حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند نوێنەرێکی پ.ک.ک کۆبوونەوە

0
1217

ڕۆژی کورد: ڕۆژی چوارشەممە 8ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی پلەبەرزی سەربازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ چەند نوێنەرێکی کەجەکە کۆبوونەوە،

بەشێک لە چالاکانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەو هەیئەتەی کەجەکە، هیچ چەشنە هێزێکی بڕیاردانیان نیە و زیاتر بە مەبەستی بێدەنگ کردنی حدکا لە هەمبەر داگیرکردنی مەقەرەکانیان لەلایەن پەکەکەوە هاتوون بۆ ئەو سەردانە و نایانهەوێ جارێکی تر ڕای گشتیی ڕۆژهەڵات بە دژی خۆیان بورووژێننەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە مەقەرەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی بە دەرهێنەری و ڕاهێنەریی یەکێتیی نیشتمانیەیوە ئاگریان تێبەردرا، ئێستا لەلایەن گریلاکانی پەکەکەوە داگیر کراون و ڕاشیانگەیاندووە، ئامادە نین ئەو مەقەرانە چۆڵ بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی هەیئەتێکی کەجەکە بە سەرپەرەستیی “سەرحەت وارتوو” وتەبێژی پەکەکە و ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی دیپلۆماسی پەکەکە، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزب بەسەرپەرەستیی “محەممەد نەزیف قادری” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، لە دانیشتنێکی دۆستانەدا محەممەد نەزیف قادری لێکدانەوەیەکی سیاسی لەسەر ڕەوشی سیاسیی و داکشانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆڵی نێگەتیڤی لە ناوچەکە و هەوڵدانی بۆ ئاژاوەسازکردن و هەروەها بەهێزکردنی گرووپ و لایەنە توندڕەوەکانی ناوچە بۆ مەبەستی تایبەتی باس کرد.

کۆبوونەوەی سوپاسالاری کۆماری ئیسلامی و تورکیا و هەوڵی هاوبەشی دوو لایەنە بۆ سەر کورد تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەی نێوان پەکەکە و حیزبی دێموکرات بوو.

لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە، دواتر سەرحەت وارتۆو وێڕای تەئیدی لێکدانەوە و ڕوانینەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر کۆدەنگی زیاتر و بەهێزبوونی کورد لە هەردوو بەش ڕوانگەی پەکەکەی باس کرد و ڕایگەیاند ئەو مەترسیانەی لە ئارادان نابێ بە کەم بگێرێ. لەو دانیشتنەدا چەندین پرسی پێوەندیدار بەهەردوولا کەوتە بەرباس و تەئید لەسەر پێوەندی پتەو و دۆستانەی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە کرایەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت