی تێكەوتووە. دوای ئەوەی لە پەیامەكە دەكۆڵینەوە، ئەگەر كۆپییەكە بۆ نموونە 13% هەڵەی تێدا بوو، ئەوا دەزانین كە هاك و هێرشی دەرەكی هەیە لەناو سیستەمەكەمان. ئەمە كارێك بوو كە لە جیهاندا نەكرابوو، ئێمە توانیمان دروستی بكەین.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت