کورتە ئاوڕێک لە شیعری ئەوینداریی فلکلۆری کوردی (بەتایبەت ژنان)

0
4777
هەڵمەت مەعرووفی

کۆکردنەوەی: هەڵمەت مەعرووفی

فلکلۆری کوردی بە گشتی دەوڵەمەندییەکی بەرچاوی تێدا دیارە کە بەداخەوە تا ئێستاش پسپۆڕانە کاری لەسەر نەکراوە، کورد ئەوەندەی پڕژاوەتە سەر سیاسەت، هیچ کات ئەوەندە نەپڕژاوەتە سەر کەلتووری خۆی و هیچ کاتیش هەوڵی نەداوە لەو ڕێگایەوە خۆی بە گەلانی تر بناسێنێ کە ئەوە خەسارێکی مەزنە کە کورد خۆی لە خۆی داوە و بەتایبەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات، هەر تاکێک خۆی بە سیاسی دەزانێ و لە ڕاستیدا نەیتوانیوە سیاسەتیش لە شێوەخۆماڵی و بازاڕییەکەی بباتە دەر.

بەشێک لە فلکلۆری کوردی، شیعرە فلکلۆرییەکان و بەتایبەتی ئەو گۆرانیانەی کە لاوان و بەتایبەت کچانی ئەویندار یان ئەوین لە دەست چوو و ڕەنج بەزایە، هۆنیویانتەوە و چون ئەو سەردەمی وەک ئێستا نە خوێندەوارییەکی ئەوتۆ هەبوو و نە تۆڕ و ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی، هەندێکیان سینگ بە سینگ هاتوون و هەندێکیان خۆیان خزاندۆتە ناو موسیقا و گۆرانی و بەشێکی زۆریشیان لەناو چوون.

لێرەدا هەوڵ دراوە وەک کورتە هەوڵێکیش بێ چەند دانەیەک لەو شیعرانە کۆبکرێنەوە، کە وەک گوترا تەنیا وەک کورتە هەوڵێکە و هەوڵ دەدرێ لە داهاتوودا، کامڵتر بکرێت.

1

باران دەبارێ حەوشەی تەڕ دەکا
نەعلەت لەو کەسەی دوو دڵان لێک دەکا
**************

2
هەی داد هەی بێداد لەو خوا نەناسە
کیسەڵ قەپ دەگرێ لەو چڵە ڕێواسە
****************

3
جاچۆن شێت نەبم نەدەم بە خۆمدا
چۆن خاکی عالەم نەکەم بەسەر دا
حەیفە بۆ من و تۆ دەسمان لێک بەرد
******************

4
ڕەببی جەغەتوو بدەی بوارێ
دەچمەوە سابڵاغ بۆ خزمەت یارێ
کێ تۆی لە من کرد بەردی لێ بارێ
*************

5
شەدێک داهاتوە لە بۆکان باوە
عەمر و عەزیزم لە سەری ناوە
*************

6
خۆزگەم بەساڵان دڵ ئاسوودە بوو
ڕەنجی چەن ساڵەم بە بێ هوودە بوو
***************

7
خودا بیسێنی حەقم لە دایەی
من جەورم کێشا کێ نیشت لە سایەی
**********

8
ئۆخەی وادیسان خۆشیم دی شەوێک
ئەویش بۆ ژیان لێم بوو بە خەوێک
********************

9
هه ی داد هه ی بێداد دە ردم تاوتاوە
شە و لە ناڵە ی من سیروان بێ ئاوە
هه ی داد هه ی بێداد لە و دە ورە دیلە
هه ر جوانێ بە دە ست پیرێ زە لیلە
*****************

10
چنار و لاولاو سەریان نەمامە
من بۆ کێ دەگریم، کی بەتەمامە
******************

11
ئەوە تۆ دەڕۆی خوا یارت بێ
کاک ئەحمەدی شێخ ئاگادارت بێ
**************

12
کردت بە عادەت گۆرەوی چنین
ئاشق دەکوژی دەم بە پێکەنین
*******************

13
چنار و لاولاو سەریان بوا بە گیر
من بۆ کێ دەگریم بە کێم دەکەن ژیر
******************

14
کردت بە عادەت، بەرپەنجەرە نیشتن
برۆت کردە تیر، بۆ ڕێبوار کوشتن
******************

15
بریا هەورێک بام لەو پەڵە هەورە
جارجار باریبام لەو حەوشە گەورە
********************

16
کەواوپاتۆڵ ڕەش پشتێن کرێشە
خۆ هیچم نەکوت، بۆ دڵت ئێشا
***********

17
هەی داد هەی بێداد، لەو گەورەشارە
نە دەنگی یار دێ نە بۆخۆی دیارە
*****************

18
باڵاکەت بەرزە تەواو بێ عەیبە
دەستکاری وەستای کارخانەی غەیبە

*********

19
ئەوە بەینێکە من دوورم لە تۆ
ناگەن بەجوانیت ڕێحانە و شەوبۆ

*********

20
ڕێحانەی حەسار وەنەوشەی نزار
من دەبم بە پرد تۆش ببە بە ڕێبوار
***********

21
باڵاکەت بەرزە بەقەد چنارێ
کفرم پێ مەکە با بەرد نەبارێ
*********

22
سەعاتی دەستت زێڕی چاکە
لە ترسی خەڵکی پێت دەڵێم کاکە
*************

23
ماشێنێک هاتووە تەگەر مرواری
یاخوا هێنابی هەواڵی یاری
************

24
کەواوپاتۆڵ رەش، سۆرانی سپی
دڵت بردووم و بۆخۆشت کپئ
************

25
دەبڕۆ کۆنە دۆست عەمرت نەمێنێ
تازە دۆستەکەم وه‌ك مانگ دەنوێنێ
***************

26

باڵاکەت بەرزە مەیدە لە دیوار
دڵ ھـــەر یـــــەکێکــــە مەیدە بە هەزار
***********

27
بەو چاوە جوانەت دێوانەت کردووم
لە خزم و لە خێش بێگانەت کردووم
***********

28
یا خوا کەس وەک من بەختی لار نەبێ
سەرکز و مل کز پای دیوار نەبێ
هیچ کەس وێنەی من شەو دەروێش نەىێ
تەوەلای وەتەن، قەوم و خوێش نەبێ
**********

29
ڕیحانە ڕەشە خۆمی پێ ڕەش کەم
لە دوای باڵاکەت، دڵ بە کێ خۆش کەم؟
*************

30
چل خەم چل خەفەت، چل واسە واسە
سێ چل چۆن دەرکەم بە یەک هەناسە؟
*************

31
کەس لێم ناپرسێ ڕێبوار خەڵکی کوێی
دێوانه و مەلوول، شێواو خاڵی کێی
*************

32
لەژێر سای گەردوون من فرە ناڵام
ئاخری کراسی خەم، دووریا بە باڵام
**************

33
لەچکێک هاتووە لە سنە ڕەسمە
بیدا بە سەریا ئەو هەرچی کەسمە
************

34
ﻫﻪﻭﺍﺭﮔﻪﯼ ﮐﻮێستان بێ ﺗﯚ بێ ﻧﺎﺯﻩ
ﻣﺑﺎﺭﻩﮐﺖ بێ ﻫﻪﻭﺍﺭﮔﻪﯼ ﺗﺎﺯﻩ
***************

35
ﺳﻪﻭﺯﯼ ﮔﻪڵاﮔﻮێز، ﺳﻮﻭﺭﯼ ﺩﺍﺭ ﻫﻪﻧﺎﺭ
ﺧﯚﺯﮔﻪﻡ ﺑﻪﻭ ﮐﻪﺳﻪﯼ ﺗﯚﯼ ﮔﺮﺗﻮﻭﻩ ﺑﻪ ﯾﺎﺭ
************

36
بەرزی دار چنار، باڵای دار هەنار
قەزای باڵاکەت سەوزەی شەدەلار
**************

37
قەزات لەماڵم باڵا عەعەری
هەر بۆ خۆت خاسە تۆیتا کەمەری
*************

38
که م بێ، کەم بچۆ کەم بده زەحمەتم
هەم دونیام سووتا هەم قیامەتم

********

39

تازەم زانیوە “سیاقۆڵ” بۆتە شار

لێیهەڵکەوتووە دوو خەلفە چنار

یەکیان تۆفیقە نووشتووی چاوەزار

یەکیان فایقە، جوانی سەواددار

تێبینی: ئەو شیعرە بۆ کاک ئەحمەد تۆفیق و شەهید سلێمان موعینی کوتراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت