بۆچی پاکستان دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟

0
1312
عومەر ئیزەدخا

پێتان سەیرنەبێت کە وڵاتێکی وەک پاکستان کە هیچ سنوورێکی لەگەڵ خاکی هیچ کام لە پارچەکانی کوردستان نیە و هەروەها بێ هەبوونی هیچ پەیوەندی و بەریەکەوتنێکی سیاسی و ئابووری و هتد، ئاوا ئەو وڵاتە لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیاوە وا بە تەنگەتاوی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامەکانی گشتپرسیی باشووری کوردستان ڕادەگەیەنێت .

لە ڕاستیدا ئەوەی بەو شێوەیە پاڵ بە حکومەتی پاکستانەوە دەنێ کە دژایەتیی خۆی بۆ پرسێکی ئاوا دەرببڕێت، کە پرسێکە پەیوەندی هەیە بە مافی گەلێکی بێ دەوڵەت کە بەپێی جاڕنامە و پرنسیپە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، هەر گەلێک مافی بڕیاردان لەمەڕ چارەنوسی خۆی هەیە و ڕاپرسی بۆ چارەنوسی گەلێک، ئەوپەڕی پرەنسیپێکی دێموکراسیە و تەریبە بە ڕێڕەوێکی ژیاری و ئارەستەیەکی مرۆیی، ئەو پرسەی کە پەیوەندی هەیە بە چارەنووسی گەلێکی زۆرلێکراو کە سەدان ساڵە بۆ بەدەستهێنانەوە سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی خەبات دەکات، ئەوا بریتیە لە ئەقڵیەتی شۆڤێنیزمی-دیکتاتۆری-تۆتالیتاری گرووپی دەسەڵاتداری و ڕژیمی پاکستانی، کە ئەوەش لە کۆی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی حکومەتی پاکستانیدا بەرجەستە بووە.

شۆڤێنیزمی ڕژیمی پاکستانی دەگەڕێتەوە بۆ لەبن پێنانی ماف و ئازادیی پێکهاتە جۆربەجۆرەکانی لە نەتەوە و ئاینیەکان. پاکستان وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و دیارترین کێشەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لەوبارەوە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بەناوبانگی (مافی چارەی بەلووچەکان) کە بەلووچەکان نەتەوەیەکن بەپێی سەرچاوە مێژوویەکانیش پەیوەندیی دۆستانە و برایانەی توندوتۆڵیان بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ کورد بووە ، لەلایەکی ترەوە کە هەڵکەوتەی خاکی بەلووچ کە دابەشکراون بەسەر وڵاتانی (ئێران ، پاکستان ، ئەفغانستان و هتد.) وایکردووە چارەنوسی بەلووچ لە ئیراندا ببێتە پرسێک کە پەیوەست بێت بە پرسی کورد لە ئێران “چارەنوسێک پێکیەوە گرێ داون”، بەشی گەورەی خاکی بەلووچستان لە ئیستادا دەکەوێتە ناو سنووری وڵاتی پاکستانەوە، هەرچەند بەلووچەکانی پاکستان لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵیی پاکستانیدا خاوەنی حکومەتی هەرێمی خۆیانن، بەڵام لەو حاڵەشدا دژایەتیەکی گەورەی ڕژیمی پاکستان بۆ ئەو هەرێمە هەیە، لێرەدا دەتوانین وەک وەبیرهێنانەوەیەک ئاماژە بەوەی بدەین کە لەو ساڵانەی دواییدا کێشە و پێکدادان لەنێوان گەلی بەلووچ و حکومەتی فیدڕاڵیی پاکستاندا هەبووە “به‌لوچه‌کانی پاکستان له‌ ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٧ بزاوتێکیان دەست پێکرد که‌ زیاتر له‌ نۆ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا و یەکێکی دیکە لەو سەرهەڵدانە دیارانەی ئەو دواییانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦، کاتێک بەلووچستانی پاکستان به‌ به‌رد و دار، ڕووبه‌ڕووی سوپای پاکستانی بوونەوەوە و ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکی به‌لووچستان یه‌کمجاریان نەبووە‌ بۆ مافه‌کانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی ئەوکاتە دوای کوشتنی سه‌کردەی چەکدارەکانی به‌لوچستان، (نه‌واب ئه‌کبه‌رخانی بوگتی) ته‌مه‌ن ٧٩ ساڵه‌یه ‌، که‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ٢٩/٨/ ٢٠٠٦ له‌ هێرشێکی سوپای پاکستاندا له‌گه‌ڵ ژوماره‌یه‌ک له‌ چەکدارەکان گیانیان له‌ده‌ست دا،  ئه‌کبه‌رخانی، که‌سێکی خوێنده‌وار و ده‌رچووی زانستگای ئۆکسفۆرد بوو له‌ به‌ریتانیا و له‌ په‌نجاکانه‌وه‌ وه‌کوو چالاکڤانێکی سیاسی بۆ مافه‌کانی گه‌لی به‌لوچ تێکۆشاوه ، ماوه‌یه‌ک وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ش بووه‌ به‌ڵام له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦  سه‌رکردایه‌تیی ده‌سته‌یه‌ک چەکداری به‌لووچی به‌ ناوی (سوپای ڕزگاریخوازی به‌لووچ) گرته‌ ده‌ست. یەکێک لە هۆکاری سەرهەڵدانەکان و بن پێ نانی مافی بەلووچەکان بریتیە لە دابەش نەکردنی دادپەروەرانەی داهاتی سەرچاوە سرووشتیەکان بەسەر هاوڵاتیانی بەلووچ کە لە کاتێکدا لە ٤٥% گازی سرووشتیی پاکستان له‌ به‌لووچستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت”، لێرەدا دەتوانین پرسی هەرێمی بەلووچستانی پاکستان لەگەڵ پرسی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کاتێک سەروەت و سامانێکی گەورە لە هەردوو هەرێمەکەدا هەیە و ڕژیمی سەرکوتکار و شۆڤێنیزیمی وڵاتانی عێڕاق و پاکستان سیاسەتێکی نا دادپەروەر و نا مرۆۆیانە پەیرەو دەکەن بەراوردبکەین.

بوونی پرسی بەلووچ لە پاکستان و خواستی ئەو گەلە بۆ دژوەستانەوەی سیاسەتە شۆڤێنیزمەکانی ڕژیمی پاکستانی لەلایەک بەهۆی مەترسیی ئەو کاریگەریییە نەرێنیانەی کە پرسی کورد لە ناوچەکە بۆسەر ڕژیمە شۆڤێنیزمەکان دەیبێت و لەلایەکی دیکەوە بوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و هاوکاری ئامێزانەی نێوان ڕژیمی شۆڤێنیزمی پاکستانی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆمەڵێک بەرژەوەندیی زۆری هاوبەش، پاڵی بە حکومەتی پاکستانی وەناوە تاکو ئەمڕۆ دژایەتیی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ڕابگەیەنێت.

لەو پەراوێزەشدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە بگەڕێینەوە بۆ کێشە و ململانێکانی یەمەن لە ساڵی پار و پێراردا، کە بەشدارنەبوونی کارای پاکستان لە هاوپەیمانیی ئەلحەزم بە سەرۆکایەتی سعودیە دژی حوسییەکان و بزاوتی بەرهەڵستکاری یەمەنی هەرچەند پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و مێژووی لەگەڵ وڵاتی سعودیەدا هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش:

*- بوونی ڕێژەی بەرزی شیعە لەو وڵاتە کە ڕیژەیان زۆرە و نزیکەی %٢٠ لە کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن و کاریگەرن بە بە ئێران .

*- هۆکارێکی تری گرنگ، بریتیە لە پەیوەندییە ئابووریەکانی پاکستان لەگەڵ ئێران و بەتایبەتیش دۆسیەی پەیوەندیدار بە قەیرانی کارەبا لە پاکستان، جگە لەوەش پاکستان بەبڕێک پشت دەبەستێت بە غازی سرووشتیی ئێرانی .

*- بزاوتی ڕزگاریخوازیی بەلووچەکان و چالاکیەکانیان لە هەردوو وڵاتی پاکستان و ئێران .

*-بوونی هاوکاریی سەربازی و هەواڵگری و (هاوکارییان لە دامەکردن بە گروپە تیرۆریستیەکان) .

هەربۆیە دەتوانین بڵێین پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لەنێوان دوو ڕژیمی شۆڤێنیزمی ئیرانی و پاکستانیدا هەیە بەجۆرێک گەورەترین ڕەنگدانەوەی لە ئاستی پەیوەندی و هەڵسوکەوتەکانی ئەو وڵاتانە لە ئاستی دەرەوە هەبووە .

هەروەها پێویستە ببوترێت کە (مەحەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە پێشوازی باڵوێزی پاکستان (نور محەمەد جادمانی) لە وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی ستراتیژی و متمانەپێکراویان هەیە

سەرباری هەموو ئەوانە پێویستە سەرنج بدەینە ئەو ڕێکەوتن و پرۆسە هاوبەشانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و تێیدا هاوکاری یەکتری دەکەن ، لەوانەش ڕێکەوتن و لیژنە هاوبەشەکانی نێوان پاکستان و ئێران :

لیژنەی وەزاری بۆ ئەمنی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەوادی موخەدیر و چالاکی سزایی لەرێگەی سنوورەکان و ڕووبەرووبوونەوەی کۆچی نا یاسایی .

لیژنەی هاوبەش بۆ زەبت و ڕەبتی ئەمنی سنوورەکان لە ئاستێکی بەرزی وەزاری .

لیژنەی هاوبەشی باشترکردنی هاوکاری دوولایەنەی بەرگری .

لیژنەی وەزاری هاوبەشی باشترکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکان .

رێکەوتنی بازرگانی تایبەتی .

کۆمپانیای پاکستانی – ئێرانی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان .

رێکەوتنی ڕۆشنبیری لە نێوان پاکستان و ئێران .

رێکەوتنی هێڵی گواستنەوەی غاز .

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت