١٩ کەسی بیانیی ناو ڕێکخراوی داعش کە ٦ کەسیان خەڵکی ئاڵمانن و یەکیان کچێکی تەمەن ١٦ ساڵانە لە موسڵ دەستبەسەر کران

0
796

ڕۆژی کورد: هێزەکانی عێراق، دوای ئازادکرانی موسڵ، ١٩ کچی ئوروپایی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان دەستبەسەر کردووە، ٦ لەوانە ئاڵمانین کە یەکیان کچێکی تەمەن ١٦ ساڵانە کە ساڵی پار لەدوای مسوڵمان بوونی لە ڕێگای ئینترنێتەوە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ناسیاو بووە و چووە بۆ موسڵ و بووە بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.

ئەو کچە ئاڵمانییە کە پۆلیسی ئاڵمان ئامادە نەبووە زانیاریی زیاتری لەسەر بڵاو بکاتەوە، ساڵی پار شوێن بزر بووە و لە دوای ئازاد کرانی موسڵ لەو شارە و لە ناو ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دۆزرایەوە.

ناو ئەو کچە “لیندا. و”، ڕاگەیندراوە کە تەمەنی ١٦ ساڵان و قوتابی قوتابخانە لە ساکسۆن بووە و ماوەیەکی کورت بەر لە شوێن بزربوونی، بووە بە مسوڵمان و دواتر سەرەرای ئەوەی کە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵان و تەمەنی یاسایی بووە و مافی سەفەری نەبووە، بە چێ کردنی بەڵگە و ناسنامەی ساختە، چووە بۆ تورکیە و دواتر چەندین پیاو لە ناوچەی سنووریی بابولهەوا کە دەکەوێتە نێوان گازی عەنتاب لە تورکیە و نزیک بە سنووری دوو وڵاتی سووریە و تورکیە، چاوەڕوانییان کردووە و بردوویانە بۆ ناو داعش.

ئەو کچانە لە ناو تونێلێک دابوون کە لە دوای هێرش کردنە سەر ئەو تونێلە لەلایەن ئەرتەشی عێراقەوە، دەرکەوت، ١٩ کچی بیانی تێدان کە ٦ لەوان خەڵکی وڵاتی ئاڵمانن.

ئەو کچانە لە ناو تونێلەکەدا، خۆیان حەشار دابوو ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەک و هەروەها پشتێنەی خۆتەقاندنەوەشیان لابووە.

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە تا کچانی بیانی لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بەتایبەتی لە ڕێگای فەیسبووکەوە، پەلکێشی ناو ڕیزەکانی خۆی بکات و بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٩٠٠ کەسی خەڵکی وڵاتی ئاڵمان تێکەڵ بە ڕیزەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سووریە یان عێراق بوون و سەرجەمیان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕاکێشراون.

لە هەمان کاتدا ٣٠٠ کەسی خەڵکی وڵاتی ئوتریش (نەمسا)ـش بەم شێوەیە پەیوەست بە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بوون.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت