ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران له هەمبەر چارەنووسی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕوو بە ناوەندە جیهانییەکان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

0
814

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە پێنج حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) پێکهاتووە، ڕووبە ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە جیهانییەکان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی کورد: لە بەشێک لە بانگەوازەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا هاتووە: “ئێمە لە هەموو ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داواکارین بە دەنگ هاواری بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی و بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێن، داوای بەپەلەیان لێ دەکەین بە مەحکووم کردنی پەسندکردنەوەی حوکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی و گوشارهێنان بۆ سەر ڕژیمی ئێران لەو پیوەندییەدا، پێش بە مەترسیی سێدارەی ئەو لاوە کوردە تێکۆشەرە بگرن”.

لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراوانەیان کردە کە لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی ڕامین حوسێن‌پەناهی و هەموو بەندکراوانی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بێ ماندووبوون چالاکییان دەکەن.

هاوکات، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، سێزدە ڕێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤیی کورد، ئەحوازی، ئازەری و بەلووچ، لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا، سەپاندنی سزای سێدارە بۆ سەر ڕامین حوسێن پەناهی، چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵە ـیان مەحکووم کرد.

دەقی بانگەوازەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەم شێوەی خوارەوەیە:

“بانگەواز: ڕێگە مەدەن ڕێژیمی ئێران گیانی بەندییەکی سیاسیی دیکە بستێنێ!

حەوتووی رابردوو، “دیوانی بەرزی وڵات” حوکمی زاڵمانە و ناڕەوای ئێعدام لە بارەی بەندی سیاسیی کورد رامین حوسێن پەناهیی پەسەند کردەوە.

حوکمی ئێعدامی رامین حوسین پەناهی یەکەم جار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، لە لایەن بە ناو “دادگای شۆرش” لە شاری سنه، بە سەر ئەو بەندییە سیاسییە کوردەدا سەپێندرا. ئەوحوكمە لە كاتێك‌دا بە سەر ڕامین‌دا سەپێندرا کە ناوبراو تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و پێکهاتنی پەروەندەکەی بە برینداری و لە ژیر ئازار و ئەشکەنجەدا تێپەڕ کردبوو. ئەو بەناو دادگایەش کە بۆ موحاکەمە کردنی ئەو پێک هاتبوو، تەنیا یەک جار کۆ بۆوە! هەر ئەو کات دەرکردنی حوکمی زاڵمانەی ئێعدام بۆ رامین حوسێن پەناهی بووە هۆی سەرسوڕمانی وەکیلەکەی، حوسێن ئەحمەدی نیازو سەرجەم ناوەندەکان و چالاکانی بەرگری لە دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران‌دا.

پەسندکرانەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە کوردە لە لایەن “دیوانی بەرزی وڵات” نیشاندەری ئەو راستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران و بە تایبەتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان، بۆ چاوترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، هەر وا کە لە کوشتنی خۆپێشاندەرەکان لە ژێر ئەشکەنجە دا دەستی نەپاراستوە، دەیەوێ لە ئیعدامی بەندییە سیاسییەکانیش دەست نەپارێزێ.

ئێمە لە هەموو ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داواکارین بە دەنگ هاواری بنەماڵەی رامین حوسێن پەناهی و بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێن. داوای بەپەلەیان لێ دەکەین بە مەحکووم کردنی پەسندکردنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی و گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لەو پیوەندییەدا، پێش بە مەترسیی ئێعدامی ئەو لاوە کوردە تێکۆشەرە بگرن. هەر لەو کاتەدا داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە سەرنج و بایەخێکی تایبەتی بە چارەنووسی ئەو گیراوانە بدەن کە بە دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوولە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خوزستان، تاران و شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران گیراون و لە گەڵ مەترسیی مردن لە ژێر ئەشکەنجە و چارەنووسێکی نادیار بەرەوڕوون.

هەر لەم دەرفەتەش کەلک وەردەگرین بۆ راگەیاندنی سپاس و پێزانینی خۆمان هەمبەر هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پارێزەرە بوێرەکان ، چالاکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و میدیاکارانی ئازادیخوازلە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات کە لە پێوەندی لە گەڵ چارەنووسی رامین حوسێن پەناهی و گیراوانی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، بێ ماندووبوون چالاکی دەکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

(پێکهاتوو لە:

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستان)

٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧

١٣/٤/٢٠١٨”

جێگای ئاماژەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ۱۲ ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی نەتەوەکانی ئێرانی لە ڕاگێیندراوەیەکی هاوبەشدا، بانگەوازێکی هاوشێوەیان بڵاو کردەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.