کاڵێ و جامانەکەی هەیاس/ شاکارێکی ڕەسووڵ سوڵتانی، شاعیری پێشمەرگە و خەبات

0
1723
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی

نووسینی: رەسووڵ سوڵتانی

هەتا ئەوێ ڕۆژێ كەس نەیدەزانی ترس چییە. هەموو گاڵتەیان بە هاتنی ئەو لەشكرە ڕەشە دەهات كە باسی دەكرا و هێشتا نەماندیتبوو. ئاخر پاڵەوانێك هەموومانی دەپاراست. لەشكرێكی پاڵەوانمان هەبوو كە دەهاتن و گۆرانیی خۆش خۆشیان دەگوت. زۆری پێ چوو تا زانیم ئەو گۆرانییانە، سروودی شۆڕشگێری بوون و بە قەولی بابم و دایكیشم و هەموو خەڵكی دێیەكەشمان، كوڕەكان ورەی خۆیان لە دێڕ و ئاوازی ئەو سروودانە وەردەگرت… كە یەكدەنگ دەیانگوتەوە ئێمە، هەموو منداڵەكانی گەڕەك شێت و شەیدای ئەو جۆرە سروودە ببووین. ئەوان پێیان گوتین ئەوە سروودە گۆرانی نییە. خۆ زۆریشیان بۆ باس كردین، بەڵام ئێمە نەماندەزانی مەبەستیان چییە. قسەكانیانم بە وردی لە بیر نەماوە. ئێوارەی ڕۆژێكی دووەم مانگی پاییز بوو. دەزانی بۆ لەبیرمە دووەم مانگی پاییز بوو؟ ئاخر من یەكەم ساڵم بوو چووبوومە مەدرەسە. هێشتا كتێبەكانمان كۆن نەببوون. هێشتا دەفتەرێكم تەواو نەكردبوو. ئاخر كە دەفتەرێكمان تەواو دەكرد، دەبوو دانەڕۆژێك بپاڕێینەوە تا یەكی دیكەمان بۆ بكڕن. ئەوانەی پووڵیان نەبوو، دایكیان یان باوكیان بە حەوسەڵەوە دادەنیشتن و لاپەڕە بە لاپەڕە نووسراوەكانی پێشوویان بۆ دەسڕینەوە و ئەوانیش سەر لەبەر لەو لاپەڕە چڵكن و ڕەشانەدا تەكلیفی تازەیان دەنووسییەوە و شەپڵاخە و لێدانەكانی مامۆستایان دەخوارد و بە دەم چڵم هەڵلووشینەوە دەیانگوت: بابم بۆم ناكڕێ…

جا لەو ڕۆژانەدا بوو، كە ئێوارێ هاتن. بە گۆرانی نا سروودگوتن. لە دەوری كورسییەكە دانیشتبووین، دادە كاڵێ نازانم بۆ خوێ یان پیواز هاتبووە ماڵی ئێمە، لە پڕ بە دایكمی گوت، دادە خێرا بۆم تێ كە با بڕۆم، بەخوا ئەوە بۆخۆیانن. هاتنەوە. كوڕەكانن. ئەو دەنگەی لە نێو هەموو دەنگەكان دیارە دەنگی هەیاسە. هەیاس كاڵێی خۆش دەویست. كە دەهاتنە ئاواییەكەی ئێمە، یەكسەر دەهاتە ماڵی ئێمە و بە دایكمی دەگوت: ئەرێ كاڵێ جوابەكەی چ بوو؟ دایكیشم دەیگوت: كوڕە بەخوا پێی خۆشە و شەرم دەكا. دەڵێ، ناوێرم جوابی بدەمەوە، ئەو پیرەدایكەم چ لێ بكەم؟ ئاخر خۆ ئەوان جێ و مەكانی دیاریكراویان نییە…. كە دایكم باسی جێ و مەكانی نادیاری ئەوانی لە زاری كاڵێوە دەكرد، ئەو هەناسەیەكی هەڵدەكێشا و دەیگوت: با بێ بڕۆین. وەڵاهی ئەوم لەگەڵ بێ پشت لە لەشكرێك ناكەمەوە. من ئەوكات لەو قسانە تێنەدەگەیشتم، بەڵام كە ئەوان بۆ دوایین جار هاتنەوە دێیەكەی ئێمە و ماڵاواییان كرد و ڕۆیشتن و نەهاتنەوە، هەموو ئێواران كاڵێ دەهات و بە دایكمی دەگوت: ئەرێ هەیاس چیی دەگوت؟ چۆنی باسی من دەكرد؟ قەت نەیدەگوت لە دێهاتەكانی دیكەش كەسی خۆش دەوێ یان نا؟

دایكم بەدەم قەندشكاندنەوە جاروبار چەكوچەكەی لەسەر تەشپییەكە دادەنا و چاوی لە گۆشەیەك دەبڕی و ئاخێكی هەڵدەكێشا و دەیكوت:

حەك كوێرم بم. ئێستا بڵێی لە كوێ بن؟ بەو بەفر و بارانە تۆ بڵێی لە كوێ بن؟ هەی گوو بە ڕدێنی خومەیلی…

دایكم ناوی خومەینیی باش نەدەزانی. هەر دەیگوت خومەیلی. جنێوەكەشی هەر ئەوەندە بوو: گووی بە ڕدێنی… وەك بڵێی بەبێ ئەوەی بزانێ، هەستی كردبێ ڕدێن بەشێكە لە هێمای باوەڕەكەی خومەینی…

جا هەموو جارێ كە دایكم دەیگوت خومەیلی، ئێمە تێر تێر پێی پێدەكەنین و، لە سایەی دوو مانگ خوێندنەوە خۆمان لەو پێ ئاقڵتر بوو. ئیتر هەموو ڕۆژێ كاڵێ دەهات و چەند سەعات لەگەڵ دایكم دادنیشت و تۆوی گوڵەبەڕۆژەیان دەترووكاند و باسی ئەو ڕۆژانەیان دەكرد كە كوڕەكان دەهاتن. نەشیاندەوێرا ناویان بێنن. ترسی ئەوەیان بوو نەكا ئێمە فێری ناوەكەیان بین و لێرە و لەوێ ناویان بێنین و تووشی چەرمەسەرییان بكەین. دەیگوت: كاڵێ: خەمت نەبێ، بەهارێ هەوا خۆش بێ دەگەڕێنەوە. ئێستا لە گەرمێنن. ئەوانە تەیرەكانی گەرمێنن. ئەو ئێوارەیەی ڕادیۆ مەهاباد گۆرانیی هاتنەوە تەیرەكانی گەرمێنی بڵاو كردەوە، دایكم پێی وابوو ئەگەر بیكوژێنێتەوە گۆرانییەكە ڕادەوەستێ و تەواو نابێ. بۆیە وەختێك كاڵێ هات، گوتی: گۆرانییەكەم لە ڕادیۆ مەهاباد بۆ ڕاگرتووی. بەخوای دەسبەجێ كوژاندمەوە گوتم با تەواو نەبێ، دەڵێی بۆتۆی گوتووە. تەیری گەرمێنێ…

كاڵێ هەناسەیەكی هەڵكێشا و زانیی گۆرانیی ڕادیۆ، بە كوژاندنەوەی ڕادیۆكە ڕاناوەستێ. ئەوە ئەو ئێوارەیە بوو، كە لە قەرەگۆلەوە دەنگی تەقە دەهات. قەرەگۆل زۆر دوور نەبوو. هەر جارێكی لەوێوە دەنگی تەقە دەهات، ئێمە دڵمان دادەخورپا. دەمانزانی ئەمجارەش شتێكی ناخۆش بووە. پێشتر وا نەبوو. ئێمە هەر نەماندەزانی ترس چییە. چونكە دایكم دەیگوت، لەشكرێكیش بێن، كەریم و چرچە دەرەقەتیان دێن و دەیانشكێنن. دەیگوت گوللە نایانبڕێ. بە چاوی خۆم دیتم لە پایەگاكەی سەر كێویڕا تەقەیان لێ دەكرد، ئەو دەشتەیان كردە یەكپارچە ئاگر، ئەو نەك ڕای نەكرد و خۆی مات نەدا، بگرە هەر بە حاستەمیش ڕانەچڵەكی و خۆی كووڕ نەكردەوە. دەتگوت بایەكە و بە بن گوێیدا دێ. ئیتر ئێمەش نەدەترساین. شەوانە دەخەوتین و هەستمان دەكرد كاك چرچە لە نێو ئەستێرەكانەوە ئاگای لە ئاواییەكەمانەو هەر دڕندەیەكی لێ نزیك بێتەوە دەمودەست چوارپەلی دەشكێنێ. تا ئەو ڕۆژە نەماندەزانی ترس چۆنە، من هەچی ترسی دنیایە لە نێوچاوانی باوكمدا دەمدی، ئەو دەمەی من لە برا چكۆڵەكەمم هەڵدەقورینجاند یان كاكم بە پلار لە بزنێكی دەدا و شاخی دەشكاند. من چۆنم زانیبا ترس دۆڵپایەكی وا گەورەیە و ئیتر شەوانە ناهێڵێ كەس بنوێ. بەڵام لەگەڵ شەهید بوونی كەریم و چرچە ترسمان ناسی. كە باوەڕمان كرد گوللە ئەوانی بڕی، ئیتر قەڵاكەی خەیاڵمان ڕووخا. داتەپی. دەنگی تەقەكە سەعاتێك بوو كپ ببوو، جار و بار نەبێ دەنگی تەك تیرێك دەهات و ماوەیەك كپ دەبۆوە. بابم لە دوورەوە دەنگی تەقەی كوڕەكانی دەناسییەوە. سێرە هەڵگیرابوو كە گەیشتنەوە ئاواییەكەی ئێمە. هاتن، شەش برینداریان پێ بوو. شەهیدەكانیان لەوێ بە خەڵكەكە ئەسپاردبوو. هەیاس گوللەیەكی وە كەلەكەی ڕاستی كەوتبوو. كە گەیشتنە نێو دێ، دایكم گوتی: بە خوای كاڵێ خەونەكەی دوێنێ شەوت خراپ بوو. خۆزگە بۆت نەگێڕابامەوە. هەیاس برینەكەی زۆر قورسە. چووم دیتم. كاڵێ ڕەنگی سپی هەڵگەڕابوو. گوتی: نەزرێك دەكەم، ئەمجارە هیچی لێ نەیە، خێرێكم لەسەرە. حەز دەكەم بچم بیبینم… من نازانم چۆن چوو، بەڵام چەند ساڵان دواتر كاڵێ كە بە قەیرەیی مێردی كرد، لە ڕۆژی بووكێنیدا جامانەكەی هەیاسی لە ملی خۆی كردبوو…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت