ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەرین بە مەبەستی مەحکووم کردنی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و کردەوەی تیرۆریستیی شەوی چلەی ئەمساڵ لەبەردەم قەڵای دێموکرات لە کۆیە، بە بەشداریی بەرچاوی چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کورد لە کوردستانی باشوور، بەڕێوەچوو.
ئەو ڕێپێوانە بە دروشمی “پەلاماردانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە شەرمەزار دەکەین” لە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر داوای چالاکانی مەدەنیی کورد لە کوردستانی باشوور، پێکهات.
ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سەرەڕای بارینی باران و ساردیی کەش و هەوا، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە بەشدارییەکی بەرچاوی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، بەڕێوە چوو.
پێویست بە ئاماژەیە کە کەمپەینی کورد، وەک کەمپەینێکی سەربەخۆی کورد، لە ڕێگای بانگەوازییەکەوە، داوای لە سەرجەم کوردستانیانی تاراوگە کردووە لە ڕێگای ڕێپیوان و کۆبوونەوەی ناڕزایەتی لە وڵاتەکانیان، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ژێر دروشمی #نا_بۆ_تیرۆریزمی_ناودەوڵەتی دەرببڕن.