ئاوڕێک لە پێویستیی گۆڕانکاری لەناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و خەسارەکانی نەگۆڕانیان

0
1198
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

پراگماتیستەکان (کردەییەکان یان لایەنگرانی کردە)، دروشمێکیان هەیە “هەموو شت دەگۆڕێ تەنیا گۆڕان نەبێ”، کوردیش دەڵێ “ئاویش لە جێگای خۆی بمێنێتەوە بۆگەن دەبێ”، ئەوانە بە واتای پێویستیی بەردەوامیی گۆڕانن، گۆڕان لە تاکەکان، وڵات و سیستەم و حیزب و بنکە و ڕێکخراو و …تادن، ئەو گۆڕان و گۆڕانکارییانەش بەتایبەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا کە سێ تایبەتمەندیی “تەژی لە گومان، لێوڕێژ لە جووڵە و لێوانلێو لە ئاڵوگۆڕی” هەیە و ئاڵوگۆڕەکان چرکەیین، زیاتر لە هەر کات پێویستی هەیە و ئەو پێویستیەش لە ناو کورددا کە لە جیهانی سێیەم یان گەشەنەسەندوودا دەژی و زۆربەی نەریت، شێواز و سیستەمەکانی بە شێوەیەکی کۆن و بۆ سەردەمی پێشوو و بەگوێرەی کاتی خۆی داڕێژراون و بنیات نراون، زیاتر لە هەر نەوە و نەتەوەیەکی تر پێویستن.

دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی کە پێویستە کورد و حیزبەکانی گۆڕانکاری لەخۆیاندا پێکبێنن:

یەکەم: پێویستی و حەوجێی بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ڕێکخراوەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دەرەوەی ڕێکخراوە و حیزبەکاندا پێکهاتوون (لە جیهان، ناوچە و خەڵکی ناوخۆ و سیستەمی دەسەڵاتی داگیرکەر).

دوو: ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو و پێویستیی خۆگونجان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە و ئامادەبوون بۆیان.

پێکهاتەی حیزبە کوردییەکان بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵ لەمەوپێش ساز دراوە، شێوازەکان بۆ سەردەمی ئەو کات بوون و بەپێی ئاستی کۆمەڵگای ئەو کات، شێوەی خەبات، دۆخی جیهان و ناوچە و زۆر فاکتەری تر، ئەو سیستەمانە دامەزراون، سیستەمگەلێک کە چیتر توانایی ڕاکێشانی خەڵکانی ئەوڕۆییان بۆ ناو خۆیان نیە وبازنەیەکی تەنگەبەری سازکردووە کە زیاتر لە ڕاکێشانی کەسانی نوێ، خەریکی ڕەتاندن و پەرتەوازەکردنە و لە جیاتی گرتنەبەری شێوەی ڕێبەریی نوێ، بەرەو شێوازی کۆن، گوندیانی و خێڵەکی و ناوچەیی هەنگاو دەنێت.

بەڵام لێرەدا دوو خاڵی زۆر گرنگی بەرچاوە:

یەک: کێ و چۆن دەیهەوێ ئەو گۆرانکارییانە بکات؟ لێرەدا ناپرسین بۆ، چون هۆکار و “بۆ”ـیەکە لە سەرەو باس کرا کە پێویستییەکی حاشاەڵنەگرە.

دوو: چۆناوچۆن ڕووبەڕووی ئەو خۆڕاگری و دژکردەوانە دەبینەوە کە دێنە ئاراوە؟

هیچ گومانی تێدا نیە کە بەپێی ئەوەی کە هەم سیستەمی پێشوو تاڕادەیەکی زۆر بە دڵی ئەو کەسانەیە کە تێیدا بە پلەیەک گەیشتوون و گۆڕانکاری بە واتای سڕینەوەی هێورهێوری ئەوانە و هەمیش کەسانێک لە گەردوونەی حیزبەکاندان کە بەپێی خوو و عادەت، بەپێی بەرژەوەندی، بە هۆی نەبوونی ئاستی بەرزی زانیاریی ئاکادمیک، ناتوانن ئەو گۆڕانکارییانە هەزم بکەن،  ئەوپەڕی دژکردەوە و کۆسپ سازکردن لە هەمبەر تەنانەت گچکەترین گۆڕانکاریش دێتە ئاراوە، لێرەدا گرنگ شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەن، چون حیزبە کوردییەکان لەمێژە فێرن، هەر کات گۆڕانکارییەکیان بە دڵ نەبوو، ئینشعاب و دابڕان بکەن و ئەوەش خەسارێکی قەرەنەبوو لە کورد لە خۆرهەڵات دەدات بەتایبەتی کە کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی فێرە لەسەر میراتی مێژوویی بژی و ناتوانێ میراتێکی نوێ تۆمار بکات، بۆ نموونە وەک حیزبەکانی باشوور کە یەکیەتی لە پارتی جیا بۆوە و گۆڕان لە یەکیەتی و هەر کامەشیان ڕێچکە و میراتێکی نوێیان بەرهەم هێنا بە بێ ئەوەی کە لەسەر خوانی پێشووی خۆیان بژین کە خۆشیان تێیدا بەشدار و بگرە بەرپرسی سەرەکی بوون.

خاڵێکی تر کە جێگای باسە ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکان هیچ کات بە شێوەی تاقیکردنەوەی نموونەیی نەهاتوونە ئاراوە، واتا نەکراوە لە نموونەیەکی بچووکدا تاقیکارییەکان ئەنجام بدرێن و دواتر بگشتێندرێن، هەر بۆیەش بەو بڕە تێگەیشتنە ئینتزاعیە (تێگەیشتنی ڕووت یان ئابستراکت) کە هەمانە، ناتوانین بێ بینینی گۆڕانکارییەکان، لێیان تێبگەین و هەر بۆیەش وەک ساناترین ڕێکار، دەست دەکەین بە دژایەتی و دژبەری، بەشێکی ئەو کێشەیەکش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی توانایی شیکردنەوەی لایەنگران یان ئەنجامدەرانی گۆڕانکارییەکە کە بۆی هەیە گۆڕانکارییەکە بەوان دیکتە کرابێ نەک ئەوەی کە بەرهەمی خوێندنەوەی خۆیان بێت.

ڕەوتی گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەریی یەک بنکە یان ڕێکخراو ٧ قۆناغە بە شێوەی خوارەوە:

یەک: قۆناغی داڕشتنی شێوەکار و گەڵاڵە

دوو: گۆڕینی بەڵگە و داکیومێنتەکان لە ناوئاخنی ناوەرۆکی ڕێکخراوەکەدا.

سێ: دانانی خشتەی گۆڕانکارییەکان

چوار: پێکهێنان و داڕشتنی پێکهاتە و قەوارە

پێنج: تاقیکردنەوە لە ژینگەیەکی شیاوی چاوەدێری و کۆنترۆڵ

شەش: پەرەپێدانی قەوارەی گۆڕانکاری

حەوت: خستنە ڕووی سەقامگیری و کردە و ئەنجامەکان.

بەوپێیە ئەگەر چاوێک لە جیهان و ناوچە و خودی کۆماری ئیسلامی و ویستی کورد لەلایەک و دۆخی حیزبە کوردییەکان و پێگەیان لەناو خەڵک و جێگەیان لە جیهاندا بکەین، دەبینین کە پێکهاتە و شێوازی حیزبەکان لە خۆرهەڵات لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ وڵامدەرەوەی خەڵکی کورد، ویستی کورد، هێزی ئێران، چاوەڕوانیی جیهان و زۆر پرسی تر بێت، کورد لە خۆرهەڵات بە شێوەی تاک زۆر بەهێزە بەڵام بە شێوەی ڕێکخراو هیچ ئەو هێزەی تێدا بەدی ناکرێت کە بتوانێت لەو گۆڕەپانەدا براوە بێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر نەشیاوبوونی پێکهاتەی ئەو حیزبانە لە ناوخۆیان، لە شێوەی تشکیلاتیان لە ناوخۆ و لە شێوەی بەرێوەبەرییان لە دەرەوەی وڵات، کەواتە گۆڕانکاریی ئەو سیستەمە بەتایبەتی بە گۆڕانکاری لە جیهان و ناوچە و ئەگەری هاتنە ئارای گۆڕانکاریی قووڵتر لە ماوەیەیکی کورتی داهاتوودا، پێویستییەکی مێژووییە کە دەبێ بێتە ئاراوە، ئەگینا نە وڵامدەرەوەی پێویستیی ئێستایە و نە لە داهاتووشدا دەتوانێ لە ناو ڕۆژهەڵاتێکی بەهێزدا، جێگایەکیان بۆ بەدی بکات.

کوردی ڕۆژهەڵات، لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا نەتەنیا نەیتوانیوە پێشڕەو بێت بەڵکوو:

یەک: بۆتە پاشکۆی پارچەکانی تر

دوو: لاوازترین سیستەمی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات هەبووە.

سێ: تەشکیلاتی حیزبەکان لە ناوخۆ گەورەترین خەساری بەرکەوتووە و هیچ کەسیش وڵامدەرەوەی ئەو هەموو گیران و دەستبەسەرکرانی ئەندامەکانیان نیە.

چوار: ناوچەگرایی و یەکتری سڕینەوە و دەرکردن و ڕەتاندن و ناو زڕاندن و کێشەی سێکسی و لێک هەڵوەشانی بنیاتی بنەماڵە و بەرەو ئایینی و نەریتی تر چوونی بنەماڵە و بەتایبەتی ژنان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پێشوو زاڵە.

هیوا دەخوازرێ بە یارمەتیی کەسانی پسپۆڕ لە بواری ڕێکخراو، ڕێکخستن و بەڕێوەبەری، هەم سیستەمێکی چاوەدێری و هەڵسەنگاندنی شیاو لە ناو حیزبەکان زاڵ بێ کە سیستەمێکی سەربەخۆ بێ و هێزی کردەیی هەبێ و هەمیش پێکهاتەی حیزبەکان بەتایبەتی لە ڕووی سیستەمی دەنگدان، ئاڵوگۆڕییەکی جیدی بەسەردابێ.

ئەو گۆڕانکارییانە لە بەشی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبەکان و لە بەشی بەڕێوەبەریی تەشکیلاتی ناوخۆیی حیزبەکان، زیاتر لە هەر بەشێک پێویستە، لە ئەگەر ئاوڕی جیددی نەدانەوە لەو دوو بەشە، هەم تەشکیلاتی ناوخۆیی بە یەکجاری دەمرێ و لەناو دەچێ و هەمیش لە دەرەوە، حیزبە کوردییەکان لە ئێستاشیان نامۆتر دەبن و هەروا لە وشەگەلێکی وەک جامانە و جل خاکی و ….تاد، قەتیس دەمێننەوە کە هەرچەند پیرۆزن بەڵام ویستی کورد لە کوێ و ئەو وتە و دروشمانە لە کوێ؟؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت