ڕوونکردنەوەی ناوەندی ڕۆژی کورد بۆ ڕای گشتی

0
1091

هاونیشتمانیانی خۆشەویست

خوێنەرانی ئازیز و هێژای ناوەندی ڕۆژی کورد

ڕووناکبیران و نووسەران و بیرمەندانی کورد

ناوەندی ڕۆژی کورد، وەک لە پێناسەی خۆیدا شی کردۆتەوە، ناوەندێکی کوردیی سەربەخۆیە و لە وڵاتی فەڕانسە بە شێوەی یاسایی و بەپێی مۆڵەتی فەرمی، دەستی بەکار کردووە و لە ئێستادا بە زیاتر لە دە زمان و نزیک بە حەوت بواری جیاجیا، خەریکی خزمەت بە نەتەوەی کورد و دۆزی کوردە،  ئەم ناوەندە ڕووی سەرەکی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و بەپێی توانا و لە کاتی پێویستدا، بە چڕیش لە خزمەت پرسە نەتەوەییەکانی پارچەکانی تر، وەک سەربەخۆیی و گشتپرسی یان زەق کردنەوەی پرسی کوردانی ئێزیدی و بابەتەی لەم شێوە بووە و هەیە.

ئەزموونی ئێمە لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵ کارکردنی فەرمیمان پێمان دەڵێ، هەر کات هەڵەسوونێک لە دژی خەبات و کوردی ڕۆژهەڵات هەبووبێت، هەر کات دەستی داگیرکەری زۆرداری ڕژیمی فاشیستی ئێران، گەرەکی بووبێ لە ڕێگای کوردەوە، خەسار لە خەباتی ڕۆژهەڵات بدات، یان کوردی پارچەیەکی تر لە هەمبەر خەباتی ڕۆژهەڵات، وەک بەشێکی سەرەکی لە مێژوو، سنوور و هێڵە سوورەکانیان بەزاندبێ، ناوەندی ڕۆژی کورد بە هۆی سەربەخۆیی و وریایی و بێ باکیی خۆی لە هەر چەشنە بەرژەوەندییەکی ماددی و سیاسی، ڕاشکاوانە هەڵوێستی گرتووە.

لێرە دا  هەندێ حیزب و تاک و گرووپی بەرژوەندیخواز، کە بە هۆی هەبوونی ناوەندی ڕۆژی کورد، نەک هەر نەیانتوانیوە لە ڕێگای میدیا چەواشە و چەوتکارەکانی خۆیانەوە، ڕای گشتی لاڕێ بکەن، بەڵکوو بە ڕاشکاوانەترین شێوە و بە بەڵگەوە چەواشەکاری و کوردفرۆشی و رۆژهەڵات فرۆشییەکەیان لەقاو دراوە، هەر بۆیە جار ناجارێک گوشار دەخەنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا لەو ڕێگایەوە ئەم ناوەندە سەربەخۆیە، بێدەنگ بکەن.

هەر بۆیە ڕوو لە ڕای گشتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات  و سەرجەم کوردستان، ڕایدەگەیێنین، هەروەک بە حەق و ڕاستی و بۆ جاری دووهەم، لە ڕاگەیێندراوی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتبوو و ئێمە وەک خۆمان بۆ ئەو ڕوونکردنەوەیە دەست خۆشییان لێدەکەین، دووبارەی دەکەینەوە، ناوەندی ڕۆژی کورد تەواو سەربەخۆیە و هیچ لایەن و حیزب و وڵاتێک ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکا کە ئەو ناوەندە سەر بە ئەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی ئەو دایە.

لە کۆتاییدا، ڕوو بە کەس و لایەن گەلێک کە دەیانەوێ دەنگی ئازادیخوازی، وشیاری و نەترسی و بەورەیی و چاوکراوەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک دەنگی ئازادیخوازی لە ناو خۆیاندا بێدەنگ بکەن، ڕایدەگەیێنین کە پێشمەرگە و خاکی کوردستان بە گشتی و خەباتی ڕۆژهەڵات بە سەرجەم حیزب و لایەنەکانییەوە، بۆ ئێمە هێڵی سوورە و وێڕای کادر و ڕۆژنامەوانانی بە ئەزموونی ئەو ناوەندە کە بەختەوەرانە لەگەڵ ئەوەیدا کە هەر کەسە سەر بە ئایدیا و حیزبێکە  بەڵام بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشین و خۆشحاڵین کە توانیومانە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی سەر بە حیزب و فکری جیاواز بەڵام کوردستان و ڕۆژهەڵات- تەوەر، لە دەوری یەکتری کۆببینەوە و بەرهەڵستی هەر سنووربەزاندنێک دەرحەق بە نیشتمان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات  بین.

سپاس و ڕێز

ناوەندی ڕۆژی کورد

٩ی سیپتامبری ٢٠١٧

٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت