جەلیل ئازادیخواز: حەشدی شەعبی کۆپییەکی دەقاودەقی بەسیج و سپای پاسدارانی ئێرانە

0
1410
قاسم سولەیمانی لە ژووری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە

ڕۆژی کورد: ڕۆژی شەممە 6ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، پارلمانی ئێران، گرووپی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی خەڵکی لە یاسای ئەو وڵاتەدا بە فەرمی ناساند.

ئەو بە فەرمی ناساندنەی حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سوننەکانی ئێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار، ڕاپۆرتی جیاجیایان لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەو هێزەوە لە ناوچەکانی موسڵ و دەورووبەری، خستۆتە بەر ناس.

هەروەها مەسروور بارزانی سەرۆکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێڕاڵ “ستێفان تاونسند”، فەرماندەی نوێی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق داوای لەسەرجەم هێزە چەکدارە نافەرمییەکان کرد تا خۆ لە بەشداری کردن لە شەڕی موسڵ بپارێزن و پێداگری لەسەر بەشداری نەکردنی سەرجەم هێزە نافەرمییەکان لە شەڕی موسڵدا کراوە کە مەبەستی سەرەکیشی چەکدارەکانی “حەشدی شەعبی” بووە.

بەپێی هەواڵی ئاسۆشتێدپرێس، نوێنەرە عەرەبە سوننەکانی ئێراق بە هەموو شێوەیەک دژی پەسەندکرانی ئەو گەڵاڵەیاسایە بوون بەڵام زۆرینەی شیعەی پارلمانی ئێران بە ٢٠٨ دەنگی ئەرێ ئەو گەڵاڵەیان پەسەند کردووە.

ئوسامە نوجەیفی، یەکێک لە سێ جێگرەکەی سەرۆک کۆماری ئێراق لە دژکردەوە بەو بڕیارنامەیە گوتوویەتی: “زۆرینە مافی ئەوەی نیە چارەنووسی هەموو لایەکی تر دەست نیشان بکات. سیاسەت دەبێ هەموو لایەک بگرێتەوە و ئەو گەڵاڵە دەبێ بگۆڕدرێت”.

چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن زۆرینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پشتگیرییان لێدەکرێ و لە ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامی دان و پشتگیریی مادی و چەک و چۆڵ دەکرێن، تا ئێستا جیا لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە ئازادکراوە سوننەنشینەکانی ژێردەستی داعش، چەند جار لە ناوچەی گەرمیانی کوردستانی باشوور، هەڵیانکوتاوەتە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان و بە هەموو شێوەیەکیش دژن لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

جەلیل ئازادیخواز
جەلیل ئازادیخواز

جەلیل ئازادیخواز، چالاک و چاوەدێری سیاسیی کورد لە مبارەوە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ڕۆژی کورد لای وایە: “هەرچەند ئەو بڕیارە هێشتا جێگای پێداچوونەوە و هەڵوەشانەوەی هەیە و نەبووە بە یاسا، لە ڕاستیدا، لەم بارودۆخەدا کە ئێراق تێیدایە و لەگەڵ قەیرانی ئابووری بەرەوڕوویە و داهاتی زۆر کەمە و ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورەی ئابووری بووە و ناشتوانێ دۆخی ئابووریی خۆی ڕێک بخاتەوە، هێنانی ١٠٠ تا ١٢٠ هەزار چەکدار و بە گژداژکردنی ئەو هێزە بە کۆڵ حکومەتدا بە واتای کەمکردنەوە لە بودجەی بنکەکانی تری وەک پەروەردە و ساخڵەمی و میلیتاریزەتر کردنی زیاتری ئێراقە کە ئەمەش خۆی ئامانجی لە پشتە”.

لەمەڕ ئامانجەکانی پشتی پەردەی بە فەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی، ئازادیخواز گوتی: “ئامانج ئەوەیە کە لە ئێراقدا هێزێکی ئیدئۆلۆژیکی توندئاژۆ کە سەر بە ئایدیایەکی دیاریکراو کە هەمان شیعەی سەفەویی ئێرانیە، بوونی هەبێ و ئەوەش یەکەم هەنگاوە بۆ بوونی ئەو هێزە بە هێزێکی ڕەسمی و لە داهاتوودا بۆ جێ بە جێ کردنی ئەجنداکانیان بەکاری دەهێنن”.

لەمەڕ کاریگەرییە سیاسییەکانی ئەو بڕیارە و بە فەرمی ناسینی حەشدی شەعبی، ئازادیخواز ڕای وایە کە: “لە ڕووی سیاسییەوە ئەوە زەبرێکی کوشندەیە بۆ سەر یەکێتیی خاکی ئێراق، یەکێتیی گەلانی ئێراق، دێموکراسی و ئازادی و ئەو ئامانجە سیاسییانەی کە خەڵکی ئێراق خەباتی بۆ کردووە و خوێنی بۆ داوە”.

218242image1-1
قاسم سولەیمانی لە ژووری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە

چاوەدێر و چالاکی سیاسیی کورد، جەلیل ئازادیخواز لەمەڕ بەستراوە بوونی حەشدی شەعبی بە ئێران گوتی: “هەموومان دەزانین کە حەشدی شەعبی کۆپییەکی دەقاودەقی بەسیج و سپای پاسدارانە و لە ڕووی فەرماندەییشەوە، سپای پاسداران بەڕێوەی دەبا، لەم ڕوویەشەوە بوونی ئەو هێزە دژایەتییە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی تری ئێراق بە سوننە و مەسیحی و کورد و ..تاد، و بە واتای دژایەتی کردنی ئەوانە و هەوڵ دان بۆ دروست کردنی حکومەتێکی یەکدەستی شێعەیە کە گوێ لە مستی ئیمپراتووریی ئێران بێ و لەو ئاراستەدا بجووڵێتەوە”.

لەمەڕ زیانەکان و ئاسەواری ئەو بەفەرمی ناسینە بۆ نەتەوەی کورد و خەباتی کورد، ئازادیخواز، ئەوە بە زیانێکی گەورە دەزانێ و دەڵێ: “حەشدی شەعبی هەر لە فەلسەفەی بوونیەوە و لە سەرەتای دامەزرانیەوە، بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵات و دەوڵەتی کوردی دروست بووە و ئەو کەسانەی کە حەشدی شەعبییان بەرهەم هێناوە لە چەمک و واتای ئازادی و ئازادیی گەلان ناگەن و تەنیا ئامانجیان سەرکوت کردنە، هەر بۆیە لە ڕاستیدا دروست بوون، بەیاسایی بوون و پڕچەک بوونی حەشدی شەعبی دەبێتە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستانی باشوور و لەسەر کۆی نەتەوەی کورد لە سەر هەموو کوردستان، چون لە ڕاستیدا زەبر وەشاندن لە کوردستانی باشوور و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بەسەر خاکی خۆیدا و کەم کردنەوەی فەرمانڕەوایی و هێزی فەرمانڕەوایی باشوور، واتا زەبروەشاندن لە سەرجەم کورد و بزووتنەوەی کورد بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مادەی ١٤٠ دەگرێتەوە و من لە بڕوایەدام خودی هەولێریش دەکەوێتە مەترسییەوە و کورد دەبێ زۆر بە وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت