تورکیە، پەیکەری سەیدا ئەحمەدێ خانی ڕووخاند

0
956

ڕۆژی کورد: ڕژیمی تورکیە لە درێژەی ئیسلامیزاسیۆنی تورکیە و سڕینەوەی ئاسەواری کوردستانی بوون لە کوردستانی باکوور، پەیکەری سەیدا ئەحمەدی خانی، شاعیری مەزنی کوردی لە شاری ئاگری لە کوردستانی باکوور، ڕووخاند.

پەیکەرى ئەحمەدى خانى لە پارکى ئەحمەدى خانى لە شارى بازید داندرابوو.

پەیکەری سەیدا ئەحمەدی خانی، یەکێک لە ئاسەوارە دێرینەکانی شاری ئاگری و کوردە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٧ـەی زایینی.

ئاژانسى هەواڵى میدیایى دیجلە لەمبارەوە بڵاویکردەوە، لە دواى ئەوەى حکومەتى تورکیا هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپەى لەسەر کارەکانیان لابرد و زیندانیکردن، قەیومى لە شوێنەکانیان دانا. یەکێک لەو قەیومانە ئۆڵاش ئاکهانە کە بۆ بەڕێوەبەردنى شارەوانیى بازید لە پارێزگاى ئاگریى باکوورى کوردستان دانراوە. ئەو قەیومانەش بەشێک لەکارەکانیان ڕووخاندنی هێما و ڕەمزەکانى کوردە.

ئەم بڕیارە ڕێکەوتی ٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٧لەلایەن ئولاش ئاکهان، بەرپرسی شاری ئاگرێ دەرکراوە.

ئەوە  هەشتەمین پەیکەر و مۆنۆمێنتى کوردە کە لە کوردستانی باکوور  لە ماوەى ساڵ و نیوى ڕابردوودا لەلایەن ڕژیمی تورکیەوە ڕووخێندراون.

هەورەها پەیکەرى لاماسوس لە شارى ئامەد، ئۆرهان دۆغان لە جزیرە، مۆنۆمێنتى ڕۆبۆسکى لە پەیاس، مۆنۆمێنتى مەروانى لە یەنیشەهیر و پەیکەرى ئەحمەد عارف لەلایەن قەیومەکانى حکومەتى تورکیاوە ڕووخێنراون، یان لابراون.

ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کوردە.

ئەحمەدی خانی لە یەکەم کەسانێک دادەنن کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی. بەناوبانگترین بەرھەمی کتێبی شیعری مەم و زینە کە چیرۆکێکی دڵدارانە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٦٩٢ بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت