بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دووپات دەکاتەوە

0
1088

ڕۆژی کورد: لوقمان وەردی،  بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان و ئەندامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی لێدوانێکی بۆ کاناڵی ئێن ئار تی، وێڕای ناوبردنی پێشمەرگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە “چەکدار”م داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دووپات دەکاتەوە.

ناوبراو، وێڕای هاندان و دنەدانی خەڵک لە ڕێگای پشتگیریی یەکیەتیی نیشتمانی و قایممەقامی چۆمان لە بنەماڵەی دوو هاووڵاتیی کوژراوی کوردستانی باشووە کە وەک خۆی دەڵێ کادری یەکیەتیی نیشتمانین، دەڵێ: “خەڵکی ناوچەکە دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە کە ئێمەش هەمان داواکاریمان هەیە:

یەک: ئەو تاوانبارانە ڕادەستی یاسا بکرێن.

دوو: سەرجەم بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە وەک چۆن هێندراونە ئەو ناوچەیە، لەوێش لاببردرێن و کۆبکرێنەوە.

لوقمان وەردی،  بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان لە بەشێک لە قسەکانی لەگەڵ ئێن ئاری تی، دەڵێ، حوکمدارانی ئەو ناوچەیە (مەبەستی پارتی دێموکراتی کوردستانە) بە مەبەست و ئانقەست ئەو حیزبانەیان هێناوەتە ئەو دەڤەرە، دەبێ لایان ببەن و کۆیان بکەنەوە.

وەردی لە میانەی قسەکانیدا، دوو جار بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارتی دێموکراتی کوردستان، ئەم حیزبانەی بە مەبەست هێناوەتە ئەو ناوچەیە و مەبەستێکی تایبەت لە پشت ئەم کارە هەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان بە ویستی خۆیان و بە پێی ویستی ڕووداوەکانی ناوچە، چیتر خۆیان ناکەن بە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی باشوور و خەباتی چەکدارییان بەوپێیە دەست پێکردۆتەوە.

وەردی لە ناواخنی قسەکانیدا لەگەڵ ئێن ئارتی، جارێکی تر هانی خەڵک دەدات و دەڵێ: “بێ گومان ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئەو ناوچەیە تەنانەت لە حکومەت هێندە زۆرە کە کۆنترۆڵ ناکرێت، چون ئەو هێزانە بە ئانقەست هێنراونەتە ئەو ناوچەیە”، لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە هیچ پێویستییەک نیە کە ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات لەو ناوچەیە بن و ئەو پێشمەرگانە دەستدرێژی دەکەنە سەر دار و ڕەزی خەڵک،

بەپێی قسەکانی وەردی، ئەوان لە ئێستادا وەک دژکاری و بەربەرەکانییەک لە هەمبەر پاتی دێموکراتی کوردستان، دەستیان کردووە بە ئاژاوەنانەوە بە دژی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە بەپێی بۆچوونی ئەوان، لە پارتی دێموکراتی کوردستان نزیکن و هاوکاری لە نێوانیاندا هەیە.

لوقمان وەردی تا ئێستا چەندین جار بە نیاز بووە لە ڕێگای جیاجیاوە ئاژاوە لە نیوان پارتی و یەکیەتی لەو ناوە درووست بکات، یەکێک لە پیلانەکانی ناوبراو، تیرۆری ساختە و تەقە لە ماڵەکەی بووە.

وەردی پێشتر بڵاوی کردبۆوە کە شەوی  8-4-2017، دەستێکی چەپەڵ و ترسنۆک و تیرۆرست دەستڕێژی تەقەی لە ماڵەکەم کردوە بەهۆی ئەوەی من وخانەوادەکەم لە ماڵ نەبوین تەنها زیان بە ماڵەکەم کەوتووە. کە سەرجەم زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کارە ساختەیەی ناوبراو بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی بووە.

بوختان و داواکارییەکانی قایممەقامی چۆمان، هەمان بوختان و داواکارییانەن کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی دووپاتی کردوونەوە و داوای کردوون،

قسەکانی لوقمان، لەمەڕ تۆپباران کرانی ناوچەکە بە هۆی هەبوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم دەڤەرە لە کاتێکدایە کە بەر لە چوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو ناوچەیەش، ناوچەکە دەیان جار لەلایەن ئێران و تورکیەوە تۆپباران کراون و تەنانەت بە فڕۆکەش هێرشیان کراوەتە سەر و چەندین کەسیش لە هاووڵاتیانی کوردستانی باشوور، بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت