حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرپەرچی سیناریۆی ئەم دواییانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی داوە

0
1254

ڕۆژی کورد: لە ماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمێکی ساختە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە تیرۆری چەند کەسی بە وتەی ئەوان بێ تاوان، تۆمەتبار کردبوو و لە فیلمەکەدا وای دەنواند کە لای ئینتێرپۆل سکاڵای لەسەر بەرپرسانی ئەو حیزبە تۆمار کردووە.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کورستان، لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە ئەو چەواشەکارییەی کۆماری ئیسلامی لەقاو داوە و بیروڕای گشتی لێ ئاگادار کردۆتەوە.

ناوەندی ڕۆژی کورد پێشتر لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتێک و دانی چەندین بەڵگە، ئەو پیلانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەقاو دابوو.

دەقی ڕاگەیێندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان:

خەزەڵوەری پاییزی ١٣٩٥، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نوسخەی تەواوی فیلمێکی بە ڕواڵەت دۆکیۆمێنتیی خۆی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای شەبەکەی “پرێس تی ڤی”‌و ڕاگەیەنەکانی دیکەی بەستراوە بە خۆی بڵاو کردەوە. بابەتی سەرەکیی ئەو بە ناو بەڵگەنامەیە، کوژرانی مۆرەیەکی ناسراوی ڕێژیم لە دێی “گامێشگۆلی” بە ناوی “هاشم زەیناڵی”‌و تاوانبار کردنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی ناوبراوە. ئەو مۆرەیەی سەربەڕێژیم ، خەرمانانی ١٣٩٣ لە نزیک گامێشگۆلی کوژرا و، هەر ئەو کاتیش هەواڵی کوژرانەکەی لە ڕاگەیەنە کوردییەکان‌ بڵاو بۆوە.

بوونی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی ئەو گوندە لە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا لە لایەک و، بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو کەسە لە تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، دەبن بە هاندەرێک بۆ ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعات بکەوێتە بیری دروستکردنی موستەنەدێک لە دژی ئەو حیزبە لە ژێر ناوی” دیموکراتی تیرۆریست”دا! ئامانجی سناریۆساز‌و سناریۆنووس کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەیە بە هۆی تاوانبارکردنی چەند لاوێکی پێشمەرگەی خەڵکی گامێشگۆلی بە داڕشتنی نەخشەی کوشتنی هاشم زەیناڵی، هەم کێشە‌و دووبەرەکی بخەنە نێو خەڵکی ئاواییەکە و لەم ڕێگایەوە جێ پێیەک بۆ خۆیان‌و ڕێژیمەکەیان لە نێو خەڵکی ئەو گوندە دا بدۆزنەوە، هەم حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریست بناسێنن. بەڵام چونکە هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆیان بە دەستەوە نیە تا ئەم تاوانبارکردنەی پێ بسەلمێنن، بە ناچار چەند لاوێکی خەڵکی گامێشگۆلییان گرتوە‌و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی چەندین مانگیدا مەجبووریان کردوون، دان بەو ئیددیعایانە‌دا بنێن کە سناریۆنووسان‌و ئەشکەنجەگەرانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆیان دیاریی کردوون.

ئامادەکارانی ئەو بە ناو فیلمە دۆکیۆمێنتییە، ئەوەندەشیان دڵ بە ساختەکاری‌‌و درۆ‌و دەلەسە تێکخستنەوەی خۆیان خۆشە کە بە شایانی ئەوەیان زانیوە تێهەڵکێشی زمانی ئینگلیزیی بکەن‌و بە خەیاڵی خۆیان بیخەنە بەر سەرنجی “ئەنترپۆل”(پۆلیسی نێودەوڵەتی)‌و، لە کۆڕ‌و کۆمەڵی نیودەوڵەتی‌دا، وەک بەڵگەی تیرۆریستبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کاری بێنن!! ئەوە لە حاڵێک دایە کە هەر فیلمەکە بۆ خۆی دەری دەخا کە گیراوەکان لە ژێر ئازار‌و ئەشکەنجەو‌ کەشوهەوای هەڕەشەو ترساندن‌دا، قسەیان پێ دەکرێ. ئەو درۆ‌و ئیددیعایانەی کە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای ئەو بەناو فیلمە بەڵگەنامەییە هێناونیە گۆڕێ، وەدرۆخستنەوەیان زۆر هاسانە‌و بەڵگەی حاشالێنەکراو بۆ ڕەتکردنەوەیان هەیە. بۆ وێنە حیزبی دیموکراتی کوردستان دەتوانێ بیسەلمێنێ دوو کەس لەوانەی لە فیلمەکەدا وەک کەسی بەشدار لە کوشتنەکە‌دا ناویان هاتوە، نەک هەرلە کاتی کوژرانی هاشم زەیناڵی دا، لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون بەڵکوو هەر لەنێو خاکی ئێرانیش دا نەبوون. کادرێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کە موستەنەدی وەزارەتی ئیتلاعات وەک ئەڵقەی سەرەکیی نێوان کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و گیراوانی تاوانبارکراو بە کوشتنی “هاشم زەیناڵی” ناوی دەبا، نە ئەو کات‌و نە دواتر هیچ کار‌و بەرپرسایەتییەکی لەو کۆمیسیۆنەدا نەبووە بەڵکوو کادری ڕاگەیاندنی حیزب بووە. تەنیا دەلیلی موستەنەدسازەکان بۆ ناوهێنانی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ئەو ڕووداوەدا، ئەوەیە کە هەر دوویان خەڵکی گامێشگۆلین‌و ئەو کات، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا بوون.

ئیددیعایەکی دیکە کە موستەنەدسازەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە یارمەتیی ئەشکەنجە‌و هەڕەشە لە زمانی گیراوەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە ئەوەیە کە گوایە حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ لە نێوبردنی هاشم زەیناڵی ئامادە بووە چەندین میلیۆن تمەن بەو کۆمەڵە کەسە بدا کە کوشتنی ناوبراو ئەنجام دەدەن! ئەم ئیددیعایە زۆر لەوە بێ‌بنەماترە کە تەنانەت شایانی ڕەتکردنەوەش بێ. چونکە نە ئەو مۆرە لە کارکەوتووەی ئیدارەی ئیتلاعات‌ بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو نرخ‌و گرنگیەی هەبووە، نە سامان‌و دارایی ئەو حیزبە ئەوەندە زۆر‌و بەلاشە کە بۆ ئەم جۆرە شتانەی بە کار بێنێ.

وەک ئاماژەمان پێ دا، وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای ئەو جۆرە فیلمە بە ناو موستەنەدانە بە دوای دوو ئامانجەوەیە. ئامانجی یەکەمی ئەوەیە گێچەڵ بەو بنەماڵانە بفرۆشێ کە کەسانێکیان لە ڕیزی تێکۆشەران‌و ئەندامانی حیزبی دیموکرات دان‌و لە گەڵ ئەو بنەمالانەی یەکێکیان سەبارەت بە ڕابردووی هاوکاری لە گەڵ دام‌و دەزگای جاسووسیی ڕێژیم لێ کوژراوە، لە بەرامبەر یەکیان دا رابگرێ‌و، لەم نێوەش دا نیاز‌و بەرنامەکانی خۆی بباتە پێش. تەنانەت – وەک لە پێشووش‌دا زۆر نموونەی وا هەبووە- دوور نیە هەر بۆ خۆیان لە سیناریۆیەکی سیاسی‌و ئەمنیەتی‌دا مۆرەیەکی سووتاو‌و لە کەلک کەوتووی خۆیان لە نێو بردبێ‌‌و بە ئەستۆی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان دابڕیبێ. دووهەم ئامانجیشیان ئەوەیە، ڕوخسار‌و ئیعتیباری حیزبی دیموکراتی کوردستان هەم لە نێوخۆی وڵات، هەم لە کۆڕ‌و کۆمەڵی نێودەوڵەتی‌دا بشێوێنن‌و ببەنە ژێر پرسیار. ئەویش لە هەلومەرجێک دا کە ئەو حیزبە زیاتر لە هەموو کاتێک تەئکیدی لە سەر پێویستیی وەڕێخستنی خەباتی هێمنانە‌و مەدەنی لە لایەن خەڵکەوە لە نێوخۆی وڵات دا کردوەتەوە‌و پشتیوانیی لێ کردوە.

دیارە هەر وەک لە نێوخۆی ئێران‌و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، خەڵک نێوەرۆکی جینایەتکارانەو دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە‌و باوەڕ بەم جۆرە ساختەکاری‌و سیناریۆیانەی ناکەن، لە نێو کۆڕ‌‌و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش‌دا، کۆماری ئیسلامی پەروەندەیەکی ئەوەندە خاوێنی نیە. لەمێژە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، تێرۆریستبوونی ئەو ڕێژیمە‌و دەستهەبوونی پلەبەرزترین ڕێبەران‌و کاربەدەستانی ل ئەنجامدانی تیرۆرو تاوان‌و جینایەت دژی هاونیشتمانانی خۆیان‌دا، سەلمێندراوە. وەزیرو کاربەدەستە پایەبەرزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات‌و فەرماندەرانی سوپای پاسداران‌و سوپای قودس، لە جیاتی خۆماندوو کردنی بێسوودیان بە ناساندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی تیرۆریست، با مشوورێک لە حاڵی خۆیان بخۆن کە بە بۆنەی پێشینەی دەیان‌و سەدان ئینسانکوژی‌و تاوانی تیرۆریستی لە نێوخۆ‌و دەرەوەی وڵات، لە لایەن دادگا‌و ناوەندە قەزاییەکانی وڵاتانی جیهان، داواکراون‌و لە ژێر تەعقیب دان. با لە بیریشیان نەچێتەوە کە یەک لە تاوانە سەلمێنراوەکانیان، تیرۆری ڕیبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێتەختەکانی ئورووپایە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر چەشنە دەست تێدابوونی دامەزراوەکان‌و تێکۆشەرانی خۆی لە کوشتنی هاشم زەیناڵی‌دا، ڕەت دەکاتەوە. هەر لەو کاتە‌دا گرتن‌و ئازار‌و ئەشکەنجەی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی گامێشگۆلی‌و ئێعتراف وەرگرتنی زۆرەملی لەوان بۆ ئەوەی کوشتنەکە بخەنە ئەستۆی خۆیان‌و حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە توندی مەحکووم دەکا. حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەو حوکم و سزایانەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، کە لە سەر بناغەی دانپێدانانی زۆرە ملی‌و لە ژێر ئازار‌و ئەشکەنجە دا، بە سەرگیراوەکانی دا سەپاندوون بە ناڕەواو زاڵمانە‌و بێ ئیعتیبار دەزانێ. جێی خۆیەتی کەسوکاری کوژراوەکە‌و دانیشتوانی ناوچەکەش لە نیاز‌و مەبەستە شوومەکانی وەزارەتی ئیتلاعات‌و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دیکەی ڕێژیم غافڵ نەبن‌و بە وشیاریی خۆیان پووچەڵیان بکەنەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢ی ڕەشەمەی١٣٩٥

٢٠ی فێورییەی ٢٠١٧

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت